بەش و هەموو تەقینەوەکەی بەغدا

  26/01/2021  |    678 جار خوێندراوەتەوە

کاتێ لە پرسێکی ئینسانییدا، ڕقی قەومی و حساباتی سیاسیی دێتە گۆڕێ، ئیتر ئەوە سیاسەت خۆی نیەو تەزویرەکەیەتی. چونکە "سیاسەت خۆی" شتێکی جیانیە لە پرسە ئەخلاقییەکان. بەڵکو هەوڵێکە، بۆ زیاتر ئەخلاقییبوونی کایەی گشتی. ئیتر ئەوەش ئینسان خۆی نیەو شەبیهەکەیەتی. چونکە ئینسان، بە ئینسانیەتەکەی ئینسانە، نەك بە دیکۆرەکەی .

سیاسەتی ڕاستەقینە شتێکە بەناو ئەخلاق و بەناو ئینساندا ئەڕوات، نەكئەوەی شتێکبێ لە دەرەوەی ئەخلاق و لە پشتی ئینسانەوە .

مامە بایدنی خۆمان

هیواهەڵچنینێکی زیادەو بێتام، لەسەر هەر شتێکی دەرەوە، جگە لەوەی وەهمە، بەرهەمهێنانی نائومێدییشە. وەهمە چونکە فاکتەری دەرەکیی کاتێ گرنگە، کە دیوارێکبێت، بێتە سەر بناغەیەکی ناوخۆ. نەكئەوەی بە هیواهەڵچنین لەسەر دیوارەکە، خۆت لە دانانی بناغەکە بدزیتەوە. کاتێ کە بناغەکەت نیە، ئیتر دیوارەکە نایەت، یان ئەگەر بشیەت، تڕەکەڵەکەو ئەڕوخێت و ئەبێتەوە بە نائومێدی. بناغەکەش تەنیا لەناوەوەو لە ئیرادەی خۆماڵییەوە دائەنرێ، نەك لە چاولەدەسیی و چاوەڕوانیی فریادڕەسی دەرەکییەوە .

کۆڵەواریی

جا ئەو عەقڵەی کە دڵی بە کوژرانی خەڵکی بێتاوانی عەرەب خۆشەو ئەو عەقڵەشی کە بەتەمایە بایدن بارەکەی بۆ ڕاستبکاتەوە، هەردوکی هەمان عەقڵە، لەوێدا کە چاو لەدەرەو خۆسەنتەرنیە .

عەقڵێكیان بوونی خۆی، لە نەبوونی ئەودا ئەبینێتەوە، کە ئەمە یەکسانبوونەوەیە بە دوژمن. ئێ دوژمن، بوونی خۆی لە نەبوونی ئێمەدا ئەبینییەوە، بۆیە جینۆسایدی ئەکردین. عەقڵێکیشیان هەمیشە چاوەڕێ ی ئەوێكە، بێت ئەوەمان بۆ بکات کە خۆمان نایکەین !

لەڕاستیدا بوونی ئێمە، تەنیا لەسەر هۆشیاریی خۆمان دائەمەزرێ، نەك لەسەر ماڵوێرانیی ئەوانیتر، یان لەسەر چانس و هەلی  دەرەکیی .

مەڕکوژیی

نیشتمان تەنیا ئەرزەکەی نیە، ئاسمانەکەشیەتی. کۆمەڵگا تەنیا ئینسانەکانی نیە، ئاژەڵ و دارو بەردەکەشیەتی. ئینسان تەنیا بوونە بایلۆژییەکەی نیە، بوونە کولتورییەکەشیەتی. شەرواڵەکەی ڕۆژهەڵات و مەڕەکانی بناری قەندیل و زەیتوونەکانی عەفرین، لەدەرەوەی بوونی ئێمەدا نیە. بەڵکو بەشێکە لە بوونی نەتەوەییمان و لەوێشەوە لێمان ئەدرێ. بەرگرییش ئەوەنیە کە ئێمەش بچین مەڕەکانی ئەوان بکوژین و زەیتوونەکانیان بسوتێنین و گاڵتە بە جلەکانیان بکەین.. بەرگری ئەوەیە کە، بوونی ئینسانی و نەتەوەیی خۆت بناسیت و نەبیتە بەشێك لە مەشروعی "لێدان لە بوونی خۆت ".

