لە ئێران کەسێک خۆی و هەشت ئەندامی بنەماڵەکەی کوشت

  2021-04-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە، لە باشوری رۆژئاوای ئێران کەسێک خۆی و هەشت ئەندامی بنەماڵەکەی کوشت.

جەمال عالەمی نیسا قائیمقامی شاری ئەهواز لە پارێزگای خوزستان، بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای راگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی٤ی٢٠٢١، پیاویكی تەمەن ٥٠ ساڵ بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە، چوار ئەندامی بنەماڵەی ژنی یەکەمی خۆی بە چەک کوشتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە دواتر ئەو پیاوە چووە بۆ شارۆچکەی کارون و لەوێش باوک و دایک و منداڵ و برازایەکی ژنی دووەمی خۆی کوشتووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە پاش کوشتنی ئەو هەشت کەسە، ئەو پیاوە خۆیشی کوشتووە.

قائیمقامی ئەهواز راشیگەیاندووە، ئەو کەسە پێشینەی تووشبوون بە ماددەهۆشبەرەکانی هەبووە و دانیشتووی ناوچەی رەزگان-ی ئەهواز بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە دوای ئەو رووداوە هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە چەک و ئۆتۆمبێلی بکوژەکەدا گرتووە و لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.



ڕیکلام