واشنتن و لەندەن رەتیانکردەوە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانیانیان لەگەڵ تاران کردبێت

  2021-05-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و بەریتانیا رەتیانکردەوە لەم ڕۆژانەدا وڵاتەکانیان رێککەوتنیان لەسەر ئاڵوگۆڕی زیندانیان لەگەڵ ئێران کردبێت.

لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە لەندەن، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و دۆمێنێک رۆب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایانگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە رێكکەوتنی واشنتن و لەندەن لەگەڵ تاران دەکەن بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانیان دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە.

سەرەڕای ئەوەش وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و بەریتانیا نەیانشاردەوە کە ئازادکردنی هاوڵاتییەکانیان کە لە زیندانەکانی ئێران دەستبەسەرکراون، لەو ئەولەویەتی کارە دیپلۆماتییەکانیاندایە.

چەند رۆژ پێش ئێستا کەناڵی مەیادینی لوبنان لەزاری چەند بەرپرسێکی ئێران بڵاویکردەوە، واشنتن رەزامەندی دەربڕیوە چوار زیندانیی ئێرانی کە بەتۆمەتی دەوردانەوەی گەمارۆکان لە گرتوخانەکانی ئەمریکا دەستبەسەر کراون، ئازاد بکات .

ئاماژەی بەوەشکردبوو، هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریداوە بڕی ٧ ملیار دۆلار لە پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران ئازاد بکات .

ئەوەشی خستبووەڕوو کە لە بەرامبەردا، تاران رەزامەندی دەربڕیوە، چوار هاوڵاتی بەڕەچەڵەک ئەمریکی کە بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگا هەوڵگرییەکانی ئەمریکا لە زیندانەکانی ئێران دەستبەسەرکراون، ئازاد بکات.

ئەنتۆنی بلینکن کە پاش وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیدارەی جۆ بایدن بۆ یەکەم جار سەردانی بەریتانیای کردووە، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا بەریتانییەکەی رایگەیاند، ئەو راپۆرتانە دەقیق و ورد نین.

بەڵام هاوکات ئاماژەی بەوەکرد کە گەڕاندنەوەی هەموو ئەو هاوڵاتییانەی لەدەرەوەی ئەمریکا زیندانیکراون، لە ترۆپکی کارەکانیاندایە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند، دەبێت بەشێوەیەی جددی دژی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانیان لە ئێران کە بە ئامانجی سیاسی و یەکلایەنە ئەنجام دەدرێت، هەڵوێست وەرگرن.

هاوکات دۆمێنێک رۆب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، بۆریس جۆنس سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی هاوڵاتییەکانیان لە زیندانەکانی ئێران ئازاد بکات.

دووپاتیشیکردەوە، ئەرکی ئێرانە، سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی و تاکلایەنە زیندانی کردوون، ئازادیان بکات.

تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران هیچ کاردانەوەیەکیان بۆ ئەم لێدوانانەی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و بەریتانیا نەبووە.



ڕیکلام