شۆڕشی چەکداریی

بەکوشتدانی ئینسان و ئاژەڵ و دارو درەخت.. کاولکردنی ماڵ و گوندو شاری خۆت.. چەتەیی و برابەشیی لەگەڵ خەڵکی گوندەکان و دانانی گومرگ.. کردنی شەڕێکی دوژمن و لەپاڵیا چوار شەڕی براکوژی.. گرێدانی کۆمەڵێك پەیوەندی ژێربەژێری ناچاریی و هەنێجاریش خۆویست.. خۆسەپێنێ و گۆڕینی ستەمکاریی بێگانە بە ستەمکاریی خۆماڵیی.. هەموو ئەمانەش لەپشتی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و شیعرو شانامەو دروستکردنی دنیایەك بت و موقەدەس و خەتی سورەوە ..

جا ئەگەر بە سەدەیەك تێنەگەیشتبیت لەوەی، کە شۆڕش هەر ئەوەیە. تازە بە سەدەیەکی تریش تێناگەیت !

پرسیارێکی پێویست

ئەوپەڕی بێئەخلاقییە بە هێزێکی شۆڕشگێڕ بوترێ تیرۆرست و نوقتە. بەڵام ئەی شۆڕش خۆی چیە؟ بۆ مەگەر دیوێکی نادیاری  شۆڕش (کە لەڕاستیدا دیاریشە، ئەگەر تۆزێ لە کەشی عاتفیی و حەماسیی دووورکەوەینەوەو بەچاوی ڕەخنەیی لێ ی بڕوانین) هەر ئەوە نیە کە باسمان کرد؟ دەی ناکرێ تۆ دژی قەتڵوعامی مەڕەکان بیت و هەواداری شۆڕشیش بیت. چونکە شۆڕش، ڕێك یەعنی دووبارەبوونەوەو بەردەوامبوونی ئەوە دیمەنانە !

شۆڕشێك بەسەر شۆڕشدا

لەبری ئەو هەموو شەڕو شۆڕەی شاخ و ئەو هەموو هوڵچوون و دەنگەدەنگەی ڕادیۆکەی.. ئەگەر تەنیا تەنزیماتێکی سەقافی و پەروەردەیەکی نیشتمانیی و پەیامێکی ناحەماسی و ئاراممان هەبووایە،، ئەوکات لەڕاپەڕیندا بە تاڵانیی دەستت پێنەئەکردو مرۆڤێكی هۆشیاری نیشتمانییت هەبوو، کە ئامادەبوو بۆ قۆستنەوەی هەلەکەو بۆ بیناکردنی داهاتوو.. لەبەردەم مەترسییەکانیشدا باشتر خۆی ڕائەگرت و هەڵاتن و کڕوزانەوە نەئەبوو بە پیشەی.. ئێستاش نەچووە بچێ، (لە باشورو ڕۆژئاوا، یەکخستن و بە نیشتمانیکردنی هێزەکان. لە باکورو ڕۆژهەڵاتیش فڕێدانی چەك و کۆتاییهێنان بەو شتەی کە ناوی شۆڕشەو لەڕاستیدا مەکینەی بەکوشتدان و کاولکارییە.) کە بۆ ئێمە، ئەوە خودی شۆڕشێکە !

ناڕەزایی بەتاڵ

ئەو سیاسەت و دەزگاو دەسەڵاتەی کە ناتوانێ داکۆکیی لە زەوی و ئاسمان و ئینسان و ئاژەڵ و مۆسیقاکەت بکاو خۆشی هاوشانی دوژمن، خەتەرێکی تربێ لەسەر ئەوانە.. ئیتر ئێمە ڕێگایەکمان نیە جگە لە ناڕازییبوون و ئەوەش ئەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقیی. بەڵام ناڕازییبوون هەڵوێستێکە لە هۆشیارییەوە، نەك لە ڕقەوە. "ناڕەزایی ڕقاویی" نەبوونی باشترە لە بوونی. چونکە ئەوەی کە هەیە، خۆی سیاسەتێکی ناتەندروستی ڕقاوییەو لەسەر ڕق وەستاوە. تۆش بە ڕقەبەرایەتی، ڕقێکی تری بۆ ئیزافە ئەکەیت و خراپتری ئەکەیت .

