وا بەرگری لەکاک نەوشیروان ناکرێت

  13/09/2020  |    2484 جار خوێندراوەتەوە

کاک نەوشیروان تا لەژیاندا بوو زۆر جار کەوتۆتە بەر رەخنەو تانە وتەشەری رکابەرە سیاسیەکانی، تا کار گەیشتە ئەوەی پارتی بەبیانووی تێکدانی ئاسایش گشتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکات، ئەو زۆر جار گلەیی لەوە دەکرد کەهاوڕێکانی لەبەرامبەر هێرشی رکابەرەکانیدا بێدەنگی هەڵدەبژێرن وهیچ ناڵێن، بەڵام بەحوکمی ئەوەی خۆی قسەکەرێکی باشبوو، هەروەها خاوەنی قەڵەمێکی تیژیش بوو، بۆیە خۆی وەڵامی رەخنە وتانەکانی دەدایەوەو زۆر پێویستی بەبەرگری هاوڕێکانی نەبوو .

ئێستا  کەخۆی لەژیاندا نەماوەو بزوتنەوەی گۆڕانیش ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرتووە، بۆیە کاک نەوشیروان زیاتر موعەرەزە روبەڕوی رەخنە وتانەو تەشەر بێتەوە، وەڵامی تانەو رەخنەکانیش بەجنێو وقسەی زبر نادرێتەوە، بەڵکو ئەرکی هاوڕێکانێتی، ئەوانەی لەشاخ وشار لەگەڵیدا ژیاون، بەرگریی لێ بکەن، بەووتنی راستیەکان، نەک بەرگری کوێرانە ودەمارگیرانە .

دوای مردنی پارتی ووتی: بەمردنی نەوشیروان مستەفا گۆڕان عاقڵ بووە، هاوڕێکانی هیچیان نەوت ولەبەری ئەوە ووتیان ئێمە بە وەرگرتنی چەند پۆستێک لەپارتی درێژە بەرێبازەکەی رەوانشاد ئەدەین، نەک هەر ئەوە، بەڵکو هەندێکیان ئەیانووت: ئێمە لەدانووستاندا لەرەوانشاد سەرکەوتوو تر بوین!! ئێستاش کەمێژووی شاخ هەڵدەدرێتەوە وکاک نەوشیروان تۆمەتبار ئەکرێت، وەڵامدانەوە وبەرگریکردن بەوە نابێت، چەند گەنجێک جنێو بدەن، یان لەتۆڕی کۆمەڵایەتی وێنەکەی دابنێن وبڵێن لەسەر رێبازەکەت بەردەوامین!! بەڵکو ئەرکی ئەخلاقی هاوڕێکانێتی بەبەڵگەی مێژوویی وەڵامبدەنەوەو راستیەکان بخەنە ڕوو .

 
پابەند بوون بە رێبازی کاک نەوشیروانەوە بەدروشم وقسەی باق وبریق نابێت، بەڵکو بەکردار ئەبێ، کاک بابەکر دڕەیی پێشتر باسی حەسەن و حوسێنی ئەکرد، ئایا ئەزانی شیعەکان بەدەمارگیریی وبەرگری کوێرانە وپیرۆزکردنی حەسەن وحوسێن زیانی زۆر گەورەیان لەخۆیان وحەسەن وحوسێنیش داوە؟

 
من وەکو خۆم ئەو ماوەیەی لەخزمەتی کاک نەوشیرواندا بووم وکارم لەگەڵیدا کردووە، ئەرکی ئەخلاقی سەرشانمە بەووتنی راستیەکان، بەرگریی لەخۆم بکەم پێش ئەو، با لەدەرەوەی بازنەی گۆڕانیش بم، چونکە بەرپرسیارێتی کارکردنی پێکەوەیی بەرپرسیارێتیەکی هاوبەشە، بەڵام لەبەر ئەوەی رەخنەکانی ئێستا پەیوەندییان بەخەباتی شاخەوەیە، بۆیە رێگە بەخۆم نادەم تەنانەت ووشەیەکیش بڵێم، لەبەرئەوەی ئەرک وبەرپرسیارێتی ئەخلاقی هاوڕێکانێتی لەشاخ کە راستیەکان بڵێن وبەرگری رەوای لێ بکەن .

زیاتر