مێژوو و واقیع پێمان دەڵێن کورد شانازی بە عێراقیبوونی خۆیەوە ناکات

ئەبوبەکر کاروانی

نووسەر و کاردی یەکگرتوی ئیسلامی
  03/09/2020  |    1042 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ھەرێم لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کازمی لەو دەربڕینەدا کە دەڵێت: کورد شانازی بە عێراقی بوونی خۆیەوە دەکات، سەرکەوتوو نەبووە. چونکە پێچەوانەی مێژوو واقیعە. ڕیفراندۆمەکەی ٢٠٠٥ کەلەلایەن بزوتنەوەی ڕاپرسی ڕیفراندۆمەوە ئەنجام دراو ئێمەش ئەندامی لیژنەی باڵاو بەشێ لە ستافی سەرپەرشتیاربوین وھەستیاری حیزبی تێکەڵ نەبوو خەڵك قسەی دڵی خۆی کرد، وەلە ٪٩٨بەشدارانی ڕاپرسیەکە دەنگیان بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق دا، بەسە بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەست. لەسەر ئەم دەربڕینە ناسەرکەوتووە سیاسیەش سەرنج بۆلای ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕادەکێشین :

١ - ڕاستە کاری سیاسی موجامەلەو بەکاربردنی کاتی و ئیستھلاکی تیایە، بەڵام نابێت ئەمە لەسەر حسابی مەسەلە ستراتیژی و گەورەو واقیعیەکان بێت .

٢ - پێم وایە کاربەدەستانی کورد لەزۆر کاتدا دەبێت خۆیان لە قسە کردن بەناوی گەلی کوردستانەوە بپارێزن و زیاتر بەناوی حکومەتی ھەرێم و خۆیان و دامەزراوەکانیانەوە قسە بکەن. بۆنموونە سەرۆکی ھەرێم دەیتوانی بڵێت: حکومەتی ھەرێم ڕێز لە پابەندیە عێراقیەکانی خۆی دەگرێت و ھەوڵی سەقامگیری و چارەسەری کێشەکان دەدات. چونکە واقیع پێمان دەڵێت کاربەدەستان لە ھەرێمی نیمچە دابەشبوو پڕ لەناکۆکی ئەمڕۆدا گەر لەڕووی یاسایشەوە مافی نوێنەرایەتی کردنی گەلیان ھەبێت لەڕووی سیاسی و واقیعیەوە توانای ئەوەیان نیە. ئەمە جگە لەوەی ھەندێ جار تەم ومژ لە سەر ئامانج و دیدگاکان دروست دەکات و ئۆباڵی مئژوویشی بەدواوەیە.

٣ - ئەم لێدوانە پێمان دەڵێت دەبێت سیاسەتمەدارو کاربەدەستی سیاسی زۆرتر ئاگای لەوە بێت، کە قسە کردن لە ژورە داخراوەکان و کۆبوونەوە سیاسیەکان زەمانەتی نیەو ئەگەری تەوزیفکردنی سیاسی زۆرە، بەتایبەتیش لەسەردەمی قەیراندا .

٤- ئێستا یەکێ لە کێشەکانی ھەرێم ، بەھۆی قەیرانەکانەوە لاوازبوونی گیانی شانازی کردنی بەشێ لە ھاوڵاتیانە تەنانەت بە کوردو کوردستانیشەوە!! خۆئەگەر لەمڕۆدا بەشێ لە ھاوڵاتیان ئەگەر ھەڵبژاردن ببێت دەنگ بەلیستی کازمی دەدەن وادەردەکەون ڕویان لەعێراقە، لەبەر ئەوەنیە شانازی بەعێراقی بوونەوە دەکەن،‌ بە ڵکو لوتکەی نائومێدی خۆیانی پێ لە دۆخی ھەرێم و حوکمڕانان و کێشەکان دەردەبڕن و وەك جۆرێ لە جنێوی سیاسی و ئامرازی ڕق بەکاری دێنن، گەرچی ھەڵەش بێت.


زیاتر