دۆزینەوەی گازی سروشتی چ مانایەكی هەیە بۆ توركیا؟

ئارام ڕەفعەت

نوسەر و مامۆستا لە زانکۆی ئوتارا لە مالیزیا
  22/08/2020  |    732 جار خوێندراوەتەوە
رۆژی هەینی ئەردۆغان مزگێنییە گەورەكەی راگەیاند كە دۆزینەوەی ٣٢٠ ملیار مەتر سێجای گازی سروشتییە لە دەریای رەش.

گەڕان بەدوای موعجیزەدا
ساڵی ٢٠١٨، كاتێك لیرەی توركی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بەرێزژەیەكی بەرچاو دابەزی، ئەردۆغان گوتی "ئەوان دۆلارییان هەیە و ئێمەش خوا". ئەوێ رۆژێ، ئەردۆغان بەدوای موعجیزەیەك دا دەگەڕا، بۆ ئەوەی بەهای لیرەكەی لەهەمبەر دۆلاردا بۆ راستبكاتەوە.

موعجزەكە لە دەریای رەش دەركەوت
ئەمرۆ، لە خراپترین دۆخی لیرەی توركیدا، لانی كەم خراپترین دۆخ لە مێژووی ٢٠ ساڵی رابردووی لیرە دا، موعجیزەكە هاتە دی. ئەردۆغان گوتی "خودا دەروویەكی بەخێری لێكردینەوە" و "گەورەترین بڕی گازی سروشتیمان دۆزیوەتەوە" و بەردەوام دەبین تا گازی سروشتی هەناردە دەكەین. دەرووە بەخێرەكە دۆزینەوەی ٣٥٠ ملیار مەتر سێ جا لە گازی سروشتییە. ئەم گازە لە قووڵی ٣٥٠٠ مەتر لە دەریای رەشدا و لە دووری ١٦٠ كیلۆمەترە لە سەرزەمینی توركیا.

 ئایا ئەو ئەم گازە چی لەوەزعی توركیا دەگۆڕێت؟
ئەگەر لە گوتاری ئەردۆغان و میدیای توركی بڕوانین، ئەم دۆزینەوەیە دەبێتە هۆی دەستپێكردنی رۆژگارێكی تازە بۆ ئابوری توركیا. توركیا نەك هەر چیتر گازی سروشتی هاوردە ناكات، بەڵكو ئەردۆغان گوتەنی ناوەستن هەتا هەناردەشی نەكەن. ئەگەر ئەو گەشبینییەی توركەكان لەجێی خۆیدا بێت ئەم گازە چ ئاڵوگۆڕێك لە ئابووری توركیا دروست دەكات؟

◀ توركیا ١٠٪ی وزەی پێویستی لەناو خۆ بەرهەم دێنێت و لە ٩٠٪ هاوردە دەكات. ئێستا ئەم هاوكێشەیە پێچەوانە دەبێتەوە.
◀ توركیا ساڵی پار بای ٤٥ ملیار دۆلار غاز و نەوتی كڕیوە، ئیتر ئەم داهاتە دەگەڕێتەوە خەزینەكەی،
◀ لە ٧ مانگی رابردوودا، بودجەی توركیا ٢٠ ملیار دۆلاری كورت هێناوە، ئیتر لە ئێستاوە ئەم كورت هێنانە كۆتایی دێت.
◀ چیتر توركیا نابێتە كڕیاری گازی سروشتی روس و لەئێستاوە دەستی ئاوەڵاتر دەبێت و هاوسەنگییەكی هێز لە نێوان روس و توركدا دروست دەبێت و ئەەمش لە سوریا و لیبیا و شوێنەكانی تر رەنگ دەداتەوە.

ئایا ئەو گەشبینییەی توركەكان لەجێی خۆیدایە؟
واقیع دەڵێت نا. ئەم دۆزینەوەیە، شتێكی وا ناگۆڕێت. لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:

◀ لە ٢٠ ساڵی رابردوودا دەوڵەتی تورك زیاتر لە ٣٠ جار دۆزینەوەی بڕە گازێكی زۆری لە دەریای رەش راگەیاندووە و تا ئێستاش هیچ ئاسەوارێكی ئەو دۆزینەوانە دیار نییە.

