سوپای ئەمریکا چەندین فڕۆکەی B-52ی ڕەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو دەنگۆی تاوتوێکردنی پلانی هێرشکردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، لە میدیای ئەمریکا بڵاوکرایەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، چەند فڕۆکەیەکی جەنگییان لە جۆری B-52 رەوانەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، " فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانیەتی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە مەبەستی رێگەگرتن لە توندوتیژی و رەفتاری شەڕانگێزانە، توانای راگواستنی خێرای هێزەکانی هەیە بۆ ناوەوە و دەرەوەی ناوچەکە".
ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەو جۆرە ئەرکانە توانای سوپای ئەمریکا بۆ جێگیرکردنی هێزە ئاسمانییەکانی لە هەر شوێنێکی جیهان لە ماوەیەکی کەمدا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، پیشاندەدات".
لەو بارەیەشەوە، جەنەڕاڵ گێرک گیلۆت فەرماندە لە هێزی ئاسمانی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو ئەرکە توانا و ئامادەیی هێزە هاوبەشەکان بەرزدەکاتەوە.
بەپێی هەندێک لە راپۆرتەکان، دوو بۆمبهاوێژی B-52 لە داکوتای باکور بەبێ راوەستان رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراون.
بۆمبهاوێژی B-52 بە یەکێک لە فڕۆکە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا دادەندرێت و توانای هەڵگرتنی 70 تۆن چەک و تەقەمەنی هەیە، هەروەها زیاتر لە هەشت هەزار و 800 میل دەبڕێت بێ ئەوەی پێویستی بە سووتەمەنی هەبێت.
چالاکیی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا زیاتر لە سنورەکانی میسر و وڵاتانی ناوەندی کیشوەری ئاسیا خۆی دەبینێتەوە بەڵام لە ساڵی ٢٠٠١ بەملاوە، بەهۆی شەڕ و پێکدادنەکان، وڵاتانی عێراق و سوریا و ئەفغانستان ناوەندیی چالاکییەکانی ئەو هێزە بووە.
ئەم بڕیارەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بڵاویکردبووەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوتوێی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە، بەڵام چەند راوێژکار و بەرپرسی باڵای کۆشکی سپی لە بڕیارەکەی پاشگەزیانکردووەتەوە و هۆشداریان داوە لەوەی کە ئەو بڕیارە، لە هەفتەکانی کۆتایی سەرۆکایەتییەکەی، دەبێتەهۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە.
هاوکات کریستۆفەر میللەر وەزیری بەرگری ئەمریکا بەوەکالەت ئاشکرایکرد، بڕیاریانداوە بە کەمکردنەوەی هێزەکانیان لە عێراق و ئەفغانستان و پێش کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، 2000 سەرباز لە ئەفغانستان و 500 سەربازیش لە عێراق دەکشێنینەوە.
بە وتەی وەزیری بەرگری ئەمریکا بەوەکالەت، بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکانیان، تا ١٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ بەتەواوەتی جێبەجێ دەکرێت.