قادری حاجی عەلی پێشمەرگەیەکی ئازا ڕووناكبیرێکی شارەزا

محەمەد ئەمین پێنجوێنی

نوسەر و سیاسەتمەدار
  18/11/2020  |    1750 جار خوێندراوەتەوە
ئەو کاتەی کە بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری جەماوەری بووم، فەرمانگەکەمان بە تەنیشت سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانییەوە بوو، کە ئێستا قایمقامیەتی سلێمانیییە .

لەو کاتەدا ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕەنجدەران لە ناو شاردا بەهێز بوو، بەتایبەتی لەناو ڕۆشنبیران و قوتابیانی زانکۆدا، جارجارەیش چا لاکیی سەربازییان لە ناو شاردا ئەنجام دەدا .؟

لەبەرئەوەی حیزبی شیوعی بەهەردوو باڵەکەیەوە توشی داڕمان و نائومێدی بووبوو و هەرەسی بلۆکی سۆڤیەتیش دەستی پێ کردبوو، زۆرینەی گەنجەکانی ئەو حیزبە ڕوویان لە کۆمەڵەی ڕەنجدەران کردبوو وەکو و فریادڕەسێك دەیان بینی .؟

خاڵی پێوەندی من بە مەڵبەندی یەکی کۆمەڵەوە کە لە شاباژێڕ بوون، لە ڕێگەی تێکۆشەری دێرین وەستا (لالۆی پێنجۆێنی)ەوە، بوو. پێوەندییەکەش تایبەتی بوو کە تەنیا مەلا بەختیارو بەکری حاجی سەفەر دەیانزانی.؟

ڕۆژێك لالۆ لە فەرمانگە هات بۆ لام و گووتی: پێم باشە چەند ڕۆژێك خۆت ون بکەیت، گووتم بۆ خێرە؟ گووتی: لەم ناوە شتێك ڕوو دەدات با تۆ لێرە نەبیت.منیش بۆ چەند ڕۆژێک چووم بۆ بەغدا، کەهاتمەوە بیستم ساڵح عانی کە بەڕێوەبەری ئیدارەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بوو و بەعسییەکی داخلەدڵ بووبەرانبەری کورد، کوژرا بوو. بیستمەوە کە قادری حاجی عەلی دەستی لێ وەشاندووە .ئەو کاتە پرنسیپی کاری کۆمەڵە وابوو، هەر گەنجێك بڕیاری بوونە پێشمەرگایەتی دابایە، دەبوو جێ دەستی دیار بێ . من قادر و حەمەجەزام خۆش دەویست، چونکە لەکاتی تێكچوونی پێنجوێن بە هۆی ( بوومەلەرزە کەوە)

خەڵکی پێنجۆێن ئاوارە بووبوون، ئێمە سێ مانگ ماڵی حاجی عەلی بەگ داڵدەیان داین ،کە ئەو کاتە ماڵیان لە بازاڕە بچکۆلەی کانی ئاسکان بوو. دوو ئەم کوڕە زۆر منداڵ بوون ، لەم ساڵانەی دواییدا، جارجار کە دەمبینینەوە باسی ئەو چیرۆکەم بۆ دەکردن، حەمەجەزا دەیگووت: من ئەو شتانەم لە بیر نییە، بەڵام ژوورێکمان لە قاتی خوارەوە هەیە پێی دەڵێین ژووری ماڵە ئاوارەکەی پێنجوێن. لەگەڵ کاك قادریشدا ئەو کاتە بووین بەئاشنای تەواو کە یەکێك بوو لەسەرکردەکانی گۆڕان، زوو زوو یەکتریمان دەبینی، قادر لەم دواییانەدا زۆر نائومێد بوو بوو لە گۆڕان و سەرسامی خۆی لای من بە پەکەکە دەردەبڕی. چەند جار سەردانی قەندیلی کرد،لای سەرکردەکانیان گفتوگۆ و دانوستاندنی هەبوو، باسی ئەوەی کردبوو، کە کۆمەڵێک گەنج بنێرێ بۆ شاخ بۆ ئەوەی فێری مەشق کردن و کاری فیداکاری وەکو گەریلا ببن .

خۆ ئەگەر قادر سندوقە ڕەشەکەی یەکێتی بوو، جارجاریش دەرگای ئەو سندوقەی بۆ سەرکردەکانی پەکەکە واڵا دەکرد .؟

ئیتر کە من زانیم ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکێشێ، گرێم دا بەکادرێکی پێشکەوتووی پەکەکەوە (د.ح) و کاك قادر لای پەکەکە ڕێزێکی زۆری لێ دەگیرا وەکو سەرکردەیەکی چەپی کوردستان سەیریان دەکرد .

ئەم نووسینە هەندێ شتی هێنامەوە یاد، ئەو کاتەی لالۆ و چەند کادریکی تری کۆمەڵە هاتووچۆی فەرمانگەکەی منیان دەکرد، لە وێوە بەڵاڤۆك و شتی تریان دابەش دەکرد، جەمال جەلال کە لە پێنجوێنەوە دەهات، پۆستی (شاخ)ی لای من بۆ وەستا لالۆ دادەنا، جگە لەمەیش چەند چالاكوانێکی کۆمەڵە لە لیژنەی ڕۆشنبیریدا بوون وەکو دڵشاد مەریوانی، شەهاب عوسمان و ئازاد عەبدولواحید .

ئازاد ئەو کاتە دۆستی کۆمەڵە بوو، جارجار سەردانی ناوچەی قەرەداخی دەکرد، ئەدەبیات و دەنگ و باسی کۆمەڵەی دەهێنایەوە و بۆ منی باس دەکرد، جارێك( دایرەی ئەمن) گرتیان خەریك بوو بیکوژن ، من فریای کەوتم.

جارێك عەبدولئەمیر مەعەلە کە جێگری وەزیری ڕاگەیاندنی عێراق بوو،لە بەغدا کۆبوونەوەی بە هەندێک ئەدیب و نووسەری کورد کرد بوو ، نازانم چۆن باسی من و ڕۆشنبیری سلێمانی کرابوو، یەکێك لەو نووسەرانە گووتبووی ئوستاز ڕۆشنبیری سلێمانی بووە بەمەکتەبی ئیعلامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ..؟

عەبدول ئەمیر بێ دەنگ دەبێت، نووسەرەکانی تر خێرا قسە بەسەر مەسەلەکەدا دێنن و باری قسەکە دەگۆڕن، کە دێنە دەرەوە پێی دەڵێن: کاکە ئەم قسەیەی تۆ کردت کوشتن و پەتی سێدارەی لە دوایە. ئەویش بەتوڕەییەوە دەڵێت: ئەی نازانن دڵشاد، ئازاد و شەهاب چالاكوانی کۆمەڵەن و کارە ڕۆشنبیرییەکان، ئەوان لای پێنجوینییەوە ئەنجامی دەدەن؟ ئەوە کەشوهەوای ئەوسای ڕۆشنبیران،
ئەمەش کەشوهەوای سیاسەتمەدارانی ئێستا!!

ڕۆحت شاد کاك قادری زیندوو
ئەوانەی لەکۆبونەوەکەی عەبدولئەمیردا بوون سیانیان لە ژیاندا ماون.
زیاتر