مام جەلال؛ ئاوەدانییەک لە نێو نەریتی وێرانی سیاسەتدا!

ماجید خەلیل

مامۆستای زانکۆ
  02/10/2020  |    1860 جار خوێندراوەتەوە

مام جەلال ڕۆحێکی ئاوەدان و ئەندێشەیەکی ئارامی ئازادیخوازیی بوو.

تایبەتمەندییەکانی تەریب نەبوون لەتەک نەریتی وێران و وەیشومەی دواکەوتوی کۆمەڵ و کەلتوری کشتوبڕی سیاسەتدا.

ھەمیشە کۆمەڵ پەسنی مرۆڤگەلی وشك و وڕ و وێنای وەستاو و مەنگ دەکا. کۆمەڵی کوردی فرە بە شانی بێدەنگیدا ھەڵدەدا. ئەو وانەبوو، ئەو پابەندی بەندو باوی یاسای مردوو نەبوو.

ئەو پابەندی پەرژینی پڕ لە پینەو پەڕۆی کۆمەڵ نەبوو. ئەو دژی فەرشی سورو فوی پیاھەڵدان و فەوزای مەراسیم و مۆدەی بێ ڕۆح بوو.

ئەو ئاوەدان بوو، دەنگی دەھات و دەردەکانی دەوتن. مرۆڤێکی ڕکن و ڕیاباز و ڕەپ مامەڵە نەبوو. ڕۆح سوک و ڕەفتار خۆمانە بوو.

تەماشاکەن، چەندە لە ڕۆحی غاندییەوە نزیکە، سەری لە جەنگ و جیدالی سەدامدا سپی دەکاو واژۆی لەدار دانیشی ناکا. دروست ئەو مەشھەدانەی نیشانداین، دووا وتەی ژیانی غاندی، کاتێ وتی لەو کەسە خۆشبن کە فیشەکی پێوە نام. مام جەلال لە ڕۆژگارێکدا بڕیاری شۆڕشی دا، تفەنگ و تەمەنی ھەڤاڵانی شوێنکەوتەی، کەمتر بوون لەو تفەنگانەی بەدەستی شوێنکەوتووە شۆڕشگێڕەکانی کاسترۆوە بوون. ئەو بەگژ گێژاوێکی گێتیدا چوویەوە، گێچەڵتر بوو لەو ئازارەی ناخی ماندێلای دەھەژان.

سادەو ساکار، ھەمیشە لە کۆبونەوەکاندا ئەوانی دی دەدایە پێش خۆی، چەندینجار بارزانی وەپێش خۆی دەدا، خۆ لەو بەتەمەنترو خۆنەوارتر بوو، پێشەنگییەکەی دروست لەو ئەخلاقەدا بوو.

ئەو بوخۆی باوەڕێکی لیبڕال و دنیابینییەکی دیموکراتییانەی هەبوو، هەمیشەیش دەستێکی بە بنباڵی کەلتورە کوردەوارییەکەوە بوو.

هەرگیز مەلاو مامۆستایەکی ئاینیی نەڕەنجاندووە، لەگەرمەی جەنگی ئیسلامییەکاندا، بەهای باوەڕە ئاینییەکانی ئەخستە سەرسەری و دەیانجار پیاوێکی وەک مەلا عوسمانی داوەتە پێشخۆی و لەپشت سەرییەوە نوێژیی کردووە.

وەختێکیش وادەی چەپگەراکانی باکور لە لوتکەدابوو، بەزەردەخەنەیەکی کوردانەوە دەستەکانی دەکێشا بەپشتی ئۆجەلانداو وەک پاڵەوانێک پەسنی دەکرد.

ئەوە میراتێکی مەزنایەتی بوو، ئەوە مەدێکی هەزاران ساڵەی رۆحە زاگرۆزییەکەی کوردبوون بوو کە لە دەمارەکانی سیاسەتی مام جەلالدا دەهاتو دەچوو.

ئەو ڕچەیەی شکان دەبێ لەپێشەوە بیت و لەسەرۆ بی، دەبێ زوو بخەوی و وا ھەڵسی، دەبێ ئەمە بخۆیت و ئەوە نەخۆی، تەماشای سایکۆلۆژیای نان خواردنی مام جەلال، دوور بو لەو خشتەو ئەنانییەتەی دکتۆرێک نەسیحەتی نەخۆشێکی پێدەکا. کوردانەیش دەیخوارد، مانای دەدا بەچێژی خواردنی کوردەوایی.

ئەو دژی دەبێ و نەبێ بوو، دژی ھەموو ئەمرو کۆت و بەندێک بوو، ئەو ئازاد بوو، دەیزانی نوکتەیەک چ ڕۆحێک دەداتە گەرمی کۆبونەوەکان، دەیزانی ڕوو خۆشی و قسە خۆشی چەندە پێویستن بۆ ئەم کۆمەڵگە ڕیبات لەمل و بێ ڕۆحەی دنیای دیپلۆماسییەت، دەیزانی ڕووکەش و ئەتەکێتی کۆبونەوەکان چۆن بشکێنێتو چۆن بچێتە سەر کرۆکی بابەت.
زیاتر