هەینی خودا! هەینی دەسەڵات!

  28/01/2021  |    1400 جار خوێندراوەتەوە
ئایا سبەی لە مینبەری مزگەوتەکانەوە گوێمان لە ویست و گوتاری خودا ئەبێ؟ یان لە گوتارو ویستی دەسەڵات؟
ویستی خودا ئاشتیە، دادپەروەریە، ئەخلاقە، ئاوەدانیە، رێزگرتنە لە تایبەتمەندی و ماف و ئازادی مرۆڤ.
لە گوتاری خودادا دزی، درۆ، زوڵم، ترسنۆکی، خیانەت قبوڵ نەکراوە.
گەر سبەی هەینی، بینیتان مامۆستایەکی بەڕێزی ئاینی لە مینبەری مزگەوتەکەیەوە، بە جەسارەتەوە دژی تاوانەکانی گرتنی چالاکوانانی هەولێرو بادینان، دزینی داهاتی نەوت، بڕینی موچەی خەڵک، بێکاری، نەبونی قوتابخانە، وێرانی کەرتی تەندروستی، قاچاخچێتی مەرزەکان، زیادکردنی باج، خراپی کارەبا، گەندەڵی حکومەت، فەشەلی پەرلەمان، پاشکۆیەتی دەسەڵاتی دادوەری بۆ حیزب، بڵاوکردنەوەی فەساد لە تەلەفزوێن و کافیەکان، قومارخانەکان، هێرشی وڵاتانی ئیقلیمی بۆ سەر خاکەکەمان، دەنگی هەڵبڕی و داوای هەڵوێست و یەکگرتویی لە خەڵک کرد، ئەوا بزانن ئەو مامۆستایە پەیام و ویست و گوتاری خودای راستگۆیانە پێ راگەیاندوین.
ئەوا بزانن ئەو مامۆستا بەڕێزە ماڵی خوداو مینبەری گەیاندنی گوتاری خودای بە مرۆڤەکان، لەو پەڕێ پاکی و بەرزیدا پاراستەوەو تەسلیمی دەسەڵاتی نەکردووە.
خۆ ئەگەر بینیتان «مامۆستایەکی ئاینی» چاوپۆشی لە تاوانە زۆرو زەوەندەکانی دەسەڵات کرد، بە بڕوبیانوی بەرگریکردن لە بەها نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان، ئەوا بزانن ئەو مامۆستایە لە نێوان ئەرکی رازیکردنی خوداو رازیکردنی دەسەڵاتدا، ئەوەی دووەمی هەڵبژاردوە!
ئەوا بزانن ئەو مامۆستایە ماڵی خوداو میمبەری گەیاندانی گوتاری خودای، بۆ ئاستی بارەگای حیزب دابەزاندوە.
ئەوەی پێویستە جەختی لە سەر بکەینەوە، ئەو مامۆستا ئاینیانەی، کە لە جەوهەری چاکەخوازی ئاین تێگەیشتون و بە راستی و راشکاوی دەتوانن لە ئاستی خراپەی دەسەڵاتدا هەڵوێستیان هەبێ و دەنگ هەڵبڕن، بێگومان هەر ئەوانە لە نیازو نیەتێکی ساغ و پڕ ئیمانەوە دەتوانن بەرگری لە ماف و بەها نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی خەڵکی کوردستانیش بکەن.
ئەوەشمان بیر نەچێ نابێ لە گوتاری هەینیدا زۆنی سەوز و زەرد رەنگ بداتەوە!
مامۆستای ئاینی راستەقینە چ لەمبەری دێگەڵەبێت یان ئەو بەری دێگەڵە، لە روانگەی بەرپرسیارێتیەکی باڵاوە ، میمبەرکەی تەنها بۆ گەیاندنی پەیامی خوداو بەرگریکردن لە چاکەی گشتی بەکار ئەهێنێ.
زیاتر