تاکڕەوەکان چۆن بیردەکەنەوە؟ مەسرور بارزانی پارانۆید بوە؟

  07/02/2021  |    2053 جار خوێندراوەتەوە

سایکۆلۆژیای کەسانی تاکڕەو ئاڵۆز و ناجێگیرە. بڕوایان وایە ئەوان کەسانی زۆر تایبەتن، تا رادەی پیرۆزیی خۆیان دەبینن. کاتێک کەسێک رەخنەیان لێ دەگرن، توڕە دەبن، نیگەران دەبن و توشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەبن. ئەوان لای لایەنگرا و دڵسۆزانی خۆیان، چ لەڕێی پارە چ لەڕێی تۆقاندن و ئامرازەکانی گەوجاندن، بەرگێکی پیرۆزیی یان تایبەتمەندیی زۆریان بە خۆیان بەخشیوە. وا خۆیان دەبینن کە بەهێزن، دەتوانن هەرکارێک بکەن. هەمیشەش بەوە شەرعییەت بە خۆیان دەدەن لە تۆقاندن و داپڵۆسیندا کە ئەوان خەریکی پڕۆژەیەکی گەورەن و خەڵکانێک ناتوانن پیرۆزیی و تایبەتیی و گەورەیی ئەوان ببینێت .

کەسانی تاکڕەو هەرگیز ناتوانن هەست بە ئازاری ئەوانیدی بکەن، ناتوانن خۆیان لەجێی ئەوانیدی دابنێن. هێچ هاوسۆزیی\ئێمپاییەک لە گیانیاندا نییە. رۆحیان زۆر ساردە. پێکەنینەکانیشیان درۆیینەیە، ناتوانن بەقوڵیی دڵخۆش بن. بە رادەیەک رقاویی و داخ-لە-دڵن هیچ بەزەیییەکیان تێدا نییە بەرانبەر نەیار و رەخنەگرانیان .

تاکڕەوەکان کەسانی پارانۆیدن، پڕن لە ترس. خەمۆکیی گیانی داگرتون و هەرگیزیش متمانەیان بە کەس نییە. بازنەی متمانەیان زۆر تەسکە، تەنانەت متمانە بە کەسانی ناو خێزانەکەشیان ناکەن. ئەو کەسانە هەمیشە یەک دونیا نەزەریەی موئامەرەیان لە خەیاڵ دایە . ترسی ئەوەی خەڵکێک هەیە دەیانکوژێت و تیرۆریان دەکات. سەرۆکی پێشوی کۆریای باکور بە قیتاری گولەنەبڕ سەفەریدەکرد، سەرەڕای ترسی لە فڕۆکە، بەڵام هۆکاری سەرەکیی پارانۆیدبونی بو بەوەی کە ئەگەری هەیە تیرۆر بکرێ. سەدام حوسێن لە زینداندا پێیوابو خەڵکی عێڕاق هێشتاش یادی لەداییکبونی دەکەنەوە، کاتێک لێکۆڵەرەوە ئەمریکییەکە پێیدەڵێت عێڕاقییەکان بۆ لەداییبکونی ئەو چیتر ئاهەنگ ناگێڕن، توشی خەم و ئازارێکی گەورە دەبێت. سەدام باس لەوە دەکات کە چۆن متمانەی بە کەس نەکردوە .

سەرنجبدەنە مەسرور بارزانیی و پارتیی کە چۆن گروپێک ئینسانی جوانی وڵاتی ئێمەیان خسۆتە ناو کونجی زیندانەوە بە بیانوی ئەوەی ئەوانە پارەیان لە وڵاتانی دەرەوە وەرگرتوە و ئامانجیان پشێویی بوە. دۆخی بیرکردنەوەی مەسرور بارزانیی زۆر پارانۆیدە. سایکۆلۆژیایەکی ئاڵۆز و ناجێگیری هەیە، ناتوانێت راستییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئابوریی و کەلتوریی کوردستان تێبگات. دوروبەرەکەی هەرگیز جورئەت ناکەن راستییەکانی بۆ باسبکەن، لە راستییشدا ناتوانن چونکە یان خۆیان یان پۆستەکەیان دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەو پارانۆیدبونە کوردستانی خستۆتە بەردەم مەترسییەکی گەورە. ئەگەر پارانۆیدبون نەبێت بۆچی گروپێک رۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنیی و مامۆستا لە کونجی زیندان بن و خێزانەکانیشیان دەستگیربکرێن کاتێک داوای ئازادییان دەکەن؟

زیاتر