خەونی پارتی و لێكدانەوەی بەتاڵ

شادمان مەلا حەسەن

ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
  08/10/2020  |    2293 جار خوێندراوەتەوە

پارتی دیمۆكراتی كوردستانی بارزانی لەوەتەی هەیە لە وەهم و لە خەونی بەتاڵ دەژی، لە جیاتی ئەوەی كاری رێكخراوەیی و سیاسەت و بەرنامەی حزبەكەی بە شێوەیەك رێكبخات، كەوا لەگەڵ سەردەم بگونجێ و خۆی و ئەندامەكانی كەمێك فێری زانستی سیاسەت و گەمەی دیمۆكراسی بكات، كەچی ئەو هەمیشە خەون دەبینێ و خەون لێكدەرەوەكانیشی بەهەڵە مانای خەونەكەی بۆ لێكدەدەنەوە.

پارتی هەمیشە وەهمێك لە زهنیەتی خۆی دادەتاشێ و ئەوجا رۆژانە بەدیاریەوە خەونی پێوە دەبینێ، خەونەكەی بۆ ئەو بەخێربێت، ئەوەی پێی بلێ نەخێر یان سیاسەتی لەژێر سێبەری ئەو نەبوو ئەوە خەونەكەی ئەوەیە ئەو كەسە دووژمنە و كۆمەڵێك دەستەواژەی سەیری ژەنگ هەڵاتوو دەهێنێتەوە، كە لەم سەردەمە نە باوی ماوە نە خەلك پێی ئاشنان، بۆیە لێرەوە بە پارتی دەڵێین، عەقڵ بێننەوە سەری خۆتان و سەرتان بەرزكەنەوە باشتر لە دونیا بڕوانن.

دونیا هەر ئەو رەش و سپیە نیە كە ئێوە دەیبینن، دونیای سەردەم دونیایەكی هەمەرەنگە، ئەم سیاسەت و دەربڕینە كلاسیكە خێڵەكیانەی لە ترۆپكەوە دایدەڕێژن و پڕوپاگەندەی بۆدەكەن بەسەرچووە.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو حزبەیە لە قولایی جەماوەری خەڵكی كوردستان لە رۆژگاری قوڕسی خەبات دروست بووە، ئەو رۆژەی دروست بوو دۆستی دڵخۆش كرد و نەیاری تەزاند، ئەو رۆژەی دامەزرا و دەستی بەخەبات كرد پرسی كەسی نەكرد، بۆیە لە ئێستاشدا شەرعیەتی یەكێـتی لە خودی مێژوو و جەماوەرەكەی خۆیەتی، ئەوەی دەتوانێ وەسفی یەكێتی بكات لە خەبات و نیشتمان پەروەری، ئەوە مێژووە پڕشنگدارە پڕ قوربانیەكەی و جەماوەرە دلسۆزەكەیەتی.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەك یەكێتیە و یەك تیمە و یەك هاوسەرۆكایەتی هەیە، لە ئێستادا یەكێـتی خاوەنی یەك بڕیارە و خۆی بەبەرپرس دەزانێ‌ لەبەردەم ژیانی كۆمەڵانی خەڵك و ئەركە نیشتمانیەكاندا، هەركات بیەوێ هەربڕیارێك بدات دەیدات، بەڵام بڕیارێك لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێت.

لاهور شێخ جەنگی سەركردەیەكی پێگەیشتووی خۆشەویستی ناو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە، ژیرانە سیاسەت دەكات، هەركات ئەو جوڵە دەكات پارتی هەمووی بەسەریەكدا دەكەوێت، ئەگەر وانیە لە بچوكترین جوڵە بۆ ئاوا هەموو تەنگەتاو دەبن و دووچاری پەستانی دەروونی دەبن و هیستریا داتان دەگرێ‌.

خۆشبەختی هەموو سەركردەیەكی كوردستانیش لەوەدایە پارتی دژایەتی بكات و بەدبەختیش لەوەدایە كە پارتی مەدح و سەنای بكات، بۆیە ئەو یاریەی ئێوە دەیكەن زۆر كۆنە و سیناریۆكەی هی شەستەكانە و هەقە خۆتان فێری یاری سەدەی بیست و یەك بكەن لە سیاسەت و كەمێك ئاگاتان لەناو ماڵی خۆتان بێت و سەیرێكی یاریەكانی جەمسەربەندیە زەبەلاحەكانی خۆتان بكەن باشترە، نەوەك یاریەك بكەن كەوا پەنجا ساڵی بەسەردا چووبێ، چونكە ئەمڕۆ سیاسەت زانستە و بەكەسی لێهاتوو و لێوەشاوەی رۆژگار دەكرێ،‌ نەوەك بە هەڕەمەكی و بەكەسی نەخوێندەوار.


زیاتر