باوكە گیان .. ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر شانازیتان پێوە دەكەم

  31/01/2021  |    4051 جار خوێندراوەتەوە
سڵاوتان لێ بێت باوكە گیان. زۆر بیرتان دەكەم، زۆر پێویستیمان بە ئێوەیە باوكە گیان. نازناوتان "ئەندازیاری ئاشتی"یە، ئێوه‌ هەر ئەندازیاری ئاشتيی نێوان لایەنە سیاسییەكان نەبوون، ئێوه‌ ئەندازیاری ئاشتيی ناو ڕۆحی خۆمان و میللەتەکەشمان بوون. ئاشتی بەشێكی گەورەی عەقیدەتان بوو، چونكە بەپێی عەقیدەی ئێوە، مرۆڤ بەرزترین مەخلووقی خالقە و بۆ ئەوە هاتووە بە ئاشتی بژیت و جیهان پڕ لە ئاشتی بکات و بۆ خۆی و دەوروبەری و هەموو بوونەوەرانی سەر زەوی، ژیان خۆش بكات.
باوكە گیان، زۆر پێویستیمان بە دڵفراوانییه‌كه‌تانه‌. زۆر پێویستیمان بە دڵێكە وەك دڵی ئێوە هەمووان وەك یەك جێگەیان تێدا ببێتەوە. پێویستیمان بە دڵێكە پردی پێكەوەگرێدان بەهێز بكات، چونكە وەك باوەڕی ئێوە، سەركەوتن هەر لە یەكگرتندایە.
ئەمڕۆ ساڵڕۆژی كۆچی جەستەیيتانه‌، بەڵام باوەڕ بكه‌ن هیچ ڕۆژێك لە ئێمە ون نەبوون، ڕۆژانە لەگەڵ ئێمە لەناو گفتوگۆ و خۆشەویستی و یادگارەكانی خەڵكدان. هەر كەسێك باسی ئێوە بكات، وەفاداريی بێسنووری ئێوە دەكەوێتە سەر هەموو وشە و ڕستەکانی ناو دەمیان. هەر كەسێك لە دۆست و پێشمەرگە هاوسەنگەرەكانتان ناوتان ببیستێت، بەرلە هەموو شتێك وێنە و هەڵسوكەوتە خاكی و ساده‌كانی ئێوە و نزیكيتان لە ئەوانەوە دێتەوە بەرچاويان، زۆر جاریش گێڕانەوه‌كانيان تێكەڵى فرمێسكەكانیان دەبن.
ئێستاش دوای 34 ساڵ، كە خەڵك ناوتان بە ناوی ئێمەی كوڕ و كچانتەوە دەبیستێت، دڵ و زمانیان پڕ دەبێت لە خۆشەویستی بۆ ئێوە، ئێمەش بەشی خۆمان لەو خۆشەویستییە وەردەگرین. ئەو منداڵە پێشمەرگە و ئاوارانەی كاتی خۆی ئێوە بە خۆشەویستییەوە بۆ پەرێشانیيان چەماونەتەوە و دەستی خۆشەویستیتان بەسەر سەر و ڕوومەت و پشتیاندا هێناوە، ئێستاش هێزی خۆشویستنی باوەڕ و نیشتمانەكەیان لەوساتەوە وەردەگرن. ئەو ئاوارانەی دوای كۆچی دوایيتان بێناز بوون، ئێستاش بە یادگاريی مەجلیسە ئازادەكانتەوە دەژین، ئەو كاتەی بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەك باسی هەموو كێشەكانی خۆیان بۆ ئێوە دەكرد، چونكە فێرتان كردبوون كە ئەوان جیاواز نین و ئێوەش لە وانن، بەڵكو هەموویان هاوسەنگەر و هاوبه‌ش و هاوباوەڕن لەگەڵ ئێوه‌دا و دەبێ هەموو كێشەكانتان بۆ باس بكەن، ئێستاش باسی ئەوە دەكەن كە چۆن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، بە هەمان شێوە بۆچوونی ئەوانیشتان وەرگرتووە.
هەر كوردێك ئێوەی بینیبێت، پەیوەندییەكی ڕۆحی لەگەڵ ئێوەدا بۆ دروست بووە، هەر كوردێك نامەیەكی ئێوەی لەلابێت، بووەتە یادگارییەكی گەورە بۆ بنەماڵەكەیان، هەر كەسێك گوێی لە چیرۆكەكانی وەفاداری و میهرەبانیتان بووبێت، بە بیستنی ناوه‌كه‌تان، سيمايان دەگەشێتەوە.
باوكەگیان، ئێوە فەرماندەی مەیدانیی زۆر لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بوون، لە شۆڕشی ئەیلوولدا تا دوایین ڕۆژ لە سەنگەردا لەگەڵ پێشمەرگە بوون، دوایین ڕۆژی ژیانيشت هەر لە بارەگایەكی پێشمەرگەدا بوو. لە شەڕدا ئازا بوون و لەگەڵ پێشمەرگە تەواو میهرەبان بوون، ناوی ئێوە بەسەر سەری داستانی زۆر لوتكه‌ و شاخی سەربه‌رزى كوردستانەوەیە كە دوای سەركەوتنەكانی ئێوە و پێشمەرگە، لە سەرتاسەری كوردستان، سەدان هەزار منداڵی كوردستان بە ناوی ئەو چیایانەوە ناو نراون.
