پیتەکانی گۆڤاری هەتاو و چاپخانەی حیزب
16/06/2020
|
710 جار خوێندراوەتەوە
ئەم چیرۆکە دەمانباتەوە بۆ زەمەنێکی ئەفسووناوی، زەمەنی سادەیی، دڵسۆزیی، دڵپاکی، زەمەنی ڕێزگرتن لە هەموو بەها بە نرخەکانی کۆمەڵی کوردەواری و ساکاریی مرۆڤی ئەو کاتە بۆ ساڵەکانی ٥٦بۆ ٥٧.
ئەو کاتە حیزبایەتی پیرۆز بوو، رووناکبیران پێشڕەوی کۆمەڵ و رۆشنکەرەوەی ڕێگە تاریکەکان بوون، چرابوون، کە دا دەگیرسان لاو و هەرزەکارەکان لە دەوریان تۆپ دەبوون بۆ فێربوون، ڕێزیان لەناو کۆمەڵدا بێ سنوور بوو ..
هەرچەندە بێ دەرامەتی و هەژاریی زۆر بوو، بەڵام خەڵک ئاسودە و دڵخۆش بوون، یەکتریان خۆش دەویست.
ئەو کاتە ساڵی خوێندنی ٥٦بۆ ،٥٧ من لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووم، هەرچەندە بەتەمەن گەورە و بە باڵا کەڵەگەت بووم، لە پۆلەکەدا دیاربووم و زیرەکیش بووم، لەڕیزی پێشەوە دایان نابووم، زوو زوو هەڵیان دەستاندم بۆ شیعر خوێندنەوە ( لە خوێندنی حوجرەوە من چوومە قوتابخانە) یەکسەر لە پۆلی چوارەم قبووڵ کرام.
سەرگەرمی خوێندنەوەی شیعر و ئەدەب و سیاسەت بووم، لە ڕێگەی کاکە مەحموود، برا گەورەکەمەوە ئەدەبیاتی پارتی و شیوعیم پێ دەگەیشت، منیش بۆ قوتابیەکانی هاوتەمەنی خۆمم دەخوێندەوە. هەرچەندە (کاکەم) لە بەرەی باڵی پێشکەوتنخوازی هەمزە عەبدوڵڵا بوو ( الجناح التقدومي ) بەڵام من مەیلم هەر بەلای ڕەوتە چەپەکەدا بوو.....!!
ئەوکاتە پێنجوێن شارۆچکە (ناحیە) بوو، ( قۆمیسەر ) یان، یاریدەدەر( معاونی) پۆلیس حوکمیان دەکرد ..قۆمیسەرێکی لێ بوو ناوی ( عەلی غالیب ) بوو، دوو کوڕی هەبوو شیوعی بوون، بەناوەکانی(حوسێن و حەسەن)،پشووی هاوینەیان لە پێنجوێن بەسەر دەبرد ،حوسێن تازە لە بەندیخانە بەربووبوو، زۆربەی کات لە پێنجوێن دەمایەوە و لەگەل گەنجەکانی ئەوسادا پێوەندی دروست کردبوو، لە دوکانی ( تایەری میرزا ئەحمەد )، ( تایەری برای حاجی رشید) کە دوکانی پێڵاو فرۆشیی هەبوو، دادەنیشت
لەبەر ئەوەی دراوسێی دوکانی باوکم بوو، کە حوسێن دەهات، منیش دەچووم لە دوکانەکەی ئەو دادەنیشتم، لەوێ گوێم لە وشەی(سۆسیالیست، دیموکراسی،کۆمۆنیستی،ئاشتیخواز و بۆرژوازی) بوو، دەهاتم لە کاکەمم دەپرسی ئەمانە مانایان چییە؟
ئەویش بە گوێرەی تێگەیشتنی ئەوسای من !!! بۆی شرۆڤە دەکردم، ڕۆژێک مامە تایەر پێی گوتم، ئیشێکی گرنگم پێتە ..
گوتم چییە؟
گوتی: لەگەڵ ئەم هاوڕێیە دەچیت بۆ سلێمانی، لەوێ پێت دەڵێن کارەکە چییە، گوتم باشە با پرس بە کاکەم بکەم؟!
کە بە کاکەمم گوت، گوتی: لەم کارەدا سەرکەوتوو بیت، پلەیەک لە حیزبدا ئەچیتە پێشەوە
لەگەڵ هاورێ حوسین هاتینە سلێمانی. لە سەرکارێز لە ماڵێک داینام گوتی: شەو دێن بۆ لات و باسی کارەکەت بۆ دەکەن ..
