وەکالەتەکە دەگەرێتەوە بۆ میللەت

  03/03/2024  |    342 جار خوێندراوەتەوە

ئیتر گەل  لە رۆژی ١٠-ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ قسەی خۆی دەکات و پێویستی بە قەرەباڵەغی لێدوان و لێدان و مەزەندە و تەخمین و فاڵگرتنەوە نییەو ناکات. ھەر لە رێوە ئەفسانەی ترساندنی خەڵک لە ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێم پوچەڵ دەبێتەوە،  چونکە ھەڵبژادنەکە بۆ ھەموو ھەرێمە.

ئیتر جارێکی تر دیموکراسی و نەتەوایەتی ، ئازادی و کوردایەتی تێکەڵ دەبنەوە  و کەسیان لەسەر کەسیان و ھیچیان لەسەر ئەویتریان  پەک ناخرێت.

ماوەتەوە سەر میللەت خۆی چی دەکات؟ 
دەتوانێ ھەرێمی دووەم  دروست بکات و کۆتایی بە (پێم وایە و لەوانەیە بھێنێت) . 

جا تەبعەن ھەرێمی دووەم ناکاتە (دوو ھەرێم) وەکو ھەندێک بە زەبر و زبری، بە بەشینەوەی تۆمەت و تەخوین و تەوھین وێنای ھەر نوێبوونەوە و نوێخوازییەک لە کوردستان دەکەن. ھەرێمی دووەم واتا قۆناغی دووەم لە ئەزموونی کوردستان دوای ٣٣ ساڵ لە راپەرین(١٩٩١-٢٠٢٤) . 

ھەرێمی دووەم دوو کەرت کردنە ، بەڵام کەرتکردنی زەمەن، نەک کەرتکردنی زەمینی وڵات ، کەرتکردنی مێژووە نەک کەرتکردنی جوگرافیا . یانی قۆناغێکی نوێ لە یەک کوردستان کە دەتوانێ چانسێکی نوێ بێت بۆ گرێدانەوەی رابردوومان، بە باشییەکانییەوە، لەگەڵ داھاتوومان، بە چانسەکانییەوە،. 

ھەرێمی دووەم واتا لە قاودانی خراپییەکانی رابردوو کە ھیچ ئەزموونێکی مرۆیی ھیچ نەتەوەیەک بێ خراپی و بێ کەماسیی نییە و ..رووکردنە چانسێکی ترە کە ئایندەسازبێت بێ ئەوەی یادەوەری میللەتێک و رەنجی فەرھادی رابردووی دیلێت بکات.

ھەڵبژاردنی خولی نوێ بە باریکە رێی زیاتر لە سێ دەیەی سیاسەتی کوردستانیدا تێپەڕ دەبێ و دەتوانێ ئاسۆیەکی فراوان بۆ گەلەکەمان و بۆ روانگە و میزاجی نەوەکانی داھاتوو بە نەوە تازەکانی دەنگدان بکاتەوە.

١٠-٦ دەتوانێ ئیستحقاقی  گۆڕانکاری گەورە جێبەجێ بکات بێ ئەوەی باج و نرخی گەورەی بە ئازاری ھەر گۆڕانکارییەکی پێشبینیکراوی شۆڕشگێڕی  بدات. شتێکە وەک (شۆرشێکی ئاوریشمین). رێک ئەمەشە پێی ئێژن ئاڵوگۆڕی بێ وەی و بێمەزەڕەت. کاژی وەرزی رابردوو فرێدەدا و نوێدەبێتەوە. 

بە یاسا و دەستور و دەنگدانی شێنەیی کورستان و کوردستانییەکان ئاشت دەکاتەوە

ھەڵبژاردن ، رۆژی نوێبوونەوەی بزووتنەوەی سیاسییە لە کوردستان. بەھارێکی نوێ لە سەرەتای ھاویندا. 
بۆ ئێمەش وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان : حوزەیرانێکی تازەیە.

زیاتر