"شانازی بە عێراقیبوونەوە دەکەین"

  2020-09-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کورد شانازی بە عێراقی بوونی خۆیەوە دەکات ئەمە دواین لێدوانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لە بەغدای پایتەختی عێراق، لەکاتێکدا پێشتر چەند جارێک سەرۆکی فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەڵام رۆژی چوارشەممە بۆ دیداری ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئێستای فەرەنسا نێچیرڤان بارزانی ڕێگەی بەغدای پایتەختی گرتەبەر.


بەرلەوەی چاوی بە سەرۆکی فەڕەنسا بکەوێت، نێچیرڤان بارزانی بە دەرفەتی زانی زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە، لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان ئەنجام بدات لەنێویاندا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەکە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە "کورد شانازی بە عێراقی بوونی خۆیەوە دەکات و سوورە لەسەر پاراستنی سەقامگیریی و سەروەریی عێراق".

چوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا بۆ بینینی ماکرۆن و لێدوانەکەی لەبارەی ئەوەی "کورد شانازی بە عێراقی بوونەوە دەکات" لەنێو هاوڵاتیان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە چونکە لە ساڵانی پێشوودا سەرکردایەتی کورد، ریفراندۆمی دەکرد و کاری بۆ جیابوونەوە لە عێراق دەکرد، هەروەها سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا لەکاتێکدایە پێشتر دووجار لە ساڵەکانی 2014 و 2017 فرانسۆ هۆلاند سەرۆکی پێشووی فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

هەربۆیە چوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و نەهاتنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ هەولێر وەک لاوازبوونی پێگەی دیبلۆماسی هەرێم خوێندنەوەی بۆ دەکرێت بە تایبەت لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم.

ئەوانەی بە وردی چاودێری دۆخی هەرێم دەکەن و شیکاری واقیعی بۆ لێکەوتەکانی دوای شەڕی داعش و ریفراندۆم دەکەن دەڵێن، هەرێم تەنها کێشەی ناوخۆی نییە کە ناتوانێت موچە بدات و چاکسازی بکات بەڵکو چیتر سەنگ و قورسایی جارانی نەماوە بۆیە ناچارە چیتر بەغدا بکاتە مینبەری بینینی سەرکردەکانی جیهان بەتایبەتی دوای ئەوەی مستەفا کازمی بووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەوڵدەدات دەسەڵاتی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە.

عیرفان قانعی فەرد، مێژوونوسی ئێران و شارەزای کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیوایە، پێگەی هەرێمی کوردستان لە دوای ریفراندۆمەوە زۆر لاواز بووە قانعی فەرد لە واشنتۆنەوە بە تۆری هەواڵی ژیانی وت "لە دوای ریفراندۆم و بانگەشەی بێ بنەما و بەپەلەی دروستکردنی دەوڵەت هەرێمی کوردستان تووشی شکستێکی گەورەی سیاسی بووەتەوە بە جۆرێک ئێستا هێندە لاواز بووە هیچ قورساییەکی نەماوە".

لە زەمەنی شەڕی داعشدا هەریەک لە سەرۆکی فەرەنسا، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، بەریتانیا، روسیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا وچەند وڵاتێکی گەورەی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد ئەوەش چاودێرانی دۆخەکەی هێنابووە ئەو قەناعەتەی کە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی کاریگەرە لە ناوچەکەدا وڵاتانی ناوچەکە و جیهان سۆزیان بۆ مەسەلەی کورد هەبوو کورد بوو بووە دەسەڵاتداری زۆربەی خاکی باشوری کوردستان، بەناوچەکانی جێناکۆکیشەوە، بەڵام وەک دەوترێت تەندروست مامەڵە لەگەڵ پێدراوە سیاسییە نوێیەکاندا نەکرا بۆیە نەتیجەکەی ئەمڕۆ زیاتر دەردەکەوێت.

لەجیاتی ئەوەی قوربانیدانەکان بکرێنە بناغەیەکی پتەو بۆ بەهێزکردنی هەرێم وسەردەمێکی تازە بۆ بەدیهێنانی خەونی سەربەخۆی راستەقینە، بەڵام سەرکردەکانی هەرێم دەچنە بەغدا و شانازی بە عێراقی بوونی خۆیانەوە دەکەن ئەوەش نەک هاوڵاتی یان سەرکردەی حزبێک بەڵکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شەقامدا دەڵێن ئەگەر سەرکردەی حزبێکی دیکە لە بەغدا بیوتایە شانازی بە عێراقی بوونەوە دەکەین پارتی تەپڵی جاشایەتی بۆ دەکوتی و بە دەرچوون لە یەکڕیزی نیشتمانی تۆمەتباری دەکرد.


ڕیکلام