پێشمەرگە، دڵسۆزی و وەفاداريی ئێوەی لەگەڵ خۆیان و كەسوكاریاندا دەبینی، بۆیە ئەوانیش له‌پێناو ئازاديی كوردستاندا، دڵسۆزی و فیداكارییەكی بێوێنەیان دەنواند.
باوكە گیان، میهرەبانیتان بۆ پێشمەرگە بە شێوەیەك بوو هیچ پێشمەرگەیەك نەبووە ئێوەی بینیبێت و لە میهرەبانی و دڵدانەوەتان بێبەش بووبێت. دڵخۆشكردنی پێشمەرگە و دڵدانەوەی كەسوكاریان، ئێستاش دڵنەوایيی ڕۆحیان دەكات. ئێوه‌ چۆن دەگەیشتنە دڵی پێشمەرگە، ئەوهاش ئاگاداری بارودۆخیان بوون.
باوکە گیان، ئێوە بە ژیریی خۆتان دەرگای نەکراوەتان بۆ کورد کردنەوە، دیپلۆماتکارێکی ئەوتۆ بوون ئێستاش لە چیرۆکی سەرکەوتنەکانتان فێر دەبین. باسە سیاسییەکانتان، کراوەییتان لە گفتوگۆ سیاسییەکاندا، ئێستاش یادگاريی شیرینی لای سیاسییەکانن. ئێوە دوای گەورەترین پیلانگێڕيى دژى گه‌لى كوردستان،‌ بە پلانی بەهێز دەرکەوتنەوە. ڕەنج و لێوەشاوەییتان لە شۆڕشی کوردستاندا هیچ کات لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا ون نابێت.
باوکە گیان، ئایینپەروەرییە خوایيیە بێڕیاییيەکەتان، باوەڕ و عەقیدەی قووڵتان کە گوفتار و کردەوەکانتانى کۆنترۆڵ دەکرد، لە ناختاندا ئازایەتییەکی گەورەيان بۆ دروست کردبوون. خۆشەویستیتان بۆ شعرەکانی تەسەوف و ئەدەبی کلاسیکی کوردی کە مەجلیسەکانی پڕ دەکردی لە ڕۆشنبیران و منەوەران و خەڵکی دڵپاکی کوردستان، ئێوەی کردبووە یەکێک لە گوتاربێژە سیاسییه‌ لێهاتووه‌كان. لەناو جەنجاڵيی دنیای پڕ لەناسۆر و پەرێشانی کورددا، قەسیدەیەکی مەلای جزیری باوەشێنی دڵ و دەروونی دەکردن.
کرانەوەتان بەرامبەر هەمووان، زمانشیرینیتان لەگەڵ هەمووان، گفتوگۆی نەرمتان لەگەڵ بیروباوەڕه‌ جیاوازەکان، هەمووی کەسێکی ڕادەکێشایە لاتان.
خانەدانی، پاكی، خاكیبوون و زانایی، له‌ هەموو كار و كاتێك لەگەڵتاندا بوون، لەبەرئەوەش مامۆستا هەژار بۆی نووسیوی:
گوڵی خانەدانی بارزان
وریا و پاكژ و لەكارزان
ئەستێرەی ڕێنموونی گەل
ناوەخت ئاوابوو لە كەل
باوكە گیان دوای 34 ساڵ هێشتا كۆچەكەتان ناوەختە. پێویستیمان بە ڕۆحی ئێوەیە كە دنیا بە شوێنی كۆكردنەوە بۆ خۆشەویستی دابنێت. ئێوە سایەیەكی وەك یەك بوون بۆ هەمووان لە كوردستان، لەبەرئەوه‌ ئەمڕۆش هەموو كوردستان ئێوه‌يان خۆشدەوێت، چۆنكە ئێوە هەمووتان وەك یەك خۆشدەویستن.
باوكە گیان، هەموو كەس ئەوەی لەبیرە كە لە كاتی تێكشكانەكاندا باوەڕتان بە سەركەوتن لە هەموو كات زیاتر بوو، لە كاتی سەركەوتنیشدا میهرەبانیتان لە هەموو كات پتر بوو، بۆیە ئەوانەی ڕاستەوخۆ ئێوەیان ناسیوە، یان ناڕاستەوخۆ لە گێڕانەوەكانەوە، زۆر ئێوەیان خۆشدەوێت، منیش ڕۆژ بە ڕۆژ بە خۆشەویستيی خەڵكەوە، زیاتر شانازی بە ئێوەوە دەكەم باوكە گیان.
باوكە گیان، بەڵێن تازە دەكەمەوە، بەپێی ڕێنماییەكانتان ئێمە لە گەل بین و خزمەتكردنی گەل باشترین ڕێگەمان و دڵی گەل گەورەترین ئامانجمان بێت.
باوکە گیان، سەربەرز گەورە بووی، سەربەرز ژیای و بە سەربەرزیش لەم دنیایە ڕۆیشتی.
ڕۆحت هەمیشە شاد بێت باوكە گیان.
زیاتر