بوومەلەرزەیەک باشوری رۆژئاوای ئێرانی هەژاند

  2021-04-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بوومەلەرزەیەک باشوری رۆژئاوای ئێرانی هەژاند و تاوەکو ئێستاش زیانەکانی نەزانراوە.

میدیای ئێران بڵاویکردەوە، کەمێک پێش ئێستا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.9 پلە بەپێوەری ریختەر، پارێزگای بوشەهری لە باشوری رۆژئاوای ئێران هەژاندووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بوومەلەرزەکە بە قوڵی ١٠ کیلۆمەتر ژێر زەوەی و لە نزیک بەندەری گەناوە روویداوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە تاوەکو ئێستا زیانەکانی بوومەلەرزەکە بەوردی نەزانراوە بەڵام زیانی بە خانووەکانی ژمارەیەک گوندی دەورووبەری شاری گەناوە گەیاندووە، لەئێستاشدا چەندین تیمی فریاکەوتنی سەر بە رێکخراوی مانگی سووری ئێران رەوانە ناوچەکە کراون.

میدیای ئێران راشیگەیاندووە، بوومەلەرزەکە بووەتەهۆی پچڕانی هێڵەکانی کارەبا و تەلەفۆن و ئینتەرنێت لە شاری گەناوە و ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لەناو خەڵکی شارەکە دروستکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، خەڵکی پارێزگاکانی فارس و خوزستان هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە و بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی قەیران لە پارێزگای خوزستان حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەتی راگەیاندووە.



ڕیکلام