(پاشەکشەی هێزی پیشمەرگە و کۆنفراسەکەی ئێمە حیزبی شیوعی عێراق-قیادەی مەرکەزی)

محەمەد ئەمین پێنجوێنی

نوسەر و سیاسەتمەدار
  28/07/2020  |    907 جار خوێندراوەتەوە
لە دوای دەسگیرکردنی هەموو سەرکردەکانی حیزب و روخاندنی رەمزەکانی وەکو ( عەزیز ئەلحاج ) و چەند کەسێکی تر و نیشاندانیان لە تەلەفزیۆن،بووە هۆی نائومێدیەکی زۆر لە ناو ریزەکانی حیزب و چەپ و شۆرشگێرەکاندا .

بەڵام ئێمە لە لقی کوردستان هەر زوو کەوتینەوە چالاکیی و پێوەندی کردن بە رێکخراوەکانەوە، هەتا گەشتینە باشووری عێڕاق و ناو زۆنگاوەکان(اهوار)یش. لێرە بە ئەرکێکی ویژدانی ئەزانم، کە ئاماژە بە رۆڵی هەندێک لە هاوڕێیان بدەم، وەکو شێخ ( حەسەنی قادرکەرەم ) وهەندێک لە هاوڕێیانی دیکە. !!

بەندە چەند جار چوومە بەغدا و و باشووری عێراق، لە ئەنجامدا بڕیاری کۆنفراسێکمان دا و لە مانگی هەشتی ساڵی ١٩٦٩ دا لە گوندی ئەستێل لە ناوچەی قەرەداغ بەستمان.

ئەوانەی بەر پەلاماری بەعس نەکەوتبوون و ئێمە توانیبوومان بیناگەینێ لە نۆێنەری رێکخستنەکانی (باشوور، ناوەراست، بەغدا و موصل)مان، بانگ کردبوون

ئەو نوێنەرانە کە دەهاتنە سلێمانی من وەرم دەگرتن و دەستە دەستە دەمگەیاندنە گوندی دۆڵاش لە ناوچەی قەرەداغ، چونکە لەو گوندە هێزێکی چەکداری بچووکمان هەبوو..

لە یادمە (ئیبراهیم عەلاوی)م، لە ماڵی (ئەکرەمی ساڵحە رەشە) وەرگرت.

ئەو کاتە ئەکرەم ئەندامی حیزب بوو و لەو دەوڵەمەندانە بوو کە یارمەتی ماددییان دەداین هەروەکو (. عەلی بۆسکانی و حەمەی حاجی ساڵحی حەمامچی ).....

لەم چیرۆکەدا باس لە هێرشی جاش و سوپا دەکەم بۆ ناوچەی گەرمیان و قەرەداغ.

ئێمە لە پێنجەم رۆژی کۆنفراسدا بووین کە هێرشی حوکوومەت لە گەرمیان و سلێمانییەوە بۆ گرتنی قۆپیەکانی قەرەداغ دەستی پێکرد. گەرمیان هەر زوو شکا، چونکە شێخ جەعفەری کۆنە پارێزگاری سلێمانی، کە ئەوکاتە ئامر بەتالیۆن بوو خۆی ڕادەست کرد، ئیتر هەموو هێزی پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانی پارتی، روویان کردە قۆپی قەرەداغ. ئێوارەی رۆژی پێنجەمی کۆنفراسەکەمان لە بەرپرسی هێزی قەرەداغەوە (شەهید حەمەی سید عەلی حافز )نامەیەکمان بۆ هات، کە لە قۆپی داری زەرد ئامادە بین. ئێمە زانیمان هێرش، بۆ سەرمان لە هەر چوارلاوە دەستی پێ کردووە، بەپەلە کۆنفراسەکەمان کۆتایی پێ هێنا و سەرکردایەتیەکی نۆێمان لەم ناوانە پێک هێنا

١-(موسلح جەلالی) سکرتێر
٢-(ئیبراهیم عەلاوی) جێگر
٣-(ابو محسن) بەرپرسی زۆنگاوەکان و هێزە چەکدارەکانی
٤-ئەبو جەعفەر ( خضیر عباس )
٥- جمال ( محەمەدئەمین پێنجوێنی ) لقی کوردستان
٦- ئەبو عەلی ( عەبدولجەبار زەهاوی ) هێزی پێشمەرگە
٧- (غازی انطوان) بەرپرسی کەرکوک و هێزی عەسکەری
٨- (عاصم خفاچی) بەرپرسی چاپەمەنی و پێیوەندییەکان

هەر بە پەلە هەندێک لە هاوڕێیانی باشوورمان بڵاوە پێکرد، بەتایبەتی ئەوانەی کە نەیان دەتوانی بە شەو ڕێ بکەن لە ڕێگەی دەربەندیخانەوە ڕەوانەمان کردنەوە.

شەش هاورێشمان لە گوندی ئەستێل دایە دەست (کاکە عەوڵا)، پێمان گووت لە هەر دەرفەتێکدا بۆت کرا رەوانەی ناو شاری سلێمانیان بکەرەوە و دەیزانی لە سلێمانی دەیانگەیێنێتە دەست کێ.

بەندە، موسلح جەلالی و ئەبو عەلی، چەکدارەکانمان کۆکردەوە و چووینە کۆبونەوەکەی داری زەرد بۆلای بەرپرسی هێزەکەمان
شەهید حەمەی سەیدعەلی حافز، نزیکەی بیست کەسی لە دەورە دانیشتبوو، لەوانەی کە من ناسیمن ( ئامر بەتەلیۆن نەجمەدین حەسەن ، خالید رەباتی و رەحیم دۆینە) بەرپرسی هێزەکەمان گوتی: ئەمشەو بەرەو بەرزنجە و شارباژێر پاشەکشێ دەکەین، دەبێت پێش هەتاوکەوتن ،عەربەتمان بە جێهێشتبێت. بە چیاکانی بەرزنجە دا بەرەو شارباژێر شۆڕبووینەوە.

