کێشەی شوناس لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
یەکێک لە خوێندکارەکانم لە وانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەمڕۆ لە تاقیکردنەوەیەکدا لە ڕستەیەک یەکێک لە کێشەو نزیکبوونەوەکانی پرسی شوناسی لە ناوچەکە زۆر زیرەکانە خستۆتەڕوو.
خوێندکارەکەم کە حەزناکەم ناوی بێنم لەبەر تایبەتمەندیی کەسیی دەڵێت "The problem here is that Arab states try to recognize the borders of the state rather than all the people inside it" واتە کێشەکە، مەبەستی کێشەی شوناسە، لێرە ئەوەیە کە وڵاتانی ڕۆژهەڵات دان بە سنورەکانیان، واتە سنوری عێراق، سنوری سوریا، سنوری تورکیا یان سنوری ئێران، دەنێن بەڵام دان بە بە شوناسی کەسەکان یان گروپەکان نانێن.
ئەمە جەوهەری پرسی شوناس لەم ناوچەیە پێکدێنێت، هاوکات ئەمە ئەو هەڵەیەیە کە ئێستا ژمارەیەک کوردی عێراقچی بانگەشەی بۆ دەکەن کە گوایە بازیان بەسەر شوناسی نەتەوەییو مەزهەبی داوەو بەرەو شوناسی نیشتیمانیی، تێریتۆری، عێراق هەنگاو دەنێن. ئەم تێگەیشتنە لە چەندین ڕووەوە نەک هەر کورتدەهێنێت بەڵکو سەقەتو دژی مافەکانی مرۆڤە چونکە یەکەم، لەوە کورت دەهێنێت کە کوردەکان وەک هەر گروپێکی نەتەوەیی مافی خۆیانە کە بگەن بە ئازادیو سەربەخۆییو سەروەرییو هیچ پێویست ناکات هەنگاو بنێن بۆ قەبوڵکردنی شوناسی نیشتیمانییو تێریتۆری عێراق.
نیشتیمانییبوون بۆ کوردو ئەو نەتەوانەی لەگەڵیدا دەژین کوردستانیبوونە نەک عێراقییبوون. دووەم، ئەگەر گریمانەی ئەوەش بکەین کە کوردەکان دەیانەوێت لە عێراق بمێننەوە یان ڕێگەیان لێگیراوەو ناچارن ئەو ڕاستییە تاڵە قەبوڵ بکەن، ئەوە ئەوکاتیش هەنگاونان بۆ قەبوڵکردنی شوناسی عێراقی، یان عێراقیبوون، نابێو ناکرێت بەسەر شوناسی نەتەوەییو تیرۆتۆری کوردو کوردستاندا تێپەڕبێت بەڵکو دەبێت هەر هەنگاوێک بۆ قەبوڵکردنی شوناسی عێراقی لەسەر بنەمانی داننان بە شوناسی نەتەوەییو نیشتیمانیی کوردو کوردستان تێپەڕبێت، ئەگەرنا هەر لە بنەڕەتدا بە مردویی لەدایک دەبێت.