ڕۆژنامەنووسێکی هۆڵەندی بەناوی فریدریک گریدریک رایگەیاند، “ئەمڕۆ لەگەڵ 20 کەسی دیکە لە فڕۆکەخانەی هەولێر ڕێگریمان لێکرا و بڕیارە بمانگەڕێننەوە".
ئەمڕۆ شەممە، فریدریک گریدریک رۆژنامەنووسی هۆڵەندی لەکاتێکدا سەردانی هەولێری کردووە بەڵام بە وتەی خۆی لە فڕۆکەخانە رێگری لێکراوە و دەشڵیت بڕیارە بینێرنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی.
فریدریک گریدریک لە چەند تویتێکدا باسی لەرێگریکردنەکەی دەکات و تویتێکیشدا دەڵێت، "پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) دەستی بەسەر هەرێمی کوردستاندا گرتووە و بە بەرپرسەکانی فڕۆکەخانەشم وتوە کە پێویستە وێنەی ئەردۆغان لەپاڵ وێنەی بارزانیدا دابنێن".
لەتویتێکی دیکەشدا ئاماژەی بەوەکردووە، "هیچیان بە ئێمە نەوتووە کە بۆچی لە فڕۆکەخانە ڕاگیراوین، من و زیاتر لە 20 کەسی دیکە لە فڕۆکەخانە دەستبەسەر کراوین، و لە ماوەیەکی نزیکدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی ئەو ڕێگرییە دەکەین".
هاوکات، هەر ئەمڕۆش 27 کەسی دیکەش كە بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی ئاشتی و دژی شەڕ بەنیازی سەردانیکردنی شاری هەولێرچووبونە فڕۆکەخانەی دۆسلدۆرف لە ئەڵمانیا، لە فڕۆكەخانە لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە ڕێگریی لێدەكرێت و لە ئێستادا دەستبەسەرکراون.
ماوەیەکە گرژییەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا لەلایەک و پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی لەلایەکی دیکەوە هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە، هەر لەبارەی شەهیدبوونی پێنج پیشمەرگەشەوە مەسعوود بارزانی لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، "بکەرانی ئەو کارە بەسزای توندی خۆیان دەگەن".