من و ئەبوعەلی و مصلح جەلالی ی جیا کردەوە و گوتی: با هێزەکەتان لە نزیکی ئێمەوە بێت و ئەوانەشی جێگەی باوەڕتانن با لە نزیکی خۆتانەوە بن و لەگەڵ یەکدا لە پێوەندیدا دەبین، چونکە زانیاریمان هەیە لە کاتی پاشەکشێدا، هەندێک لە ناو ئێمە دەست دەوەشێنن، ڕادەکەن و خۆیان ڕادەستی بەکرەجۆ دەکەن. ئێمە لەم قسانەدا بووین تۆپێک دای لە تەندوری نانکردنەکە، کە چەند مەترێک لێمانەوە دوور بوو،

بەمە ورەی خەڵکەکە رووخا ئیتر بریار درا پاشەکشە، بکەین..

فڕۆکەکان لە ئاسمانەوە کەوتنە بۆمباکردن، رێچکەڕێی ئێمە و هەموو ئەوانەیشی کە لەگەرمیانەوە پەنەیان بۆ قۆپی قەرداغ هێنابوو چەند کیلۆمەترێک دەبوو، هەتا گەیشتینە نزیکی ( ئەستێل ) شەو داهات، ئینجا لە قەرەداغەوە تۆپبارانیان کردین

، هەرچۆنێک بوو لەسەر چیای ( پۆشانەوە ) شۆڕبوینەوە بۆ دەشتی شارەزوور، لە نزیکی (زەڕایەن) جاش ڕێگەی پێگرتین، تەقە پەیدا بوو، کوژراو و بریندارمان هەبوو، لە هێزەکەی ئێمە کە لە نزیکی بەرپرسی هێزەکەمانەوە بووین، دوو بریندارمان هەبوو یەکێکیان سەربازێکی عەرەب بوو، کە تازە تەڤلی ئێمە بووبوو، ماوەیەک رێمان کرد تراکتۆرێکمان دی کە پێشمەرگەیەکی زۆر خۆیان پێدا هەڵواسیبوو، بریندارە عەرەبەکەمان خستە ناو تراکتۆرەکە و گوتمان بەڵکو لە بەرزنجە بماندەنەوە.

لەناو هێزەکەدا هەواڵی برینداربوونی ( ئازاد قەرەداغی ) بڵاوو بووەوە هاورێ (سەعە سووری جافەرانی و فایەق ئەمین) گوتیان، ئازاد خزممانە با بیدۆزینەوە و لە حاڵیی بپرسین، بینیمان سواری وڵاخێکیان کردبوو و برینەکەی سووک بوو، ئەو منی ناسییەوە، چونکە لە قوتابخانەی پیشەسازی یەکمان بینیبوو، سەری نا بە گوێمەوە وگوتی: هەندێک ئاگاتان لە عەرەبەکان بێت چونکە چەکدارە کوردەکانی سەر بە حکومەت بەڵێنیان داوە، کە ئەو عەرەبانە بفڕێنن وپێیان بفرۆشنەوە .

هەرچۆنێک بوو لە تاریک و ڕوونی بەیاندا هێزەکە گەشتینیە ناوچەی شارباژێڕ و بەرزنجە، ئیتر هەلیکۆپتەر کەوتە بۆمبا بارانکردنی ئەو گروپانەی کە بە جێ مابوون، ئێمە لە گوندی (حاجی مامەند) جێگیر بووین، لە ناو شارەوە هەواڵمان بۆ هات کە ئەو شەش هاوڕێیەی دابووماننە دەست (کاکە عەوڵا) لە نزیک گوندی (جێشانە) کەوتوونەتە دەست چەکدارە کوردەکانی سەر بە حوکوومەت، ئەوانیش رادەستی حوکوومەتیان کردوونەتەوە، حوکوومەتیش بە مەرجێک بەرەڵای کردوون، کە وتار لە رۆژنامەی (الثورە)و( نور)دا بنووسن و هێرش بکەنە سەر شۆڕش و بارزانی و بەپیاوی شای ئێرانیان لە قەڵەم بدەن،هەروەها قیادەی مەرکەزیش بە پیاوی بارزانی حساب بکەن.

دوای بڵاوبوونەوەی وتارەکانیان بەریان دان ئەو هاوڕێیانە ئەمانە بوون (هومام المرانی ، عاصم خفاچی ، غازی انطون )، و دوو هاوڕێی تر کە ناوەکانیانم بیر نەماوە. هەواڵێکی تری ناخۆشمان پێگەیشت کە ئەو سەربازە عەرەبەی بە برینداری خستمانە ناو تراکتۆرەکەوە، چەند کەسێک بۆ کڵانشیکۆفەکەی، کوشتبوویان.

هەر لەم کۆنفراسەدا ئەندامێکی کۆنفراسەکە ئاشکرا بوو، کە پێوەندی لەگەڵ قیادەی حیزبی بەعس هەیە، ئیتر بە بڕیاری کۆنفراس بە گشتی بڕیاردرا بخرێتە ژێر ڵێکۆلینەوە و پاش هەفتەیەک ددانی بە تاوانەکانی دانا و لەسەر چەند کەسی دیکەش نهێنی ئاشکرا کرد و زانیاریی زۆریشی لەسەر شۆڕش باس کرد و ددانی بەوەدا نا کە دوو ساڵە کار لەگەل بەعسدا دەکات.

ئیتر ئەو جاسووسە بە بڕیاری کۆنفرانس سزا درا .
زیاتر