بیرم لێکردەوە قەیچێکە با ئەم جارە فەرەزندی ژن و پیاوێکی کرمانج، یان کوردێکی خۆماڵی و خۆمانی لە ئەهلی کەسەبە و بازاڕ ببێتە سەرۆکی حکومەتی داهاتوو، کابینەی دەیەم لە سەدەی بیست و یەکەمدا .
خۆ ئەم وڵاتە پڕە لە بەهرە و توانای تاقیکراوە لە کۆڕی ژیان و … دەرفەت بۆ نەرەخساو لە هەیوانی سیاسەت و ریاسەتدا. با یەکێکی تر لە کچان و کوڕانی کوردەواری تاقیبکەینەوە.
کوردستانی رەنگین و بوژاوە لە سروشت و لە سروت، دەوڵەمەند لە سەروەت و سامانی سەر زەوی و بن زەوی، کوردستانی دایک کە مام جەلال وتەنی قەت نەزۆک نەبوو و نییە، لەباری دایە سەرۆکی حکومەتێکی خەمخۆر و پەرۆش ، خەڵکی و خاکیمان پێشکەش بکات کە داهات و داهاتوومان پاشکەوت نەکات لە بیری تەنگ و تاریکی ئەژماری من و گیرفانی مندا.
ژینگەی دیموکراسی و هەوای هەڵبژاردن لەبارە و حزبەکەی ئامادەیە ئەم ژان و دەردە کۆتایی پێبێنێ و ئەم سەرۆک حکومەتە ناوزەد بکات. حزبەکە قیت قیتە و ژمارەی لە ١٢٩ ی لە تیر وپشکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان وەرگرتووە.
بەڵام وای لە حاڵی سەرۆکی داهاتووی حکومەت! ئیشەکەی قورسە و ئەرکە دارایی و خەرجییەکەشی تاقەت پروکێنە.
چونکە بە ڕاستی ئەوی ئێستامان لە تاو ململانێی هەڵبژاردن و لە حەژمەتی کەمپینی ڕاستکردنەوەی باری لاری تیمەکەی، بەڕاست و چەپدا پرۆژە خەرج دەکا و جادە و کۆڵانان قیرتاو ئەفەرمێ.
بەڕاستی ( فیلمە هندییەکە) دوای هەڵبژاردن و کابینەی نوێ دەست پێدەکات. چونکە کابرا بە (پیکاب و بەرازیلی) وەعدی گەورە گەورەی ئەوتۆی داوە بە جۆرێک سەرۆکە باش و چاک و خاسەکەی کابینەی دەیەم ئەکەوێتە ژێر باری قورسەوە و ئیشەکەی دژوارە.
وەکو کۆتایی بە زۆر شت دێنین پێویستە کۆتاییش بەم فەرهەنگە دواکەوتووە بێنین کە لەبەر باری لاری حزبی گۆشەگیر ، بە دەرزەن و بە پیکاب وەعد و بەڵێن بدرێت. ئەی چوار پێنج ساڵەکەی حوکمڕانی خۆت چیت دەکرد؟