هەرێمی کوردستان لە دووڕیانێکی مەترسیدار !

ئارێز عەبدوڵا

نوسەر و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی
  13/08/2020  |    665 جار خوێندراوەتەوە

لە هەر ڕوانگەیەکەوە بارودۆخی ناوخۆیی کوردستان هەڵسەنگێنین، بە داخەوە دەبینین لەوپەڕی خراپیدایە، گیرۆدەی قەیرانە سیاسی، ئابووری، کارگێڕی، تەندرووستیەکان بووە. کەچی، لایەنە بەرپرسەکان ئۆباڵەکەی دەخەنە ئەستۆی قەیرانی تەندرووستی جیهانیی و بەغدا !

من نازانم ئەوانە هەر هەندەی لێ تێدەگەن و وای دەبینن، یان خەڵکی بە مێگەل و دەبەنگ دەزانن؟ !

دیارە نەک هەر کوردستان بەڵکو زۆربەی وڵاتان لە کات و هەلومەرجی جیا جیادا توشی قەیران دەبن، بەڵام چۆنێتی ڕوو بە ڕوو بوونەوە و دەستنیشان کردنی هۆکارەکانیان جیاوازە. هەر وڵاتێک توانی پەنجە لەسەر هۆکارەکانی قەیرانەکانی دابنێ دەتوانێ بە ئاسانی و بە نزیکترین ڕێگا لێی دەربازبێ، بە پێچەوانەوە ئەو ڕژێمانەی لە پێناوی مانەوە و نیشاندانی ئەستۆ پاکی خۆیان گەلەکانیان چەواشە دەکەن، پەنجەی تۆمەت و تاوان بۆ پیلانەکانی دەرەوە درێژ دەکەن هەمیشە قەیرانی وڵاتەکانیان قوڵتر کردۆتەوە .

ساڵانی ڕابردوو پێگەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان، ئابووری، سیاسی و سەربازی لە ئاستێکی زۆر باڵا دا بوو بەڵام خەمساردی و بێباکی، گەندەڵی و سەرەڕۆیی، بێسەروبەرەیی بەڕێوەبردن و سەقەتی سیستمی حوکمڕانی کوردستانیان بەم ڕۆژە گەیاند. ئەوەی دیاریشە تا ئێستا نەک هەر ئومێدی هەستانەوە و بوژانەوە نییە، بەڵکو مخابن لە پوکانەوەشە .

سەیرە، دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە لە جیاتی گەڕان بەدوای هۆکارە ڕاستەقینەکان تەنیا لە پێناوی مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات ڕۆژ دوای ڕۆژ بارودۆخەکە خراپتر دەکەن. ئەوان نایانەوێ باس لە هۆکارە ڕاستەقینەکان بکەن، چونکە لە لایەک خۆیان بەرپرسیاری یەکەمن، لە لایەکی دیکەش دەبێ چاکسازی ڕاستەقینە بکەن، یان دەستبەرداری دەسەڵات بن. بێگومان چاکسازی ڕاستەقینەش نەک هەر لە بەرژەوەندیان نییە، بەڵکو ناتوانن جگە لە قسە و دروشم خۆشێ لە قەرە بدەن، چونکە سیستەمە حوکمڕانییەکە هێندە سەقەت، گەندەڵ و تێک ئاڵاوە لە هەر لایەکەوە دەستی لێبدەن تەنیا بەسەر سەری خۆیاندا دەشکێتەوە. ئێستا هەرێمی کوردستان لە دووڕیانی پوکانەوە و داڕماندایە. فەرموون سەیرکەن :

 حکومەت مووچەی فەرمانبەرانی پێ نادرێ .
 قەیرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەیە .

- متمانە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات نییە .

- سیستەمی بەرگریی وڵات لەوپەڕی بێهێزی دایە .

- قەیرانێکی سیاسیی ناوخۆیی گەورە هەیە .

- دامودەزگاکانی دەوڵەت نەک هەر لە یەکتری جیا نین، بەڵکو بە شێوازی جیاواز ، بەڵام بە یەک ناوەڕۆک لە خزمەتی بەرژەوەندیی و سیاسەتی دەسەڵاتداراندان .

- تا دێ ئێران فشارەکانی لەسەر هەرێم زیاتر دەکا .

- تورکیا بە بیانوی لێدانی پەکەکە خەریکە نیوەی کوردستان داگیر و وێران دەکا .

- حکومەتی عێراق خۆی خستۆتە سەر پشت و ئامادە نییە بە دڵی حکومەتی هەرێم بکا .

ئەو هەرێمەی لە ڕابردوودا مەرجی دەسەپاندنە سەر عێراق، ڕێز و هەیبەتێکی گەورەی لە هەرێمەکە و جیهان هەبوو، ئەمڕۆ لە سایەی ئەو دەسەڵاتەی چەندین ساڵە تەنیا قسە دەکا و گوێ لە هاوئاوازەکانی خۆی نەبێ ناگرێ بەو دەردە چووە. من پێم وایە کاتی تۆمەت بەخشینەوە و ئۆباڵ خستنە ئەستۆی نەیاران و نا حەزانی گەلی کوردستان نییە، چونکە ئەوان لە بنەڕەتەوە چاکە و چارەی ئێمەیان ناوێ، بەڵام ئایە چی دەکەوێتە ئەستۆی خۆمان و بە چ ڕێگایەک لانیکەم باری ئەو قەیرانانە لەسەر گەل و وڵات سوک بکەین؟

کاتێک من باسی ئەو هەموو قەیرانانە دەکەم مانای وا نییە هەموو دەرگاکانی دەربازبوون داخرابن، بەڵکو هێشتا دەرفەتی گەورە و فراوانیش لە پێشن، ئەگەر دەسەڵاتداران لە پێناوی بەرژەوەندیی میللەت دەستبەرداری بەشێک لە بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆیان و کورسیە لەقۆکەکانیان ببن .

زیاتر