مەلا بەختیار وەڵامی قسەکانی قوبادی جەلیل زادە دەداتەوە

مەلا بەختیار

ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی
  07/01/2023  |    1633 جار خوێندراوەتەوە

لە کردنەوەکەدا نمایش‌و گۆرانی‌و شیعر لەسەر مێژووی عیراق وتراوون، لە کولەکەی تەڕیشدا باسی کوردو کوردستانیان نەکردووە. ئەمە لەکاتێکدا وەفدی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێمیش لەکردنەوەکەدا ئامادە بوون.
ئەگەر دیمەنەکان بە سۆزی نەتەوایەتی پەتی تەماشا بکرێ، ئەو رەخنانەی جەلی زادە دروستن. بەڵام ئەگەر لێکدانەوەیەکی مێژوویی‌و دەرونشیکاری بۆ ئەو دیمەنانەو شیعرو نمایشانە بکرێ، ئاسانە بسەلمێندرێ کەوا:
لە یادەوەری هیچ هونەرمەندێکی عەرەبی‌و لە هزری هیچ شاعیرێکیان نییە.. کە لە دێر زەمانەوە کوردستان بەشێک بوبێ لە عیراق. بەڵکو ناوی عیراق لەدوای داگیرکردنی بەریتانیاوەو لەساڵی (١٩٢١)ەوە وەکو جوگرافیای سیاسی سەپێنراوەتە سەر باشوری کوردستانیش.

بەش بەحاڵی خۆم لام ئاساییە، عەرەبی عیراق لە باسکردنی مێژووی دێرینەدا، باسی سەرزەمین‌و شارستانیەتی کوردستان لە لۆلۆ و مادەکانەوە هەتا یەکەمین بۆردومانی سلێمانی لەلایەن بەریتانیاوە (١٩١٩) نەکرێ. لەدوای دامەزراندنی عیراقیش (١٩٢١) ئیتر عەرەبە شۆڤێنیەکان هەمیشە وایان نواندووە کە کوردستان لەمێژوودا بونی نەبووەو لای ئەوان چەمکێک هەیە، بەناوی (بلاد مابین النهرین- وڵاتی نێوان دوو ئاوان) ئەم چەمکەش هەرگیز دیقەتی شارستانیەتی چەشناوچەشنی دێرینەی تیا نییە. مێژووی نێوان دوو ئاوان تەنها بۆ عیراق‌و بۆ عەرەبی عیراقی دەگێڕنەوە.

 ئەمە لەکاتێکدا لە دیرۆکی ئەو سەرزەمینەدا، لەسەرووی زنجیرە چیای حەمرینەوە هەتا دوا سنوری رۆخاو رۆخی دوو ئاوان، عەرەبی تیا نەبووە. ئەو عەرەب‌و تورکانەی ئێستا لە باکورو باشورو رۆژئاوای کوردستاندا نیشتەجێن، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی داگیرکردنی کوردستان‌و عیراق لەلایەن لەشکری ئیسلامیەوە، ئەویش کەم کەم عەرەب نیشتەجێ کراوون. پاشان لەسەردەمی سەلجوقی‌و ئاق قەرەقۆینلۆشەوە، تورک هێنراونەتە کوردستان‌و سەپێنراوون. لەسەردەمی عوسمانیشەوە یوزباشی‌و بین باشی‌و هێزی تورک هێنراونەتە سنوری نێوان دوو ئاوان.. هەتا خوار موسڵ‌و خانەقین‌و کەرکوکیش، بەرە بەرە نیشتەجێ کراوون.

عەرەبی عیراق، هەتا دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق ١٩٢١، لەکوردستاندا بە موسڵمانیشەوە کەم بوون. بەڵام دوای ئەوە، موسڵ‌و کەرکوک‌و سەلاحەدین شەپۆل شەپۆل تەعریب کراوون. لەسەردەمی بەعسیشدا، گەیەندراوەتە دۆخی ئەنفال‌و کیمیاباران. لەم سەردەمەی دەسەڵاتی دوای روخاندنی سەدامیشەوە، لەپەنای دەستوری هەمیشەیی عیراق‌و لەسایەی مادەی (١٤٠) دیسان تەعریبی نوێ دەسەپێنرێتەوە ناوچە کێشەلەسەرەکان.

بۆیە، کاکە قوبادی جەلی زادەی ئازیز.. مێژووی رووداوەکان‌و تەعریب‌و تەتریک پێماندەڵێ، سیناریۆی ئەم جۆرە نمایشانەو شیعرانە، بەپێی بیرەوەری مێژوویی کولتورو پەروەردەی نەوەکان‌و کارئەکتەرەکان بەرهەمدەھێنرێ. عەرەبی عیراق، نە بە قۆناغی شۆڕشی پیشەسازی‌و نە شۆڕشی دیموکراسیدا تێپەڕیوون. بۆ؟ چونکە، ریفۆرمی ئاینی‌و رۆشنگەری لەوڵاتانی عەرەبی‌و عیراقدا، رویان نەداوە. بۆیە لەمبارەوە خۆشحاڵم کە لەمێژووی دێرینەدا نوسەرانی ئەو نمایشانە ناتوانن بەڵگەیەک بدۆزنەوە کە کوردستان لەدێر زەمانەوە بەشێک بوبێ لە عیراقی عەرەبی.. پێش دامەزراندنی دەوڵەتی سەپێنراوی عیراق لەسەر دەستی بەریتانیای کۆلۆنیالیستی ساڵی ١٩٢١.

مەلا بەختیار
زیاتر