ئیماراتی عەڕەبیی كەشتییەكی ئاسمانیی بۆ سەر مەریخ رەوانە كرد. یەكێك لە بەرپرسانی ئەو پڕۆژەیە Hope Mars Mission گوتی یەكێك لە ئامانجەكانی پڕۆژەكە ئەوەیە نەوەی نوێی عەڕەب كاریانتێبكرێ و خەون ببینن ببنە زانای گەورە لە داهاتودا.
لەناو هەر كۆمەڵگایەك پڕۆژەی گەورە و كەسانی پەبلیك فیگەر، ئەوانەی لەناو كۆمەڵگەدا ناسراون، هونەرمەندێك بێ یا یاریزانێك یان نوسەرێك یا سیاسییەك، بۆ ئەوەی ببنە مۆدێلێك بۆ گەنجان گرنگیی خۆی هەیە و پێویستە. هەر بۆیەشە ئەوانەی كەمێك ناسراون لەناو كۆمەڵگەدا، جا چ لە گوندێك بێ یا لەسەر ئاستی وڵات، دەبێت باشتر ئاگاداری هەڵسوكەوتی خۆیان بن تا نەبنە مۆدێلێكی خراپ بۆ گەنجان و ئەوانەی پێیان سەرسامن یان كاریگەرییان لەسەر بەجێدێڵن.
لە كوردستاندا، بەداخەوە نە پڕۆژەی وا هەیە گەنجان پڕ هیوا بكا، زۆرێك لەوانەشی ناسراون نمونەیەكی زۆر خراپن. گروپێكیش پەیدابونە كە تەنها لەڕێی جەستەیانەوە، یان لەڕێی شاشەیەكی درۆزنەوە ناسراون، جۆرێك لە ستایلی بۆرژوازیی ژیان پێشدەخەن هەر جار دەیانبینم قێزم لێیان دەبێتەوە. یان موچەیەكی باشیان لەڕێی ناشەرعییەوە دەستكەوتوە و پۆز بەسەر چینی خوارەوە لێدەدەن.
یەكێك لەو ئارگیومێنتانەی هەندێكجار خوێندكاران دروستیاندەكرد بۆ سەلماندنی بێهیوایی خۆیان یان جدینەبونیان لە خوێندن، كە زۆر بێتاقەتی دەكردم، ئەوە بو دەیانگوت "ئەگەر بلیمەتترین تاكی ناو كۆمەڵگا بین و بە باشترین نمرەش زانكۆ تەواوبكەین یەكێتیی و پارتیی نەبین ناتوانین ململانێی بێمەعریفەترین و گەمژەترین ئەندامی ئەو حیزبانە بكەین."
ئەو گروپەی لە شاشە درۆزن و فاشیلەكانەوە ماكیاژی دەستەڵات دەكەن، ئەوانەی بە جەستەی خۆیان خۆیان پێشدەخەن، ئەوانە لەلایەن دەستەڵاتەوە بەكاردەهێنرێن بۆ دروستكردنی وێنەیەكی سەخیفی ژیان كە وا لە گەنجانی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی بەو بەهەشتە درۆیینە بگەی، دەبێت خۆت سادەبكەیتەوە، درۆ لەگەڵ خۆت و دەوروبەرت بكەیت و بیر لە ئازادیی، دیموكراسیی، عەدالەتی كۆمەڵایەتیی و ئابوریی نەكەیتەوە. هەوڵبدە پارە پەیدابكەیت و دوا مۆدێلی جلوبەرگ لەبەربكەیت و لە سۆشیەڵ میدیا خۆت نماییشبكە. ئەگەر دەشتەوێت بەو ژیانە ماكیاژكراوە بگەیت، دەبێت گەلحۆ بی، نابێت تاكیكی پرسیاركەر و گومانكەر بی. پرسیار و گومانەكانت دواتدەخەن لەوەی بەو بەهەشتە بگەیت، لەوەی لە تیڤیییەكی تەرفیهیی دەربكەویت و پرسیاری ئەوەت لێ بكرێت "بۆتۆكس یان فیڵەر."
ئەوە سەخیفترین كاری دەستەڵاتدارێتیی كوردییە كە لەدوای دەركەوتنی نەوتەوە ئیشی لەسەر دەكات. بە رادەیەك ئەوەی لە سۆشیەڵ میدیاوە نماییشی دەكەن هیچی لەگەڵ واقیع نایەتەوە.
ئەوەی جێی دڵخۆشییە، بە رادەی ئەو هەوڵانەی دەستەڵاتی نابەرپرس، گەنجانمان هەوڵدەدەن خۆیان لەو شەپۆلی خۆگەلحۆكردن و خۆسادەكردنەوە و خۆنماییشكردن و سوككردنی عەقڵ و جەستە بەدوربگرن. ئەو گروپە گەلحۆترین گروپی ناو سۆشیەڵ میدیایە. ئەوان گروپێكن لە بەرپرسی باڵاوە بگرە بۆ ئەندام پارلەمان و رۆژنامەوان تا دەگاتە مۆدێل و هونەرمەند كە جگە لە خۆنماییشكردن و جەستە نماییشكردن، هیچیتریان نییە بیبەخشن.