برۆ ئەقڵت کامڵ بکە پیری ئاقیبەت شەر!!؟

  27/09/2024  |    1507 جار خوێندراوەتەوە

خاکی پیرۆزی کوردستان لانکەی دێرینترین شارستانییەتە.
دوور لەناوچەگەری و شارچیەتی و شێوەزارگەریی دەمەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بەکوردی و بەکورتی بدەمەوە، کەدەربارەی هەورامان لەمنکراوە، وەک پارچەیەکی ئاڵتونی لەسەر زەوی خاکی پیرۆزی کوردستان.
‌ئێوە چیتان هەیە؟
هەورامان وەک ناوچەیەکی گرنگ و فراوانی سەرزەوی کوردستانی گەورە، لەسەربنەمای شوێنەوارە مێژوییەکان، یەکێکە لە دێرینترین پارچەکانی کوردستان، بەدڵنیاییەوە هەرشوێنێکیش دێرینبوو خاوەنی کۆمەڵێک کلتور و فەرهەنگ و شارستانییەتی تایبەت بەخۆیەتی.
وێنەتاشراوەکانی سەر دیواری ئەشکەوت لە هەورامان پێمان دەڵێن 15000هەزار ساڵ پێش ئێستا خەڵک لە هەورامان ژیاوە، سەرەتا مرۆڤ بۆئەوەی بتوانێت شارستانییەت بنیاتبنێت دەبێت نیشتەجێببێت، هەروامییەکان خاوەنی ڕەسەنترین بیناسازی ناوچەیین، هەڵقوڵاوی سروشتی چیاکانی کوردستانن، ئەو بیناسازییەیی ئێستە لەهەورامان هەیە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا، بیناسازییەکی ئەوەندە دڵگیرو تەندروست و ژینگەدۆست و تەمەندرێژە، تازەبەتازە لەبەشێکی زۆری شارەکانی کوردستان، هاوشێوەی بیناسازییەکەی هەورامان بەبەردی ناوچەی هەورامان ڤیلاو خانوو دەروازەی شار دروستدەکرێت.

پێداویستییەکانی ژیان وەک جلوبەرگ و کەرەستەکانی ناوماڵ، لەمێژساڵە لەهەورامان خۆیان بەدەستی خۆیان ناسکترین جۆری قاپ و کەوچک و سەلە و تەنانەت شانەی سەریشیان دروستکردووە، چونکە هەوامییەکان سەلیقە جوان و پاکوخاوێنبوون، ناکرێت لەبەشێک لەخاکی پیرۆزی کوردستان هێشتا گەرماوەکان گشتی بوون و تەوالێت نەبووە لەماڵەکاندا، بەڵام لەهەورامان بیرلەوەکراوەتەوە، پرچی سەری کیژوڵانی هەورامی بە شانەی لەدار دروستکراوی دارگوێز داهێنراوون، تاپرچیان شانەبکەنوو بۆنی خۆشبێت و بەهێزبێت، تازەبەتازە خەڵک توێکڵی ئەو گوێزەی هەورامییەکان دەیخۆن دەیکڕن و تیکەڵ بەخەنەی هندستانی دەکەن، تاپرچیان ڕەنگینترو بۆنخۆشتربێت، با لە کاسەی دۆو چنگڵەی هەنجیر و زەمبیلەی ترێ و دیبەکی دیوار و پەنجەری ڕەنگاو ڕەنگ گەڕێین، یەکێک لەوشتانەی کە ئێستەش لەهەورامان ماوەتەوە، دروستکردنی فەرەنجییە، من ناڵێم هەورامییەکان داهێنەرین، بەڵام لەهەورامان دروستدەکرێت، هەورامییەکان دروستیدەکەن، لەهەورامان ماوەتەوە، هەورامییەکان لەبەریدەکەن، بەپێی بەڵگە شوێنەوارییەکان، مادەکان داهێنەری بوون، جا یان مادەکان هەورامی بوون یان هەورامییەکان مادیین، فەرنجی لای من بەرگێکی سەربازی سەربازانی مادە، وەک ئاڵای پیرۆزی ئێستەی کوردستانە، هەرکەس ڕقی لە فەرەنجیبێت بەدڵنیاییەوە ڕقیشی لە ئاڵای کوردستانە، هەرکەسیش ڕقی لە ئاڵای کوردستانبێت زۆڵە کوردە.

دۆزینەوەی کۆنترین جۆری دەستنووس لەهەورامان نیشانەی خوێندەواربونو ئاستی بەرزی ڕۆشنفکری ناوچەکەیە، زۆر بادور نەڕۆین ساڵی 1820کە ڕیچ گەڕیدەی ئینگلیزی دەچێتە شاری سنە تابلۆیەکی سەربازانی هەورامی دەنەخشێنێت، چەندە کەشخەن، ڕێکپۆش، شیکپۆش، لەپێلاوی پێیانەوە تاکڵاوی سەریان، تابلۆکە دیارە و خۆیی دەدوێت، هەورامانێک کە مێژوەکەی بریتیبوبێت لە داهێنانو خۆژیان و باغداری و ژینگەدۆستی و ڕەسەنایەتی، لە بەرگ و زمان و کلتورو خورادن، بەدڵنیاییەوە، دەبێت هەروابێت  ئێستە لەهەورامان خاوەنی پاکوخاوێنترین ژینگەین، خاوەنی کەمترین توندوتیژین دژی مرۆڤ، جاپیاوبێت یان ژن، خاوەنی زۆرترین خوێندەواری پسپۆڕی جیاوازین، تەنها شارەدێیەکی وەک تەوێڵە بەئەندازەی شارێکی گەورە پزیشکی هەیە، گوندێکی بچوکی وەک ئەحمەدئاوا ژمارەی دەرچوانی زانکۆ و مامۆستاکانی زۆر زیاترن لەژمارەی ماڵەکانی، خوداپەرستی لەدێرین زەمانەوە لەهەورامان ڕەگی قوڵی داکوتیوە، چلەخانە و جەمخانەی یارانی ئەهلی حەق و دینی یاری خانەقاکانی ئەهلی تەریقت، کەڕۆژگارێک گرنگترین ناوەندی زانستی کوردستانی مەزن بوون، گەواهیدەرو یادگاری زێڕینی ئەم پارچەیەیی کوردستانن، شۆڕشگێڕیکی وەک مەحمود خانی دزڵی، ڕزگارکەری شاری سلێمانی لەدەسەڵاتی ئینگلیز، هاوڕێی بەوەفای مەلیکی کوردستان، پیاوەمەزنەکەی نێو مێژویی کوردستان ،مەڕوحم شێخ محمودی حەفید، هەزار ڕەحمەت لەڕوحی بەرزەفڕی، نمونەی غیرەت و ئازایەتی هەورامییەکانە، بۆ کاتی تەنگانە و قبوڵنەکردنی زوڵم.

بەڵی ئەمە وەڵامێکی کورتی پرسیارەکەیە، هەورامان چی هەیە؟
تێبینی:هیوادارم هاوڕیانم سود لەم زانیاریانە وەربگرن بەرلەوەی خانەنشین ببن، چونکە ئیتر تەنانەت حکومەتیش ئیشیان ناداتێ و قسەیان لێوەرناگیردرێت.......

زیاتر