هونەرمەندی گەورەی کورد دکتۆر قادر دیلان

محەمەد ئەمین پێنجوێنی

نوسەر و سیاسەتمەدار
  08/07/2020  |    559 جار خوێندراوەتەوە

دیلان ئەو هونەرمەندە دەنگخۆش و موزیسیانەیە، کە موزیکی هونەری کوردی زیندوو کردەوە. من بەش بە حاڵی خۆم بە (باوکی) ئاواز و هونەری ڕەسەنی کوردی دادەنێم .
دیلان، ئاوازو دەنگ و سەدای کوردی برەو پێ دا، ڕۆحی بە بەردا کرد وگوێچکەی گەنج و لاوانی کوردی پێ ئاشنا کرد و زرنگاندیەوە .....
ساڵی (١٩٥٧) تیپی میوزکی مەولەی دامەزراند و هەر خۆیشی سەرۆکی تیپەکە بوو. بەرهەمە هونەرییەکانی مەولەوی،پەیامی هونەری کوردیی لە ئاستێکی بەرزدا گەیاندە گەلانی دیکە، لە ناو خۆیشدا هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ برەو دان بە موزیکی کوردی .
دوای خزمەتێکی زۆر لە بواری هونەردا لە وڵات، بۆ خوێندنی زانستیی موزیک چووە پراگی پایتەختی چیکۆسلۆفاکیا. لەوێ بە بلیمەتی و زیرەکی خۆی بە سەرکەوتوویی بڕوانامەی دکتۆرای بە دەست هێنا. بە هۆی کودەتای (١٩٦٣) ڕێگەی گەڕانەوەی وڵاتی لێ بە سترا هەر لەو پەیمانگایەی دەرسی تێدا خۆێندبوو، بووەوە بە مامۆستا .
بۆ ئەو کاتەدا دیلان یەکەم کورد بوو، کە بڕوانامەی دکتۆرای بە دەست هێنا. هەروەها یەکەم کورد بوو کە سەمفۆنیای کوردی بەرهەم هێناوە و نۆتەی سەمفۆنیای هەڵەبجەشی نووسیوەتەوە ؟
هەتا ئێرە پێناسەیەکی بچووکی دیلان بوو. چیرۆکەکان
من کە چوومە ئەوروپا کەوتمە چالاکیی ڕووناكبیریی و سیاسی ..؟
گەڕام بە دوای ئەدرەسی ئەو ڕۆشنبیر و هونەرمەند و سیاسییە تێکۆشەرە کوردانەی، کە ئاوارە و پەرتەوازەی ئەوروپا بووبوون، لە پراگ دیلانم دۆزیەوە، بانگهێشتم کرد بۆ کۆبوونەوەیەکی هونەرمەندانی کورد لە بەرلین ئەو زۆر کەیفخۆش بوو بەوەی کە ئێمەی بینییەوە، لەوە زیاتر کە هونەرمەندانی (تاراوگە) باوەشیان بۆ کردەوە، وەکو خۆی گوتی: واجارێکی تر گیانی هونەریم وەکو گوڵێکی پەژموردە گەشایەوە ..؟؟
زۆرجار بە هاوڕێیەتی هونەرمەندی دەنگخۆش خالید ڕەشید دەهات بۆ لامان. ئەوکاتە دیلان لەڕەوشێکی سایکۆلۆژی و تەندروستی و ئابووری ناهەمواردا بوو، من بۆ زۆر کۆبوونەوە و کۆنفراس و گەڕان لەگەڵ خۆمدا دەمبرد، بە ڕووناکبیران و هونەرمەندانی باکوورم ناساند.؟
جارێك کۆنفرانسی هونەری موزیکی میللی کوردیمان لە شاری کۆلن ساز کرد، نزیکەی (٣٠) تیپی میللی تێیدا بەشدار بوون و حەوت ڕۆژی خایاند، جەماوەرێکی زۆری کورد و ئەڵمان بینییان.
گوتم ها مامە دیلان بە لاتەوە چۆنە؟ ئەو منی ناو نابوو(شێخ مەحمود) بە پێکەنینەوە وەڵامی دامەوە: یاشێخ بە تەڵاقم ئەگەر(ئۆجەلان) بەچەك کورد ڕزگار نەکات، بەم دەهۆڵ و زوڕناو تیپە میللیانە کورد دەگەیەنێتە ئامانج ...
لە شاری دوسلدرۆڤ لە ئەڵمانیا کۆنگرەی یەکەمی هونەرمەندانی کوردستان (لە دەرەوەی وڵات) مان بەست، کە سێ ڕۆژی خایاند.
من لە وتاری کردنەوەی کۆنگرەکەدا قادر دیلانم بە ئامادەبووان ناساند و باسی ژیان و شاکارە هونەرییەکانیم کرد و پێشنیارم کرد لە پاداشی ئەو خزمەتەدا بە سەرۆکی هونەرمەندانی دەرەوەی وڵات، هەڵیبژێرن .
من بەختەوەرم کە توانیم لە پایزی تەمەنی دیلان دا لە کاتی وەرینی گەڵاو گوڵەکانی خەزانی ئەو هونەرمەندە ئاوەرە و دووروڵاتە کەمێ گوڵی دڵی بگەشێنینەوە .....؟
بەهاوڕێیەتی(شمشاڵە مەحزونەکەی) و دەنگە بە سۆزەکەی خالید ڕەشید دیلان مان لە چەند شارو شوێنی خۆشی ئەڵمانیاو ئەوروپا گەڕاند هەموو جارێک دەیگوت: کوڕینە ئەوەندە دڵخۆشم وائەزانم لە سەیرانی سەرچنارو ئەحمەدئاوام ...
من زۆر جار شیعرەکانی خۆمم بۆ دەخۆێندەوە ئەویش بە دەنگە خۆشە تایبەتییەکەی دەیگووتەوە، جارێك گوتی یا شێخ لە سەر ئەم شیعرانەی تۆ(من عاشقم) (هەپی پێرس دەی تو یو) نۆتەی پارچەیەك مۆسیقا دە نووسمەوە ؟
ئیتر نە مەرگ مۆڵەتی ئەوی دا نە زەمەنیش لە بەرژەوەندی مندا بوو .

