جۆ بایدن: دانوستان لەگەڵ ئێران قورس دەبێت

  2020-12-04  | 
جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا
ئەرشیڤ
واشنتن
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی قورس دەبێت، بەڵام بۆ ئەو کارە پێویستە واشنتن یارمەتی لە ئەوروپا وەربگرێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، "پاش دەستبەکاربوونم یەک هەنگاوم هەوڵدان دەبێت بۆ رێکخستنەوە و زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەروروپا و وڵاتانی دەورووبەری زەریای هێمن، بەشێک لەو هەوڵانەش ئەوە دەبێت کە ئەوروپا لە خۆمان نزیکتر بکەیەنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی نزیکیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی نادیموکراتیک، واشنتن بەکردار لە ئەوروپا دوور کەوتووەتەوە.

لەو وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە تیرۆرکردنی موحسن فەخریزادە زانای ئەتۆمیی ئێران و کاریگەری ئەو تیرۆرە لەسەر بەربەست دروستکردن لەبەردەم هەوڵەکانیان بۆ دووبارە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ناو رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1، جۆ بایدن رایگەیاند، "بەڕوونی بڵێم کە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ئێران زۆر قورس بووە، تاوەکو ئێستا لەگەڵ زیاتر لە ٢٠ وڵاتی دۆست و ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ قسەم کردووە و بە ئاشکراش ئەوەم پێڕاگەیاندوون".

وتیشی، "بەپێی یاسا لەئێستادا کەسێک سەرکردایەتی ئەمریکا دەکات و من ناتوانم سیاست دابڕێژم و دەست لەکاروباری وەربدەم".

بایدن راشیگەیاند، "بەڵام لە کۆتاییدا نابێ رێگە بە ئێران بدەین دەستی بە چەکی ئەتۆمیی بگات".

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رەخنەی لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەپ سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران گرت و رایگەیاند، "بینیتان کە سیاسەتی ترەمپ چ زیانێکی هەبوو، لە رێککەوتنەکە کێشایەوە بە ئامانجی رێککەوتنی باشتر، بەڵام ئاکامەکەی چی بوو؟".

جۆ بایدن جەختی لەوەشکردەوە، نەک تەنها سەبارەت بە ئێران، بەڵکو بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی دیکەش لەوانە روسیا و چین، ئەمریکا دەبێت بەشێک بێت لە هاوپەیمانیەتییەکی گەورە و کاریگەری خۆی هەبێت.