لە ئێران کچێکی 17 مانگە لەلایەن باوکییەوە دەستدرێژی دەکرێتەسەر و گیان لەدەستدەدات

  2021-04-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە تارانی پایتەختی ئێران کچێکی تەمەن ١٧ مانگە لەلایەن باوکییەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

میدیای ئێران بڵاویکردەوە، لە رۆژانی سەرەتای ئەم مانگەدا لە شاری تاران، دایکێک کچە ١٧ مانگاناکەی بەپەلە بردووە بۆ یەک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە بەهۆی ئەوەی دۆخی تەندروستی زۆر خراپ بووە.

دایکەکە بە پزیشکەکانی وتووە، "بۆ چەند کاتژمێرێک لە ماڵ چوومەتەدەر و منداڵەکەم لای باوکی جێهێشتووە، کاتێک گەڕاومەتەوە، بینیومە کە دۆخی تەندروستی زۆر خراپە".

راشیگەیاندووە، "کچکەم زۆر ئازاری دەچێشت، هەرچەند هەوڵمدا، ئارام نەدەبۆوە، پاش چەند کاتژمێرێک پلەی گەرمی لەشی بەرزبووە، بۆیە ناچاربووم بیهێنم بۆ نەخۆشخانە".

دوای لێکۆڵینەوە لە دۆخی تەندروستی ئەو کچە تەمەن ١٧ مانگە، پزیشکەکان هەستیان بەوە کردووە کە ئەو منداڵە بەشێوەیەکی کارەساتبار دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر و تووشی خوێن بەربوون بووە.

سەرەڕای هەوڵ و تەقەلای زۆری پزیشکان، سانای تەمەن ١٧ مانگ، پاش چەند کاتژمێر مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

سەبارەت بەوەی چ کەسێک دەستدرێژی کردووەتەوە سەر ئەو کچە، دایکی بە پزیشکەکانی راگەیاندووە، "نازانم کێ ئەو کارەی کردووە، من منداڵەکەم لای کەسێکی نەناسراو جێنەهێشتووە، تەنها لای باوکی بووە".

پاش بیستنی ئەو وتانە، گومان دەکرێتەسەر باوکی سانا و دەستگیردەکرێت، لە سەرەتای لێکۆڵینەوەکاندا رەتیدەکاتەوە ئەو کارەی کردبێت، بەڵام دواتر دان بە ئەنجامدانی تاوانەکەیدا دەنێت و لە ئێستاشدا دایکی سانا داوای سەپاندنی توندترین سزا بەسەر هاوسەرەکەیدا دەکات.



ڕیکلام