یاریكردن بە كارتی حزبی بەعس

فەرید ئەسەسەرد

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
  22/02/2021  |    776 جار خوێندراوەتەوە
چاوپێكەوتنە دوورودرێژەكەی رەغدی كچی سەدام حسێن لە سەتەلایتی (عەرەبیە) زۆر پرسیاری وروژاند. ناوەڕۆكی قسەكانی رەغد لە چاوپێكەوتنەكەدا شتێكی تازەی تێدا نەبوو، گێڕانەوە مێژووییەكانیشی رۆتینی و ئاسایی بوون، بەڵام لەبەرئەوەی چاوپێكەوتنەكە لە كەناڵی عەرەبیەی سعودی و لە ئیمارات ساز كراوە، دەرگا بۆ زۆر پرسیار كرایەوە و گومان لە ئامانجی چاوپێكەوتنەكە هاتە ئاراوە.

ئەگەرچی سعودیە پەیوەندییەكی گرژی لەگەڵ رژێمی سەدام حسێندا هەبوو، بەڵام لە ترسی زیادبوونی هەژمونی شیعە و ئێران لە عیراق، دژی هەوڵی ئەمریكا بۆ روخاندنی رژێمی سەدام حسێن وەستایەوە، بەشداری لە هێرشەكەدا نەكرد و رێی بە ئەمریكا نەدا خاك و بنكەكانی لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بەكاربێنێ. هەر بە هۆی ئەمەشەوە، واشنتن بنكە سوپاییەكانی لە سعودیە داخست و هێزەكانی بۆ بنكەی عدێد لە قەتەر گواستەوە. تا ئێستاش، سعودیە هەر لە دۆخی عیراق نیگەرانە و بەو ئومێدەیە رژێمێكی گونجاوتر لە عیراق بێتە سەر كار كە كەمتر لە ژێر هەژموونی ئێران و شیعەدا بێ و زۆرتر بە پیر دۆستایەتی كەنداوەوە بچێ.

ئاسان نییە بە شێوەیەكی رەها بڕیار لەسەر ئەوە بدرێ كە سعودیە گرەو لەسەر گەڕانەوەی حزبی بەعس دەکات، چونکە خودی حزبی بەعس لە زۆر رووەوە لەگەڵ بەها سعودییەكان ناگونجێ، بە تایبەتی لە رووی سكولاربون و ناسیۆنالیستبونی حزبی بەعسەوە. بەڵام لەم هەلومەرجەی ئێستای ناوچەكەدا لانی كەم دوو فاكتەر هەن، دەشێ وا لە سعودیە و پێڕەكەی بكەن نەرمی بەرامبەر بە حزبی بەعس بنوێنێ و هەوڵی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی تر بدەن.

بە دڵنیاییەوە، فاكتەری یەكەم دابڕاو نییە لە نیگەرانی سعودیە لە ئێران و هەژموونی لە عیراق و سوریا و لوبنان. سعودییەكان پشتیوانی لەو تیۆرییە دەكەن كە حزبی بەعس تاكە لایەنە كە لێی رادەبینرێ بتوانێ سنوورێك بۆ هەژموونی ئێران دابنێ، بە تایبەتی كە ئەزموونی هەشت ساڵەی جەنگی عیراق-ئێران نیشانیداوە كە عیراق، لە ژێر دەسەڵاتی حزبی بەعس، بە پشتیوانی سعودیە و پێڕەكەی، سەركەوتوو بوو لە پاراستنی خۆی و رژێمەكانی كەنداو.

فاكتەری دووەم پەیوەندی بە نیگەرانیی سعودیەوە هەیە لە رەهەندە تازەكانی سیاسەتی ئەمریكا لە سەردەمی سەرۆك جۆ بایدن. هەموو ئاماژەكان نیشانی دەدەن كە پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و سعودیە بە قۆناغێكی دژواردا تێدەپەڕێ و سەركردایەتی سعودیە زۆر لە ئاراستەكانی سیاسەتی بایدن نیگەرانە. دژوار نیە تێبینی ئەوە بكەین كە سیاسەتی بایدن لە زۆربەی پرسەكاندا لەگەڵ تێڕوانینی سعودییەكان ناگونجێ.

لەلایەك، بایدن بە شێوەیەكی نەرم مامەڵە لەگەڵ قەیرانی یەمەن دەكا و پێی باشە حووسیەكان لە لیستی تیرۆریستان دەربێنێ و رێگە چارەیەكی سیاسی بۆ قەیرانەكە بدۆزێتەوە. لە لایەكی ترەوە، بایدن بە نیازە دەست بۆ فایلی كوشتنی خاشوقچی بباو دەقی راپۆرتی هەواڵگری ئەمریكا بڵاوبكاتەوە كە ئەمەش، ئەگەر روویدا، پشتی بن سەلمان دەشكێنێ و سعودیە لە هەموو جیهان ریسوا دەكا.

فاكتەری سێیەم پەیوەندی بە رێكەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و هەر یەك لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیاوە هەیە و پێدەچێ ئەمریكا بە نیاز بێ بڕیاری كشانەوەی لە رێكەوتنەكە هەڵوەشێنێتەوە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ ئێران. دیارە پابەندبوونی ئێران بە رێكەوتنەكە بە بێ نرخ نابێ و لە بەرامبەردا سزاكانی لەسەر لادەبرێن، بە تایبەتی كە واشنتۆن ئەنجومەنی ئاسایشی لەوە ئاگادار كردۆتەوە كە دژی درێژنەكردنەوەی سزاكانی سەر ئێران نابێ.

لەم سۆنگەیەوە، سعودییەكان هانا بۆ كارتی حزبی بەعس دەبەن و ئەو كارتە بە رووی ئێران و ئەمریكادا بەرز دەكەنەوە. بەرزكردنەوەی ئەم كارتە بەم واتایە نایەت كە سعودییەكان پشتیوانی لە هاتنەوە سەر كاری حزبی بەعس دەكەن، بە كردەوەش هیچ بەڵگەیەك نیشانی نادات كە سعودیە بەڕاست خوازیارە حزبی بەعس بگەڕێتەوە، بەڵام لەم یارییەدا لانی كەم سعودیە كارتێكی چنگ دەكەوێ یاریی پێ بكا لەگەڵ ئێران و ئەمریكا. ئەوەی كە سعودیە لەم یارییەدا چەند سەركەوتوو دەبێ، مەسەلەیەكە دەوەستێتە سەر رەوتی رووداوەكان.
زیاتر