کاک عومەر مەترسە و پیاڵە ژەهرەکە بخۆرەوە، وازبهێنە

  12/02/2021  |    5359 جار خوێندراوەتەوە

بۆ مێژوو ئەیڵێم دروستکردنى خانەى راپەڕاندن و هەڵبژاردنى خولى یەکەمى ئەم خانەیە کێشەکانى بزوتنەوەى گۆڕانى تەقاندەوە. ئیتر لێرەوە خەت و تەکەتولەکانى ناو بزوتنەوەکە تۆختر بوونەوە و بەئاشکرا کەوتنە دژایەتى یەکتر. بەداخەوە هەندێک لەم خەتانە هەموو هیڵەکانى ململانێى رەوایان بەزاندوو، بێ بەزەییانە کەوتنە وێزەى هاوڕێکانیان، تا رادەى ناشرینکردن و بوغزاندن و دەرکردن. ئەو کاتەى لەجڤاتى نیشتمانیدا گفتوگۆمان ئەکرد لەسەر دروستکردنى خانەى راپەڕاندن، من ئەمەم ووت و لە کۆنوسى کۆبوونەوەکانیشدا نووسراوە: "  تکایە با پەلە نەکەین لەدروستکردنى خانەى راپەڕاندندا، چونکە دروستکردنى خانە بەم شێوەیە، رابردووى بزوتنەوەکە ئەشێوێنێت و ئێستا و داهاتووشى ئەخاتە مەترسیەوە ". بەهەر حاڵ، خانە دروستکرا و ناکۆکیەکانیش زیاتر بوون، بەدرێژایى خولى یەکەمى خانە هەموو رەخنەکان روو لەخانە بوون، خانەش لەناوخۆدا ناکۆک و لەبەرامبەر داخوڕانى بزوتنەوەکەشدا بێدەنگ. هەڵبژاردنى خولى دووەمى خانە تا رادەیەک ئاسانتر رۆیشت، چونکە ململانێیەکى کەم کەوتە نێوان هاوپەیمانانى خولى یەکەمەوە سەبارەت بە پۆستى سکرتێرى باژێرەکان، ئەم ململانێ کەمەش لەئەنجامى چۆڵکردنى گۆڕەپانەکەوە دروست بوو لەلایەن رکابەرەکانى خولى یەکەمەوە، ئەگەر ئەمان چۆڵیان نەکردایە ئەو ململانێیەش دروست نەئەبوو .

ئێستا خانە دوا رۆژەکانى خولى دووەمى بەرێدەکات، کێشەکانى لەم خولەدا زۆر زیاتر و گەورەترن لەخولى یەکەم، لەهەردوو خولەکەشدا بەڕێز کاک عومەرى سەید عەلى رێکخەرە. لەگەڵ رێزى زۆرم بۆ کاک عومەر بەڵام وا دەردەکەوێت بەشێکى زۆرى کێشەکان روویان لەو بێت، بەبەڵگەى ئەوەى ناکۆکیەکانى کاک عومەر لەخانەدا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا زوتر و زیاتر دەرکەوتن و تەقینەوە وەک لەگەڵ رکابەرەکانیدا. هەرچەندە من هیچ پەیوەندییەکم بەم بزوتنەوەى گۆڕانەوە نەماوە، بۆیە رەنگە مافى رادەربڕینم نەبێت لەسەر بڕیارەکانى، بەڵام لەبەرئەوەى ماوەیەکى باش خزمەتى ئەم بزوتنەوەیەم کردووە، هەروەها بەئەندازەى دەنگدانم بەم بزوتنەوەیە، رێگە بەخۆم ئەدەم بۆچوونى خۆم لەسەر ئەداى سیاسى و کارى رێکخراوەیى گۆڕان بنوسم .

بەبۆچوونى من کاک عومەر ئێستا لەبەردەم سەنگى مەحەک و بڕیارێکى چارەنوسسازدایە. لەجیاتى ئەوەى پۆستە بەتاڵەکانى خانە پڕ بکاتەوە، بەڕاى من زۆر باشترە، خۆى دەست لەکار بکێشێتەوە یان خانە هەڵبوەشێنرێتەوە، چونکە ئەم خانەیە جگە لەبەڵا و موسیبەت هیچى دیکەى بۆ بزوتنەوەکە پێ نەبوو .

کاک عومەر و هەموومان ئەزانین کاتى خۆى کاک نەوشیروان کەرەخنەى لە کاک کۆسرەت گرت، پێى ووت: " ئەم پیاوە منەتى چیمان بەسەردا ئەکات، ئێمە حکومەتێکمان دایە دەستى لە زاخۆوە تا خانەقین، بەڵام کاتێک بەخۆمان زانى خەریک بوو سلێمانیشمان لەدەستدا نەمێنێت ". کاک عومەر هەموومان گەواهی بۆ خەبات و تێکوشان و قوربانى جەنابت ئەدەین، ئەوە مێژوویەکى پرشنگدارە و ئاگادارى بە، لێ مەگەڕێ بشێوێت، یان بسڕێتەوە،  گوێ مەدە بەو چەند کەسەى دەورت کە پۆست پەرست و تۆ نەویستن، مەترسە و پیاڵە ژەهرەکە بخۆرەوە، لەجیاتى پڕکردنەوەى پۆستە بەتاڵەکانى خانە، خۆت وازبهێنە، چونکە پڕکردنەوەى ئەم پۆستانە بەهەرشێوەیەک بێت دڵنیا بە بێ کێشە و ئاریشە نابێت. راستە کاک نەوشیروان نەماوە، بەڵام ئایا لەوە ناترسیت بەروح بێتە لات و پێت بڵێت: " سەید عومەر منەتى چیمان بەسەردا ئەکەیت، بزوتنەوەیەکى پێنج سەد هەزار دەنگدەریمان رادەستى جەنابت کرد، کاتێک بەخۆمان زانی، لە پێنج هەزار نزیک دەبینەوە !! ". دڵنیابە ئەم قسەیە هاوڕێ نزیکەکانت یان خەڵکى دیکە ئەیکەن و  روداوەکان و مێژووش  پشتگیرییان ئەکەن. بەراى من ئێستا هەلێکى زێڕین هاتۆتە پێش، رەنگە ئەم هەلە دووبارە نەبێتەوە، واز بهێنە و لەلۆمەى لۆمەکاران مەترسە، بزانە چەند قات دەستخۆشیت لێ ئەکرێت. دڵنیابە ئەگەر بەوازهێنانت بزوتنەوەکەشت بۆ رزگار نەکرێت، ئەوا خۆت رزگار ئەکەیت لەبەرپرسیارێتى مێژوویى. لەکۆتاییدا هیواى تەمەن درێژیى و تەندروستیەکى باش و سەرکەوتن و بەختەوەریتان بۆ ئەخوازم .


زیاتر