لە ئەنجامی شەڕی نێوان دوو بنەماڵە لە قەزای پشدەر، شەش کەس برینداربوون و لەسەر رووداوەکەش دوو کەس دەستگیرکراون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر 6:00 ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ناحیەی سەنگەسەر سەر بە قەزای پشدەر (قەڵادزێ)، شەڕێک لەنێوان دوو دراوسێ ڕوویداوە و بەو هۆیەشەوە شەش کەس برینداربوون.
ئاشکراشیکردووە، لە یەکێک لە لایەنی شەڕەکە، باوکێک و دوو کوڕی و کچێکی بریندارن و باوک و کچەکەش بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە بەڕێکران بۆ ڕانیە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دوایی ڕووداوەکە دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش گەیشتونەتە شوێنی ڕووداوەکە و پاش گەیشتنی بریندارەکان دەرکەوت کە شوێنەواری چەقۆ بەسەر جەستەی چوار بریندارەکەوە هەیە، کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاندووە، تائێستا هۆکاری ڕووداوەکە نەزانراوە و لە ئێستاشدا هێزەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کردووە و بارودۆخەکەش لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانمان دایە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر ڕووداوەکە دوو کەس لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەنگەسەر دەستبەسەرن کراون، لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە .