ساڵی درۆن

ئاسۆ عەبدوللەتیف

نووسەر و رۆژنامەنووس
  01/01/2024  |    528 جار خوێندراوەتەوە

وادیارە خەباتی تەکنیکیانەی درۆن لە ئێستادا باشترین بژاردەی دەوڵەتانی نەیاری حکومەتی هەرێمەو بەباشی کاری بۆدەکەن و ئامانجەکانی پێکاوەو دەیپێکێ لە داهاتوودا، گەرچی وەک کورد هیچ جۆرە بەرخوردو ئەجێندایەکی بەرگریمان نیە بۆ ئەو دۆخە هەستیارە، لەکاتێکدا جیهان خەریکە قاچ دەخاتە نەخشەی گۆڕانکاریەکانی ساڵێکی نوێوە، سەرباری هەڕەشە گەرمەکان لەسەر خۆمان و قەوارەکەمان گفتوگۆیەکی جدیمان نەکردوە لەسەر ئەو پرسە ئەمنیەو هەر خەریکی کریسمس و ئاهەنگەکانی سەری ساڵ و موجامەلەو بانگهێشتکردنی نوێنەرو قونسوڵگەریە بیانیەکانین بەبێ ئەوەی سوودێکی هەبێت لەسەر گەشەسەندنی هەرێم و لایەنە ئەمنیەکەی.

ترساندنی هەرێم لەڕێگەی درۆن و باروت و هەیەجانی کوشتن و تێکدانەوە، وەک لۆژیکی هێزو هەژموونگەرای نوێ ماوەیەکە بۆتە بیزنسی سیاسی و موخابەراتی دژی هەرێم، درۆنگرتن و نیشانەگرتن لە ئامانجە مەدەنی و  ناسیاسیەکان لە هەولێر و لێدانی کوێرانە لە ئامانجی نادیار بۆ سازکردنی کەشی ترس و دڵەڕاوکێیە لە هەرێم تاوەکو هەرێم دەستکراوە نەبێت بۆ دۆستە ڕۆژئاواییەکانی، بەڵام دەشزانن دەستکراوەیەو ئەمریکیەکان عێراقیش بەجێ بهێڵن کوردستان و هەولێر بە ماڵی خۆیان دەزانن بۆ دەیان ساڵی ئایندە.

لە ڕووی دیبلۆماسی و ئایدۆلۆژییەوە ئەو بەرەیە خەریکی ئەوەن کۆمەڵگاو حیزبی کوردی شەق بکەن و هێڵی سیاسی و ڕێکخراوەیی و بەرەی مەترسیداریان تێدا دروست بکەن و تەنانەت لەڕووی جوگرافیای سیاسی درۆنیشەوە ئەوەیان ساغکردۆتەوە.ئەو ڕوانگەو بەرەیە شاری سلێمانی وەک قوڵایی ستراتیژیی تاران و بەغدادو درێژکراوەی کەرکوکی ئێستا تەماشا دەکەن، واهەست ناکەن مۆڵگەی مۆسادو هەواڵگریی ئەمریکی تێدابێت و دژیی ئێران و وەلائیەکان بن، بەڵام هەولێر جیاوازتر دەبینن وەک مەتبەخ و قوڵایی ئەمریکی، وێنای دەکەن، بەو دیدە جەهەنمیەوە هەرێمی کوردستانیان لە باری ئیداری و جیۆسیاسییەوە کردوە بە دوو قاژەوە، ماوەیەکیش لە ڕێگەی وەکیل و پرۆکسیەکانیانەوە بەناوی جیاکردنەوەی هەرێمی سلێمانی و هەڵەبجەوە خەریکی ئەو بەندوباوە بوون و بۆیان نەچوەسەر.

لەپەلامارە مووشەکیەی شەوی ١٢ لەسەر ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢ کە کرایە سەر ئامانجە مەدەنییەکانی هەولێرو ڤێلایەکی مەدەنی تا درۆنە بۆمبڕێژکراوەکەی شەوی ٨-٦-٢٠٢٢ی سەر ڕێگای سەرەکی هەولێر - پیرمام کە قوربانیی لێکەوتەوەو دواتریش دەیان جار دووبارەبوونەوەی ئەو دیاردەیە، تا ڕوداوی دڵتەزێنی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی سلێمانی لەئێوارەی ١٨ ئەیلولی ٢٠٢٣ تا هێرشە درۆنیەکەی ئەمشەوی ڕابردووی پێگەیەکی سەربازیی پێشمەرگە لە ھەولێر ٣١-١٢-٢٠٢٣ ئەوە یەکەم جارە حکومەتی هەرێم- هەولێر بەفەرمی و بەو تۆنە توندە، عێراقی فیدڕاڵ تۆمەتبار بکات لەسەر هێرشەکان و  بەرپرسیاریەتەکەی بخاتە ئەستۆیان وەک لە بەشێکیدا دەڵێت؛ (ئێمە ئەو لایەنانەو حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گروپە لە یاسادەرچووانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵیەوە بودجەو مووچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەر چاوی حکومەتی عێراقەوە هاتووچۆ دەکەن و چەک و مووشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان)

دیارە هێشتا عێراقیەکان نایانەوێ بەیاسا ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوەو ناگەڕێنەوە بۆ وەرەقەو دیباچە دەستووریەکان و سنورێک بۆ ئەو پاشاگاردانییەی گروپە چەکداریەکان و دەوڵەتانی جیرانی دژە هەرێم دابنێن، بۆچی؟ چونکە خۆیان بەشێکن لەو ئەجێندا سیاسییە دژی هەرێم و بوونەتە مەتبەخی گەرم و حەوشەی پشتەوەی درۆنەکان.
زیاتر