ئامارەکان، ئاماژەی وێرانبوونن

عارف قوربانی

نووسەر و لێکۆڵەر
  06/01/2023  |    335 جار خوێندراوەتەوە

 ٦٦٣ نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی داخراون. ٨٢ پێشەنگەی ئۆتۆمبێل نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان رەتکردووەتەوە (ئەوانیش دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکانیان دایدەخەن). بەپێی ئاماری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان تەنیا لە ئەمساڵدا ٧٥ ھۆتێل و مۆتێل و شوێنی گەشتیاری داخراون. ئەم ئامارانە لە راپۆرتێکی پۆرتاڵی رووداو لە ژێر ناونیشانی (٢٠٢٢ ساڵێکی دڵخواز نەبوو بۆ خاوەن کۆمپانیا و کارگەکانی سلێمانی) بڵاوکراونەتەوە.

ئەم شوێنانەی داخراون ھەموویان شوێنی بەرھەمھێنان و شوێنی کارن، ھەر یەکەیان راستەوخۆ بژێویی دەیان خێزانی پێوە بەستراوە، داخستنیان واتا بڕینی سەرچاوەی داھاتی ئەو کەسانەی لەوێ کاریان کردووە. بێئەوەی ھیچ دامودەزگەیەکی بەرپرس ئەرکی بەڕێوەبردن و ژیانی ئەو خێزانانە بگرێتە ئەستۆ، یاخود شوێنی دیکەی کارکردنیان بۆ بدۆزێتەوە.

ئەمە جیا لەو زیانانەی بەر ئەو کرێکار و بازرگان و خاوەنکارانەی بازاڕ دەکەوێت کە بەھۆی داخستنی ئەو شوێنانەوە، ئەوانیش کارەکانیان لەدەستدەدەن یاخود کاریان کەم دەبێتەوە. 

ئەگەر لە وڵاتێکدا دەسەڵاتێکی بەرپرسیار ھەبێت، بڵاوبوونەوەی ئەم ئامار و داتایانە، رایاندەچڵکێنێت، رەنگە ببێتە ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت، یا لانیکەم دەزگا و وەزارەت و دامەزراوەی بەرپرس دەخرێنە بەردەم لێکۆڵینەوە و بگرە سزایشەوە، چونکە وەک چۆن زۆربوونی کارگە و کارخانە و پرۆژەی پیشەسازی، ئاماژەن بۆ گەشەسەندن و بونیاتنانی وڵات، لە ‌کارکەوتن و داخستنیشیان ئاماژەی داتەپینی ژێرخانی ئابووریی و بەرەو وێرانەبوونی ئەو وڵاتەیە. ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێت جێی مەترسییە، بەڵام لەوە مەترسیدارتر ئەو بێدەربەستی و ھەست بەبەرپرسیارێتی نەکردنەی دەسەڵاتدارانە بەرانبەر بەو رەوشە خراپە. 

لە ھەلومەرجێکی وەک ئێستای کوردستاندا کە چواردەوری بە دووژمن دەورەدراوە و شەڕی ئابووری لەگەڵ دەکەن، چاوەڕوانکراوە دەوڵەتانی دەوروبەر سیاسەتێکی ئابووری پەیڕەوبکەن کە نەھێڵن ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن ژێرخانی ئابووری.

ھەر بەرھەمێک لە ناوخۆی کوردستان بەرھەم بھێندرێت ئەوان بە خستنەڕووی ھەمان کاڵا و بە نرخی ھەرزانتر بیانەوێت بازاڕەکانی کوردستان پڕ بکەن، بەڵام ئەوانەی لە راپۆرتەکەدا قسەیان بۆ (رووداو) کردووە بەشێک لە ھۆکارەکانی ئەم کێشەیە بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەگێڕنەوە، وەک خاوەنکارەکان ئاماژەیان بۆ کردووە "زۆری نرخی کارەبا و زیادبوونی چەندین جۆری باج" ھۆکاری داخستنی کارگەکانیانە نەک رکابەری و کاڵا و بەرھەمی دەرەکی. کەواتە دەبێت ئەوە بزانین ھۆکارەکانی ناوخۆیین. 

تێڕوانینی حکومەت لە بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستاندا تێڕوانینێکی ھەڵەیە بەوەی ھەموو سەرنجی لەسەر ئەوەیە بتوانێت مووچە بۆ مووچەخۆرەکانی خۆی دەستەبەر بکات، لەکاتێکدا کەمتر لە ٢٠%ی خەڵکی کوردستان موچەخۆرن. رەخساندنی زەمینە و دەرفەتی کار بۆ بەشە زۆرەکەی کۆمەڵگە، دەبێت لەپێشتر بێت.

گەرچی حکومەت نایەوێت دان بەوەدا بنێت کە ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەکات، بەڵام بەپێی قسەی کاسبکار و خاوەن کارەکان "حکومەت دەیانڕوتێنێتەوە" بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی مووچەخۆران. قسەی ئەو خاوەن کارگەو کارخانانەی سلێمانی کە بەناچاری دەرگەی کارگەکانیان داخستووە ئەوە دەسەلمێنێت کە توانی دانی ئەو بڕە پارەیەیان نییە کە لەبری پێدانی کارەبا و باج لێیان وەردەگیرێت. 

