کورد لەبەردەم هەڕەشەکاندا !

ئاسۆ عەبدوللەتیف

نووسەر و رۆژنامەنووس
  07/01/2024  |    338 جار خوێندراوەتەوە
ئەمریکا هێشتا بەشار ئەسەدی هێشتۆتەوە لەبەر دڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو خێڵە شیعەگەرەی دەوری خێزانی ئەسەدیەکان کە عەلەوین و ئەوەش پێی دەوترێت (عقد) گرێبەستی درێژخایەن.

ئەمریکا بزوتنەوەی تاڵیبانی دەیان ساڵ لە گۆڕەپانی ئەفغانستان دوور خستەوەو تاڵیبانێکی بە ڕەنگ و ڤیژنی نوێ له‌ 15ی ئابی 2021 هێنایەوە ناو گۆڕەپانەکە بۆ حوکم ئەوەش پێی دەوترێ فشارو هێزی گرێبەست.

کورد لە عێراقدا نەفەس درێژانە دەبێت مانۆڕ بکات لەگەڵ پرسە گەرمەکاندا بۆ مانەوەی خۆی و هەڵچوون و توڕەبوون و گوتاری ئایدۆلۆژیی و سۆزداری لەگەڵ ئەمریکیەکان و سپیپێستە ئەوروپیەکان دادی نادات، یەک هاوکێشەی هێز بگۆڕێت لەم ناوچەیە دوور نییە دەستکاری ئەم ستاتۆ کوردیەش بکەن بەخاتری دەوڵەتەکانی ناوچەکە، بۆیە لەنێوان پشتگیری بەلاش بۆ ئەمریکاو شەڕکردنی بەلاش دژی داعش دیسان بۆ ئەمریکاو سەقامگیری ئەوان لە ناوچەکەو دژایەتی هەرزان بۆ بەرەی موقاوەمەی شیعە، سیاسەتێکی هاوسەنگ نییە چونکە هیچ گرێبەستێکی نیە بۆ ئەم گەمەیە.

قەوارەی هەرێم لەبەردەم دۆخێکی ناسکدایە کەدۆخی غەزەب و فەتوای مەزهەبی و رایسیزمی شیعیەگەریی و فاشیزمی عەرەبیە نەک فارسی ئێرانی، ئێران وەک دەوڵەت زیرەکانە گۆڕەپانەکە بەکاردەهێنێت بۆ سودی خۆی و ئاسایشی نەتەوەیی، هەموو ئەوانە، مجمع تشخیص مصلحت نظام، دەیکات، چونکە دەوڵەتە، یانی ئێران بتوانێت بە قەبارەی ١١ ملیارد دۆلار گاز بە عێراق بفرۆشیت لەکاتێکدا عێراق خۆی سەرچاوەی دابینکەری سەرەکی گازو نەوت و وزەی جیهانیە ئەوە پێی دەوترێت هەژموون، بۆ عێراقیش ئەوپەڕی لەدەستدانی سەروەریی و دەسەڵاتی ئابورییە، سەرباری ئەوە ئێران زیرەکانە ئەم هەژموونە وەگەڕدەخات، هێشتا نایەوێ عێراق دەوڵەتیانەترو مۆدێرنتر لەخۆی نمایش بکاو دەربکەوێ و یاری زیرەکانە بکات، بۆیە پڕیکردوە لە ڕەگەزی ناسەقامگیری و نائارامی و کەتیبەو فیرقەو گروپی توندڕەوی چەکداری قورمیشکراو، بۆیە ئەو گروپە مەزهەبیانەی عێراق خۆیان بە خاوەنی خاکی هەرێم دەزانن و داوای هەڵوەشانەوەی دەکەن و درۆن بارانی دەکەن، ئەوەش بەهۆی هاوکاری و داڵدەی ئەمریکیەکانەوە نییە بەتەنها، پرسەکە پرسی ختوکەدانی مەزهەبیشەو تێگەیاندنی خەیاڵدانی شیعەو شەقامی پۆپۆلیزمی عەرەبییە بەوەی کورد هاوپەیمان و هاوئاوازە لەگەڵ ئەنکەرەو دەوحەو ڕیازو تەلئەبیب، ئینجا کوردیش هەرزان خاکی خۆی دەخاتە بەردەست ئەویتر، ئەوەی شیعە لە ئێستا دەیگرێتەبەر سیاسەتی میدیایی و میلیشیایی پەتییە بۆ فشار نەک دەوڵەتیانە، قوتت نادەن سەرئێشە دەبن بۆت، کورد گرنگە شەڕی دەستوریی و گرێبەست و پرۆتۆکۆلی بکات چونکە لە شەڕی میلیشیاییدا کورد دەبێ بەژێرەوەو باهۆزەکە دەیخنکێنێ ، کورد سەرۆک کۆمارو مەندوب و وەزیرو پۆستی هەیەو دەبێ وەگەڕی بخات دەبێت گرژی و مانۆڕ بخوڵقێنێ و خۆی بەخاوەنی بەغداو بەسرەو نەجەف بزانێ و هەرێمی سوننی و تورکی و بەسرە بخاتە ڕۆژەڤ و مارکێتینگ و وروژاندنی میدیایی بۆ بکات و نەترس بێت لە مانۆڕی سیاسی.

دەرکردنی هێزی هاوپەیمانان بەتایبەت سەربازانی ئەمریکا بڕیاری پەرلەمانی بۆ دەرچوەو یاساییە لە ٥-١-٢٠٢٠ دەنگی بۆ دراوە دوو ڕۆژ دوای بە ئامانج گرتنی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس، گەرچی ڕێککەوتنی سیاسی واژوکراویش هەیە لەنێوان نوری مالیکی و هێزە ئەمریکیەکان لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆ مانەوەی هاوپەیمانان، بەشێکی ئەرکانی عەقدیش ئیلتیزامە «العقد مصدر من مصادر الالتزام» کەواتە دۆخەکە یاسایی و عەقدی و پابەندیەو ئەمریکا دەبێت خۆی چارەی بکات بەیاسایی نەک بەچەک و ئەگەر بەچەک و پاوەرو هێزیش کردی ئەوە ئیشی خۆیانە نەک کورد.

زیاتر