چی لەناو گۆڕان رودەدات؟

  06/09/2020  |    2486 جار خوێندراوەتەوە

پشتیوانیی کوێرانەی "گەنجان"ی سەرکردە و ئەندام پارلەمان و میدیاکارانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەبنەماڵەییبونی بزوتنەوەکە، هەر ئەوەی لێ چاوەڕێدەکرا کە ئەمڕۆ رویداوە لە گردەکە.

پێموایە لە داهاتویەکی زۆر نزیکدا، دابەشبونێکی گەورەتر لەناو گۆڕان رودەدات و هەرکەسێک لەگەڵ هەردوو خاوەنەکەی گردەکە هاوڕا نەبێت، یان لە بزوتنەوەکە دەردەکرێت، یان لە چوونەناوەوەی گردەکە قەدەغەدەکرێت، یان خۆی ماندوو دەبێت و تاقەتی ئەو شەڕەدەنوکەی لەگەڵ بەرژەوەندیخواز و دەستەڵاتخوازەکان نامێنێت. بەپێی قانونیش، گردەکە موڵکی خۆیانە و دەتوانن رێ لە هەرکەسێک بگرن کە نەیانەوێت پێ بخاتە ناو زەویوزاریانەوە.

بەشێک لە ئەوانەی نیگەرانن لە بزوتنەوەکە ئێستا، شەخسیی لەگەڵ من هەوڵیاندەدا تێمبگەیەنن کە "بەبنەماڵەییبونی بزوتنەوەکە راست نییە و دوو کوڕەکە بۆ خزمەتی گشتیی دەیانەوێت بزوتنەوەکە بە ئاراستەیەکی باشدا ببەن و زەویوزارەکە لە دەستێکی ئەمین بێت."

ئەوانەی کاری سیاسیی دەکەن، دەبێت لەسەر چەند مەبدەئێک رێکبکەون. ئەو مەبدەئانە هێڵی سور بن، نابێ ببەزێنرێن. لە زۆربەی وڵاتانی دونیا، بۆ نمونە، مەبدەئێک هەیە تەنها دوو خول کەسێک دەتوانێت سەرۆک یان سەرۆک وەزیران بێت. ئەو مەبدەئە نابێ بشکێنرێ، ئەگەر شکێنرا، قیمەتێک بۆ دیموکراسیی و کاری سیاسیی پێکەوەیی نامێنێتەوە و گۆڕهەڵکەندنە بۆ دیموکراسیی. هیچ دەستەڵاتدارێتییەک ئەخلاقیی نامێنێتەوە ئەگەر کۆمەڵێک دەزگا و پەیڕە و مەبدەئ کۆنترۆڵی نەکەن.

ئەوەی ئێستا گۆڕان تووشی بووە، خودی ئەوانە هۆکارن کە ئێستا دژین. بەر لەوەی رەخنە لە بزوتنەوەکە بگرن، رەخنە لە خۆتان بگرن، داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن و ئینجا خەباتتان بۆ راستکردنەوەکە بەردەوامیی پێ بدەن. ئەوەی ئێستا لەناو گۆڕاندا رودەدات، هی رۆژانی دوای مردنی کاک نەوشیروان مستەفایە. ئەوێ رۆژێ ئەگەر لەناو گۆڕاندا بڕوابوون بە مەبدەئەکانی گۆڕان و دیموکراسیی و عەدالەت نرخیان هەبوایە، ئەمڕۆ تووشی ئەو ململانێیە نەدەبون. ئەوکات زۆربە هەوڵیدا پشکی دەستکەوێت، نەک بزوتنەوەکە بپارێزن و پێشیبخەن، ئەوە ئەنجامەکەیەتی.
زیاتر