هەپەگە ئاماری سێ ڕۆژی ڕابردووی شەڕی گارەی بڵاوکردەوە

  2021-02-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئاماری سێ ڕۆژی ڕابردووی شەڕی گارەی نیوان هێزەکانی سوپای تورکیای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تا ئێستا ٣٠ سەربازی تورکیا کوژراون و بەدەیان سەربازی دیکەش بریندار بوون.

ناوەندی چاپەمەنی  و ڕاگەیاندنی هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا لەڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە دەیەوێت هێزی سەربازی لە چیای گارە دابەزێنێت، بەڵام ڕوبەڕووی بەرپەرچی سەخت و بەرگری گەریلاکان بوونەتەوە و شەڕی قورس لە ئارادایە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، یەکەم پێکدادان لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکەدا لە ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگەدا ڕوویداوە و ڕووبەڕووی بەرگری بەهێزی گەریلاکان  بوونەتەوە و پاشەکشەیان پێکراوە، دواتر بە فڕۆکەی جەنگی هەلیکۆپتەر ناوچەکەی بۆردومانکردووە.

هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا سوپای تورکیا چەند جارێک ویستوویەتی لەڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە هێزی تایبەت لەناوچەکە دابەزێنێت، بەڵام بە تووندی بەرپەرچدراونەتەوە و هەوڵەکانیان شکستی پێهێنراوە.

ڕوونیشیکردووە، ئەوانەیش کە دابەزیوون لەئێستادا لەلایەن گەریلاکانەوە گەمارۆ دراون و بەهۆی تاکتکی پێشکەوتوو زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە " ئەو ڕاگەیەنراوانەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویان دەکاتەوە، بە تەواوەتی درۆن و دوورن لە ڕاستییەوە، بە چەواشەکاری هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی دەدەن، هە تائیستا زیاتر لە ٣٠ سەربازی تورکی داگیرکەر لە گارە کوژراون و ژمارەی شەهیدەکانی گەریلاش بەو شێوەیە نییە کە بانگەشەی بۆ دەکرێت و لە ڕۆژانی داهاتوودا ئامارەکان بڵاو دەکەینەوە".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا ئاماژە بەوە کراوە، میدیاکانی شەڕی تایبەتی تورکیا و میدیاکانی نزیکی، هەوڵ دەدەن بە چەواشەکاری، ڕای گشتی هەڵبخڵەتێنن و ڕاستییەکان دەشارنەوە، هەر لە ڕۆژی یەکەمی هێرش بۆ سەر گارەوە کە نەیانتوانی وەکوو دەیانویست ئامانجی خۆیان بەدەست بێنن، ڕێگای دیکەیان گرتە بەر و وێنەی کەسێک بەناوی ئیبراهیم پارم-یان لە میدیاکانیاندا بڵاو کردەوە کە بانگەشەی ئەوەیان بۆ دەکرد کە ئەندامیکی پەکەکە و بەرپرسی لۆجستیک بوە، لە ڕاستییدا ئەو کەسە ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا لە ناو ڕیزەکانی ئێمەدا دوور خراوەتەوە و خۆی ڕادەستی دەوڵەتی تورک کردبوو و ئەم چەواشەکارییەش، لە ڕووی ناچارییەوە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بڵاوی دەکاتەوە.



ڕیکلام