"بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان دەکات"

  15/03/2024  |    559 جار خوێندراوەتەوە

سەبارەت بەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵی
مەحمود حەفیدزادە 

نکوڵی لەوەناکرێت کە موچەخۆرانی ئازیز وەک مافێکی سروشتی و شرعی و یاسایی چاویان لەوەبێت لەکاتی خۆیدا موچەکانیان وەربگرن ،ئەمە بابەتێکە ( ماف) ە هیچ تێبینی و گفتۆگۆیەک لەخۆناگرێت ، من پاڵپشتی لەو ماف و خواستە دەکەم کە لەئێستادا مووچەخۆرانی ئازیز داکۆکی لێدەکەن ، بەڵام ئەوەی کە جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە دەبێت هۆشیار بین کورد وتەنی دوور بڕوانین تاکو سەر ئەنجام پەشیمان نەبینەوە ئەوکات پەشیمانی دادمان نادات ، ئێمەی کورد کەممان خوێن نەڕشتوە بۆ ئازادی خاکەکەمان ، بڕواناکەم هیچ خانەوەدایەک هەبێت قوربانی بۆ ئازادی و بەختەوەری ئەم کوردستانە نەدابێت ، پەڕلەمان و حکوومەتی کوردستانیش بەخوێن و خەباتێکی لەڕادەبەدەری گەلەکەمان هاتەبەرهەم ڕاستە کەمتەرخەمی و کەمووکوڕی و جیاوازی و نادادپەروەری و نایەکسانی هتد ، بونی ھەیە ، بەڵام قەوارەیەکی سیاسی دەستوریمان هەیە دەکرێت چاکی بکەین پێشی بخەین ، دەتوانین بەئیرادەو یەکگرتوویمان زاڵبین بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا ،نابێت نائومێد بین ، ورە بەربدەین ، مییللەتی هۆشیار گۆڕانکاری مەزن دروست دەکات ، ئیرادەی گەل دەتوانێت وەرچەرخان بخولقێنێ بەئاراستەی سەرفیرازی و سەرکەوتن  ، بەڵام کاتێک ئیرادە لاوازبوو ، ئازادی دەکەوێتە مەترسی و شکۆی خاک و نیشتیمان تێکدەشکێت و سەروەری و کەرامەتی نەتەوەش لەدەست دەدەین ، ئەوکات هیج شتێک مانای نامێنێت و چێژ لەهیچ مافێکیش نابینین کە بەزەلیلی دەستمان بکەوێت ، ئەوەی تێبینی دەکرێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیە ، کە لەئێستادا وەک ئەلتەرناتیڤی حکوومەتی عێراق خۆی نمایش دەکات و سەلماندوە ، قسەکە لێرەدا تەنها مووچە نیە ، وەکو گوتمان ئەوە مافەو خێرو سەدەقە نیە دەبێت بدرێت ، بەڵام ئەو هەنگاوانەی دادگاکە پیلانگێڕیەکی دوژمنکارانەیەو ناکرێت هەروا بەسادەیی خوێندنەوەی بۆ بکرێت .

 ئەوەی دیارە بەئاشکراو بەکردەوە کار بۆ لەباربردنی ئازادی و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان دەکات  فەرزی سیاسەتی دەستەڵاتی ناوەند بەسەر گەل و هەرێمی کوردستاندا وەک گشت پارێزگاکانی عێراق ئامانج و ستراتیژو ئەجێندای دادگاکەیە ، کەپێچەوانەی دەستورە بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق لەئێستادا هۆشیارانە هەڵسوکەوت بکات و لەچوارچێوەی دەستوردا مامەڵە لەگەڵ هەرێم و حکوومەت و گەلی کوردستاندا بکات .

هەموو مافەکانی گەلەکەمان کەلەدەستوردا جێگیرکراون جێبەجێ بکات ، وانەیەکیش لەمێژوو وەربگرێت ، بزانێت هەرگیز گەلی کوردستان ئیرادەی ناشکێت و خۆی ڕادەستی ملکەچبوون و  پاشکۆیەتی ناکات

زیاتر