شەوهاورێیەکی باڵابەرزی سمێڵڕەشی جوانخاس هات، ژنێکی عەبابەسەری لەگەڵدا بوو، گوتی بەیانی لەگەڵ ئەم هاورێ ژنە، دەچیت بۆ هەولێ، لەوێ پێت دەڵێن کارەکەت چییە ( من شەو تا بەیانی نەنووستم، داڵغەم لێ دەدا و بیرم دەکردەوە ئەم کارە چییە ) ئایا پیاو کوشتنە؟ خۆ من نازانم دەمانچەیش بەکاربێنم، دزییە خۆ من هێشتا فێری ئەوشتانە نەبووم، بەهەر حاڵ بەیانی هاوڕێ ژنەکە هاتوو، چووین بۆ هەولێ، لەوێ لە گەڕەکی عارەبان بردمیە مالێک، نان و ماست و چاییان پێ دام، ئینجا هاوڕێی هاوسەفەرم گوتی، ئێستا با بڕۆین، کە هاتینە دەرەوە جادەو کۆڵانی گەڕەکی عارەبانی نیشان دام و پێی ئاشنا کردم، ئینجا ڕۆیشتین تاگەیشتینە بەر دوکانەکەی ( چاپخانەکەی) ( گیو موکریانی )، گوتی: ئەو سندووقانەی کە دەیانبینیت پیتی چاپکردنی تێدایە، گوتم بەڵێ، گوتی: ئەو کاغەزانە دەبینیت کە پیتەکانی لەسەر نوسراوە؟ گوتم: بەلێ
گوتی: چنگێک لە پیتی کاف و جیم بفڕێنە و بگەڕێوە بۆ ئەو ماڵەی کە لێوەی هاتین، ئیتر وەک ئەوەی بیسمیلای لێ بکەیت، لەبەرچاوم ون بوو، کارەکەم ئەنجامدا و گەڕامەوە ماڵەکە، لەوێ دشداشە و چاکەتێک و جووتێ نەعلیان بۆ هێنام. جلەکانی خۆمیان لێ وەرگرتم و ئێستەش داخی ئەوجووتە کڵاشە هەورامیەم هەر لە دڵدایە، کە بە جووتێ نەعل لێیان گۆڕیمەوە و سواری تکسیەکیان کردم بۆ کەرکوک، لە وێشەوە بۆ سلێمانی و چوومەوە ماڵەکەی سەرکارێز، شەو هاوڕێ جوانخاسەکە هات بۆلام، پیتەکان کە لە کاغەزەوە پێچرابوون دامە دەستی، گوتی: هاورێ تۆ کارێکی گەورەت ئەنجام داوە بۆ حزب، چونکە چاپخانەکەمان ئەم دوو پیتەی نەمابوو، ئیتر لەمەودوا زوو زوو بەلاڤۆکەکانمان چاپ دەکەین، منیش لە خۆشیا خەریک بوو بفڕم !!!
دوایی پەستیەک دایگرتم، هاوڕێکە گوتی: بۆچی پەستی و مات دیاریت؟ گوتم :من لە ژیانمدا دزییم نەکردووە، ئەگەر برادەرەکانیشم کارێکی وایان کردبێت،یان لە باخەکانی پینجوێدا میوەیان بێ پرس رنی بێت، من ئامژگاریم کردوون و بە کارێکی ناجۆرم زانیووە، ئێستا من خۆم دزیی بکەم و خۆیشم پێ قارەمان بێت؟ هاوڕێکەم تۆزێ خۆی گرژ کرد و گوتی: هاوڕێ ئەمە دزیی نییە، چالاکییەکی شۆرشگێرانەیە، ئینجا کەوتە قسەکردن بە دەنگی بەرز، نیمچە سیمینارێکی دا و گوتی هاورێیان گوێ بگرن، ژوورەکە چوار پێنج کەسێکی تری تێدا بوو گوتی: لە حیزبدا هاورێیەکمان هەیە کە هاوڕێ (فەهد) ناوی ناوە ( اللص شريف) ئەم هاورێیە، لە شەریکەی نەوتی کەرکوک کاری دەکرد، ئەوکاتەی حزب پارەی نامێنێت داوا لەم هاورێیە دەکەن لەشەریکەی نەوت دزی بکاو بیفرۆشێت و پارەکەی بهێنێت بۆ حیزب، هاوڕێیەکی کۆمیتەی ناوەندی سەرپەرشتی ئەم ئیشانەی کردووە، کە ناوی ( هادی هاشم الاعظمي ) بوو، ئەمە کارێکی نیشتیمانی بوو، چونکە لەلایەک زیانی دەگەیاند بە ( ئیستعماری بەریتانی ) لە لایەکی تریشەوە، حیزب لە بێ پارەیی و تەنگژەی ئابووری ڕزگاری دەبوو، کارەکەی تۆیش ئەچێتە ئەو چوارچێوە نیشتیمانییەوە، هاوڕێ
( خۆ ئێستاش لەم زەمانەدا دزی قارەمان و ئەشرافمان زۆرە!!!)
هەندێک رێکەوتی سەیرو سەمەرە لەم چیرۆکەدا هەیە .
