نزیکەی کاتژمێرێکە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی بوردوومانی چەند شوێنێکی سنووری قەزای ئامێدی دەکەن لەپارێزگای دهۆک.
سەرچاوەیەک لە قەزای ئامێدی بەتۆڕی هەواڵی ژیان ی ڕاگەیاند، بوردوومانەکە لە چیای خێرێ و ناوچەی بەرێگارێ و چەند شوێنێکی تری سنووری ناحیەی دێرەلۆک بووە.
سەرچاوەکە وتیشی ماوەی زیاتر لە سێ ڕۆژە لە چیای گارەوە تاوەکو ناحیەکانی دێرەلۆک و چەمانکێ لە ئامێدی و ناحیەی دینارتە و چەند شوێنێکی سنووری قەزای ئاکرێش لەژێر بوردوومانی فرۆکەکانی تورکیادان.
ئەو بۆردومانانە لەکاتێکدایە، سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگی ٢ دا، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستیکرد بە بوردوومانکردنی چیای گارە و شەڕ لە نێوانیان و گەریلاکانی پەکەکدا ڕوویدا.