ئەحمەدی نەژاد چیرۆکی ئازادکردنی هێزێکی سوپای پاسداران لە سوریا دەگێڕێتەوە

  2021-05-02  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران ئاشکرایکرد، میری پێشووی قەتەر بڕی ٥٧ ملیۆن دۆلاری داوەتە گروپێکی چەکداری سوریا، لە بەرامبەر ئازادکردنی ٥٧ ئەندامی سوپای پاسداران، کە لای خۆیان دەستبەسەریان کردبوون.

ماڵپەڕی ڕوسیا تودەی بڵاویکردەوە، مەحمود ئەحمەدی نەژاد لە وتەیەکدا لەبەردەم ژمارەیەک لە لایەنگرانی لە بەندەری (دیر) لە پارێزگای بوشەهری باشوری ئێران ڕایگەیاند،  ئەو ڕوداوە لە ساڵی ٢٠١٢ و سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریادا بووە.

لە وردەکاری قسەکانی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران وتی "ئەو پاسەی کە هێزەکانی سوپای پاسدارانی پێ دەگوێزرایەوە، بە ڕێگاوە بووە بۆ جی نزرگەی سەیدە زەینەب لە باشوری دیمەشق، بەڵام شۆفێری پاسەکە بە ئەنقەست بە لاڕێدا بردوونی و ڕادەستی بۆسەیەکی گروپێکی چەکداری کردوون (بێ ئەوەی ناوەکەی ئاشکرا بکات) و سەرجەم هێزەکان دەستبەسەر کراون".

ئەحمەدی نەژاد ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکانی حکومەتی سوریا و ئێران نەبوونە هۆی ئازادکردنی ئەو سەربازانەی سوپای پاسداران، ئەوەش دوو دڵییەکی گەورەی لەناو ڕیزی لێپرسراوانی ئێراندا دروستکرد، چونکە ترسی ئەوەیان سەریان ببڕن و وێنە و ڤیدیۆکانیان بڵاو بکەنەوە، بۆیە پەنا بۆ وڵاتی قەتەر برا بۆ ناوبژیوانی، دوای ماوەیەک لە ناوبژیوانی قەتەر توانی سەرجەم هێزەکەی سوپای پاسداران ئازاد بکات.

لە بەردەوامی گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو ئەندامانەی سوپای پاسداراندا، ئەحمەدی نەژاد ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی حەمەد بن خەلیفە ئالسانی، میری قەتەرەوە پێگەیشتووە و پێی ڕاگەیاندووە، ڕێگەیەکەوە پەیوەندیی کردووە بە دەستبەسەرەکانی سوپای پاسدارانەوە، پێیان وتوون لە بەرامبەر ئازادکردنی هەر کەسێکیان بڕی یەک ملیۆن دۆلاریان دەوێت، بە واتای ٥٧ ملیۆن دۆلار.

سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، پێی وتووە باشە، بە هەرحاڵ ژیانی هەر ئێرانییەک یەکسان بە زیاتر لەو بڕە پارەیە.

ئەحمەدی نەژاد ئاشکرایکرد، داوای لە میری قەتەر کردووە پارەکەیان بۆ بدات، ئەوان دواتر بۆیان دەگێڕنەوە، بۆیە قەتەر پارەی دابینکردوو سەرجەم دەستبەسەرکراوەکانی سوپای پاسداران ئازاد کران.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەحمەدی نەژاد ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ڕوداوەکە وەزیری دەڕەوەی ڕەوانەی قەتەر کردووە و بڕی پارەکەشی بە چەکێکی ٥٧ ملیۆن دۆلاری پێدا ناردووە، بەڵام میری دەوڵەتی قەتەر چەکی پارەکەی قبوڵ نەکردووە، بە وەزیری دەرەوەی ئێرانی ڕاگەیاندووە، ئەو کارەی لە بەر براکانی بێ بەرامبەر کردووە، سڵاوی خۆشی ناردووەتەوە بۆی و جەختیشیکردووەتەوە، کارەکەی لە پێناو دۆستایەتی هەردوو گەلی ئێران و قەتەردا کردووە.

بە درێژای جەنگی ناوخۆیی سوریا، حکومەتی ئێران بە چەک و هێزی سەربازیی هاوکاری سوپای بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریای کردووە و توانی لە ڕوخان بیپارێزێت.

چاوەڕوانیش دەکرێت مەحمود ئەحمەدی نەژاد خۆی بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی وڵاتەکەی کاندید بکاتەوە، کە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا بەڕێوە بچێت، بەڵام لە لایەن لیژنەی پاراستنی دەستورەوە رەتکراوەتەوە، پێشتریش لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٧دا بە هەمان شێوە خۆکاندیدکردنەوەی نەژاد رەتکرایەوە.

 



ڕیکلام