١- لە شەستەکاندا لەگەڵ ( حوسین و حەسەنی عەلی غالب) لە لیژنەی قەزای هەڵەبجەی حیزبی شیوعی یەکمان گرتەوە، حوسین بەرپرسی قەزا بوو، منیش بەرپرسی شاری هەڵەبجە بووم، واتە دوای هەشت ساڵ یەکمان بینیەوە ..
٢- ئەو پیاوە جوانخاسەی پیتەکانی لێ وەرگرتم ( مامۆستا فەرج ئەحمەد)بوو، هەتا مردیش هەر برادەرم بوو.
٣- ئەوهاوڕێ ژنەی، کە لەگەڵم هات بۆ هەولێر، تێکۆشەرێکی دیار بوو، لەگەڵ (کامیل)ی برایدا لە لیژنەی قوتابیان پێکەوە کارمان دەکرد زۆر شەو لە ماڵیان دەماینەوە
٤- ئەو (لصه شريف)ه ی، کە هاوڕێ فەهد باسی کردوە ( سەید عەلی مەنەدەلاوی) بووە،کادرێکی کرێکاری شیوعی ناسراوبوو لە چل و پەنجاکاندا ڕۆڵی هەبوو، لە ساڵی شەست و چواردا لە بنکەی (ئاوەگرد) یەکترمان ناسی،من باسی دزینی پیتەکانی گۆڤاری هەتاوم بۆ دەکرد ئەویش باسی دزیەکانی شریکەی نەوتی (ئیستعماری بەریتانی) بۆ کردم، لە یەکێ لەو دزیە سەیرانە، گوتی ئەندازیارێکی هیندیمان لا بوو، ژوورەکەی کەلوپەلی زۆری تێدا بوو، ژورەکەیم پێچایەوە، کە سەیرم کرد، موستیلەیەکی نایابی ئاڵتوونی لە پەنجەدا بوو، چوومە سەری و ویستم موستیلەکە لە پەنجەی داکەنم، لە ترسا خۆی کرد بە خەوتوو بۆ ئەوەی نەیکوژم، موستیلەکەم بۆ دەرنەدەهات، پەنجەیم کرد بە دەممداو تەڕم کرد، ئینجا موستیلەکەم لە پەنجەی دەرهێنا، ئیتر ئەو خۆی کرد بە خەوتوو، منیش ژوورەکەم بەجێ هێشت
٥- حوسێنی عەلی غالب بۆی گێرامەوە: ئەوکاتەی ماڵمان لە پێنجوێن بوو، فەرمانێک لە بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتی بەغداوە دێت،کە دەبێت ماڵی قۆمیسەر عەلی غالب بپشکنرێت ( تفتیش بکرێت )، لەبەر ئەوەی کوڕەکانی شیوعین، بەڵکوو بەڵگەیەکمان لەسەر بدۆزنەوە، گوتی بە ناچاری باوکم(قۆمیسەر) و (مدیرناحیە) و موختاری پێنجوێن هاتن و ماڵەکە گەڕان هیچیان نە دۆزیەوە، چونکە پێش هاتنی ئەوان، دایکم هەموو شتەکانی ئێمەی شاردبووەوە ..
٦- زۆر داوای لێبوردن لە رۆحی مامۆستای گەورە ( گیو موکریانی ) دەکەم و داواش لە دکتۆرە کوردستان موکریانی دەکەم کە لە حیزب خۆش بن (سکاڵامان لەسەر تۆمار نەکەن لە دادگە ) چونکە ئەوە خۆم ددانم بە هەموو راستییەکاندا هێناوە.
هەر پێوەند بە دزینی پیتی کوردی لە مام گیو، دکتۆرە کوردستان لە دەمی باوکییەوە. گێڕایەوە: کاتێک لە رەواندوز باوکم و مامم( حوزنی موکریانی)، خەریکی دەرکردنی گۆڤاری( زاری کرمانجی) دەبن، کێشەی هەندێک پیتی کوردییان دەبێت، مامیشم لە دار پیتەکانی(گ،ڤ،ژ و ێ) دروست دەکات و گۆڤارەکە چاپ دەکەن و مژدەی لەمەودوای ئەلفوبێی کوردیش بە خوێنەرانی گۆڤارەکە دەدەن،ئیتر کۆمەلێک مەلا لە ڕەواندز دەیکەنە ھەڵاو خەڵک ھان دەدەن کە پیتە کوردیەکان بدزن و ھانی خەڵک دەدەن دوکانە کەش تاڵان بکەن ، ھەڵدەکوتنە سەر چاپخانەکەو ئەوەی دەستیان پێدەگات دەیدزن تێکدەدەن . بەڵام باوکم و مامم ھەر سور دەبن و گۆفاری زاری کرمانجی و ئەلوفو بێی کوردی بەردەوام بێت . عەلمانی و لاھووتی پێکەوە دزیان لە گیو موکریانی کرددوە
|