ئەو کاتەی کە لە بەرلین بووم دیلانیش لە پراگ بوو،زووزوو دەهات بۆ لام ،جارێك گوتی یاشێخ زۆر حەزم لە گیپەیە،منیش ڕووم کردە دلێر تاڵەبانی (چونکە لە گەڵ دلێر لە یەك ماڵدا دەژیاین) دلێر تێگەیشت گوتی: من هەموو شتێك ئامادە دەکەم، دلێر بەیانیان زوو دەچوو بۆ سەر کار، بەیانییەك زوو خەبەری کردمەوە گوتی: هەموو شتێك ئامادەیە تەنها تۆ هەر ئەوەندە برنجەکە بکرە ناو گیپەکانەوە و بە دەرزی و دەزوو بیدوورە، هەر کاتێك ئاوەکەی هاتە کوڵ بیانخەرە مەنجەڵەکەوە، من هە موو ماڵەکە گەڕام دەرزی و دەزووم نەدۆزیوە ئینجا بە مەکینەی دەرزی(کابیسە) هەموو گیپەکانم دووری، ئێوارە دیلان لە گەڵ حەمەی مەلا هاتن، گیپەکان هە موو باق و بریقیان دەدایەوە دیلان گوتی: بە تەڵاقم دەڵێی فیتەرەکانی سەرکارێز بە تەل و وایەر بەستوویانە حەمەش گوتی بیخۆ بزانە تامی چۆنە، وابزانم ئەمە دوا گیپە بوو کە دیلان خواردی.
لە ساڵی شەستەکان من وحەمەساڵح دیلان ، مەحموود خەزنەدار و مستەفا سالح کەریم ئێوارەیەك لە قەراخ جۆگەکەی بەکرەجۆ دانیشتبووین باسی قادر دیلان و ژن هێنانەکەیمان دەکرد، حەمە ساڵح دیلان گوتی باشتێکی سەیرتان بۆ باس بکەم گوتی مەحموود زێوەر هات بۆ لام وتی ساڵح ئەڵێن قالە ژنی هێناوە وتم بەڵێ ڕاستە وتی کچی كێیە؟
منیش تۆزێ مات بوم گوتم کچی حاجی ئەحمەدی کەریم ئاغای چیکە یان کچی ڕەشە جەنجەڕی پراگە
وتم ئاخر خولە هەی هەی من چوزانم کچی کێیە ئە وان دوو خوێندکار بوون لە و پەیمانگایە حەزیان لە یەك کردوە و هاوسەر گیریان کردووە


زیاتر