بەر لەم راپۆرتەش چەند جارێکی دیکە لە بەرنامەکانی (لەگەڵ رەنج) گوێبیستی ھەمان ئەم ھاوار و ناڕەزایەتییانە بووین کە خاوەنکارەکانی بازاڕ نیگەرانن لە زۆریی باج و کرێی کارەبا. ئەگەر پێشتر ھەر قسە بووە و بەگوێی حکومەتدا دراوە، ئێستا ئەنجامی ئەو سیاسەتە دەبینین کە ئاماژەی داتەپینی ژێرخانی ئابوری وڵاتەکەمانە. بۆیە پێویستە حکومەت زۆر بە گرنگییەوە لەم بابەتە بڕوانێت و چارەسەری بە پەلەی بۆ بدۆزێتەوە. 

لە دوو دەیەی رابردوودا ئەوکاتەی قەیرانی شوێنی نیشتەجێبوون ھەبوو، حکومەت سیاسەتێکی پەیڕەو کرد بۆ ھاندانی وەبەرھێنەرانی ناوخۆیی و بیانی تا رووبکەنە ئەو کەرتە، بڕیاریدا زەوی بەنرخی زۆر ھەرزان تەرخان بکات بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، تەنانەت لە ھەندێک ناوچە نەک ھەر زەوییەکە، بەڵکو لە سندووقی نیشتەجێبوون قەرزیشی پێدەدان.

ئێستا گەشەی ئەو کەرتە گەیشتووەتە ئاستێک پلانی دەستەی وەبەرھێنان ئەوەیە لەمەودوا کارکردن لە ھەر پرۆژەیەکی نیشتەجێبووندا بەو مەرجە دەبێت کە ٥% بۆ دەستەی وەبەرھێنان بێت.

 رۆژگارێک زەوی و پارەشیان دەدا بە وەبەرھێن، ئێستا پشکی لێوەردەگرێت. 

پلانی حکومەت بۆ ھاندان و وەبەرھێنان پێویستی بە پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی زیاتر ھەیە. ھەڵەی زۆر لەو رێکارانەدا ھەن کە گیروانەتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خاوەن کارەکان. نموونەیەکی سادە لەسەر ماڵی خۆمان دەھێنمەوە کە ئەوکاتەی لە کوردستان دەژیام ماڵمان لە (بان موغان) بوو، ئێمە ‌و سەدان ماڵی دیکە لەناو باخەکانمان دەژیاین.

بۆ پێدانی کارەبا و کرێی کارەبا بڕیاری حکومەت بەو جۆرە بوو ئەگەر یاداشتێک بنووسیت و تەنھا بڵێت ماڵم لەو جێگەیەیە ئەوە بە نرخی ماڵەکانی ناو شار کارەبای پێدەفرۆشێت، بەڵام ئەگەر مۆڵەتەکەت وەک ئەوە وەربگریت کە تۆ لە ماڵەکەی خۆتدا باخداری دەکەیت، ئەوە نرخی پێدانی کارەباکەت وەک نرخی کارگە ‌و ناوچەی پیشەسازی چەندینجار گرانتر بوو لە ‌نرخی ماڵان.

 باشە ئەگەر کەسێک بیەوێت بەرھەمێکی خۆماڵی ھەبێت لە سەوزە و میوە، دەبێت ئاسانکاری بۆ بکرێت یا وای لێبکەیت بیر لە چاندنی دارێکیش نەکاتەوە.  

دەبێت بۆ پرۆژەکانی پیشەسازی و ھەر یەک لەو کەرتانەی دیکە کە ژێرخانی ئابووری بەھێز دەکەن، یان دەبنە ھۆکار و زەمینەی ھەلی کار بۆ ھاوڵاتیان بەو جۆرە بێت کە حکومەت یارمەتیدەریان بێت، نەک رێکارەکانی حکومەت ببێتە ھۆکار بۆ داخستنیان وەک ئەوەی ئێستا لە سلێمانی دەیبینین.

دەبێت حکومەت لەوە بکۆڵێتەوە سوودی ئەو سیاسەتە چییە لە گرانکردنی نرخی کارەبا و زۆرکردن و جۆراوجۆرکردنی ئەو باجانەی خراونەتە سەر خاوەن کارەکان گرتویەتییە بەر، ئەگەر ئەوە ئەنجامەکەی بێت کە کارگە و مۆڵ و ھۆتێل و چێشتخانەکان دایبخەن.

باج و کرێیەکی کەمتر دەستی حکومەت بکەوێت و دەرفەتەکانی کار و جوڵەی بازاڕ بەردەوام بن و زۆر لەوە باشترە بەنیازی دەستکەوتنی داھاتێکی زۆرترەوە لە باج، کارگەکان دابخرێن، چونکە کە داخران ئەوکات حکومەت ھیچی دەستناکەوێت. باپیرانیشمان گوتویانە (ھەشت بێ و لە مشت بێ، نەک نۆبێ و نەبێ).
زیاتر