پشووی جەنگاوەر
28/04/2023
|
1493 جار خوێندراوەتەوە
ئێوارەیەک لەسەدان ئێوارەی پشووی پێشمەرگانە لە نێو سەنگەری بەرگریدا.
پۆلێک پێشمەرگە یان دانیشتوون تا کۆدەبنەوە بۆ جەولەیەکی تری گەڕان لە ناوچە ئازادکراوەکان.یان روویان لە کامیرای یادگاری فەورییە وەختێک بەشێک لە ژیانی رۆژانەی پێشمەرگایەتی تۆمار دەکات. یا خۆیان لەبەر خۆری ئازادی و پشووی هەڤاڵانە هەڵخستووە پێش ئەوەی شەو دابێت و شەوی تەگبیر و کەمین بێت دژی جەیش و جاش کە زۆرن بەڵام دەستەبژێری ئازا وەگیری هێناون .
رەسم قسە ناکات و زمانی نوتقی نییە ، دەنا شەرحی حاڵی خۆی دەکرد، بۆیە دەبێ نازی بکێشین و بیدوێنین.
ئەم دەستووری جامانە و دیزاینی ئەم جلە کوردییە بۆ وا دڵنشین و جوانە؟ ئەم تاقمە مومتازە لەم کەشە بەهارییە بیر لە چی دەکەنەوە و بزەی کام داهاتووی خۆش و رەنگین گرتوونی ؟
سەرەتای هەشتاکانی دوای جێگیری مەقەڕ و بنکە و ئاوایی پێشمەرگەیە؟ رەسمی رەنگاورەنگی (شاییە زەماوەندە)ی مژدەی راپەڕینە یان گرتەیەکی ئاشنایە و هەر کەریم خەمزە و (نازت بێکەی )نوقسانە و هەر قاعەی خلدی بەغدایە بە شایی و لێلێ دەسماڵێ وەک بڵێی مژدەی شۆڕشی داهاتووی کورد رادەگەیەنێ.
رەسم رەنگی هەیە بەس وەکو ڤیدێۆ دەنگی نییە ، دەنا لەوانەیە دەنگ هەبێ و گوێ لە دەنگی گەلی کوردستان بگرن کە (بانگی هەق)ی رەوایی مەسەلەی نەتەوەی لە جاسەنەوە بۆ سەرگەڵو و بەرگەڵو گواستۆتەوە؟.
ئیتر پشووی پێشمەرگانەیە و چەند گریمانەی لێ بکەیت دوایی جۆبڵاوی لێ دەکەن و هەر یەکەی دەچێتە شوێنی فەرمانێکی شۆرش. یان نەبەردی چالاکی یان نەبەزینی هاندانی خەڵک لە کۆبوونەوەی جەماوەریدا.
کێ لەم ئەدگارە جوانانە گەیشتۆتە شوێنی جاویدانی شەهادەت و کێیان گەیشتوونە ئەمرۆ تا شایەتیمان لە سەر ناوەرۆکی دیمەنی گەشی وێنەکە بدەنێ؟
|