◀ ئەگەر ئەم دۆزینەوەیەی ئێستای جدی و جیاوزیش بێت لە دۆزینەوەكانی پێشووتری، توركیا پێویستی بە نزیكەی ١٠ ساڵ كار كردن هەیە بۆ بەرهەم هێنانی بڕێكی بازرگانی. لەهەمان ناوچەی دەریای رەشدا، رۆمانییا زیاتر لە ٨ ساڵە گازی دۆزیوەتەوە و تا ئێستا نەیتوانییوە گازەكە بەرهەم بێنێت. ئابووری و توانای تەكنەلۆژی رۆمانیا و توركیا زۆر لەیەك نزیكن.

◀ ئەم بڕە گازە ئەوەندە گەورە نییە، وەك ئەردۆغان ئیدیعای بۆ دەكرد.بۆ نموونە، لەم ساڵانەدا میسرییەكان ٨٥٠ ملیار مەتر سێجا گازییان دۆزییەوە (نزیكەی سێ هێندەی گازە دۆزراوەكەی توركیا)، گازە دۆزراوەكەی رۆمانیاش دوو هێندەی توركیایە. لە باشترین حاڵەتدا، گازەكەی توركیا، تەنها بەشی ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵ لە پێداویستییە ناوخۆییەكانی توركیا دەكات.

◀ توركیا ئەزموون و شارەزایی ناوخۆیی نییە لە بەرهەمهێنانی گاز و دەبێت لەگەڵ كۆمپانییا جیهانییەكاندا رێك كەوێت، ئەمەش تێچووی بەرهەم هێنانەكە هێندەی تر زیاد دەكات.

دۆخی ئابووری توركیا پێویستی بە موعجیزەیەكی گەورە ترە
وێرانی و پەرێشانی دۆخی ئابووری توركیا و لیرەكەی بەتایبەتی، لەوە قووڵتر و فراوانترە ئەم بڕە گازە فریای بكەوێت. تەنانەت دوێنێ. راستەوخۆ دوای راگەیاندنی مزگێنییەكەی ئەردۆغانیشدا، بەهای لیرەی توركی بە رێژەی ٠،٦٪ دابەزی بۆ ٧.٣٤ دۆلار. لێرەدا چاوخشاندنێكی خێرا لە دابەزینی لیرەی توركی و بچوكبوونەوەی ئابووریەكەی لە چەند ساڵی رابردوودا جێگای سەرنجە:

◀ لە ٢٠١٦ دۆلارێكی ئەمریكی بەرامبەر ٢،٨٥ لیرەی توركی بوو، دوێنێ دوای مزگێنییەكەی ئەردۆغان بەرامبەر ٧،٣٤ بوو, واتە بەهای لیرە لەم چوار ساڵەدا بەرێژەی ٢٥٧٪ دابەزیوە. ئەمەش ئاماژەی قەیرانێكی قوڵی ئیدارەدانی ئابووری توركیا دێت.

◀ لەساڵی ٢٠١٦ لانی كەمی موچەی مانگانە ٤٦٥ دۆلار بوو، ئێستا دابەزیوە بۆ ٣١٣ دۆلار

◀ كۆی داهاتی تاك لە ساڵی ٢٠١٣دا ١٢٥٠٠ دۆلار بوو، ئێستا دابەزیوە بۆ ٩٠٠٠ دۆلار.

◀ پێوانەی جیهانی بۆ خۆشگوزەرانی لە ئێستادا توركیا دەخاتە ریزی وڵاتانی وەك مەكسیك و كۆڵۆمبیا و ئەفریقای باشور.

بەكورتی، دۆزینەوەی گازی سروشتی شتێكی وا لە دۆخی توركیا ناگۆڕێت، لانی كەم لە كورت ماوەدا ئەم وڵاتە ناكاتە پێگەیەك كە پێویستی بە هاوردەكردنی گاز نەبێت.

زیاتر