سیاسەتی ئێمە خۆی کوتلەیەکە لە عوقدەی شەخسی و دەمارگیریی و ڕقی ئایدۆلۆژیی.. هۆشیارییش یەعنی تۆزێ سەرتری ئەوانە، نەك دژەهێرش و ڕقی پێچەوانە !

تەوەکول

لەڕاستیدا "تەوەکول بەخودا" ڕێك یەعنی پشتبەستن بەخۆت. یەعنی دەس لە دەس و قوەت لەخوا، قۆڵی لێهەڵماڵیت و ئەرك و بەرپرسیارێتییەکەی خۆت ڕاپەڕێنی. جا کاتێ کە ئەم تەوەکولە ڕاستەقینەیە ناکەیت و پشت بەمو ئەو ئەبەستیت، ئیتر ڕێك ئەبیت بە گاڵتەجاڕو "فیلمی تەوەکول ".

عەقڵییەتی مەخمور

مەخمور ئاوێنەیەکی باشە بۆ بینینی خۆمان. ڕاستەقینەی ئێمە، عەقڵیەتی یەکترسڕینەوەیەو کەس بە بەش ڕازی نابێ و هەمووی هەر "هەموو"ی ئەوێت. خۆ هێزەکان، هەموویان لەوەدا ڕاست ئەکەن کە بەشداربوون. بەڵام هەموویان لەوێدا درۆ ئەکەن کە ئەیانەوێ ئەوانیتر هەڵدەنە دەرەوەی بازنەو بەس خۆیان پاڵەوانی تاقانەبن. حەلی کێشەکەش یەك جوملەی زۆر بەسیتە، بەڵام عەقڵی بچوك پێی ناوترێ. ئەوەی کە (ئێمە هەموومان پێکەوە ئەوەمان کرد .)

حەقیقەت

پارتی و یەکێتی و پەکەکە، ئەگەر پێکەوە لە شەڕێکدا بەشداری بکەن، لای لایەنگرانی هەر یەکەیان، تەنیا حیزبەکەی خۆی پاڵەوانی شەڕەکەیە. لەکاتێکا شتەکە وانیەو شەڕەکە سێ پاڵەوانی تیابووە. ئەمەش فەرقی حەقیقەت خۆیەتی، لەگەڵ حەقیقەتی حیزبی و ئایدۆلۆژیی. ئەوەش فەرقی عەقڵی لایەنگرانی هەرسێکیانە، کە لە ڕاستیدا فەرقێکی نیە !

خولاسە

"عەقڵی منیی" ئەم پەرتیی و شەڕو چەلەحانێیەی لێئەکەوێتەوە کە هەیە. "عەقڵی ئێمەیی" پێچەوانەکەی بەرهەمئەهێنێ و ئێمەش پێویستمان بەوەیە .

سەیرکە

عەقڵی ئێمەیی: نرخاندنی ئەوانی ترو بینینی خۆتە بەقەت خۆت. عەقڵی منیی: پێشێلی ئەوانیترو بینینی خۆتە بەقەت هەموو. ئەمیان عەقڵێکی ئەخلاقییەو ئەویان عەقڵێکی خۆپەرست و بەرژەوەندخواز. ئەمیان فرەیی و دیموکراتەو خۆی لەناو ئەوانیتردا ئەبینێت. ئەویان نادیموکرات و خۆسەپێنەو خۆی لە سڕینەوەو نەبینینی ئەوانیتردا ئەبینێت.. باشترین نمونەش یادی ڕاپەڕین و شەڕی مەخمورە، کە هەر هێزەو یادی بەشەکەی خۆی ئەکاتەوەو یەکسانیشی ئەکات بە هەموو وێنەکە.


زیاتر