سەرۆکی هەرێم دەستپێشخەری کردووە بۆ کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی

  2021-02-26  | 
سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکایەتی هەرێم دەستپێشخەری کردووە بۆ کۆبوونەوەی نیوان یەکێتی و پارتی بەئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.

لەمیانی بەشداریکردنی لە پرسەی باوکی مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم لە سلێمانی، نەوزاد هادی راوێژکاری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، وەک هەمیشە و بەردەوام سەرۆکی هەرێم دەستپێشخەری کردووە بۆ کۆبوونەوەی نیوان یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنەکان، بەئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان و تێپەڕاندی ئەم دۆخەی ئێستا کە بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووە.

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیاندا سەبارەت بەوەی، ئایا تاوەکو ئێستا بۆیان روونبووەتەوە کە چ گروپ و لایەنێک هێرشەکەی سەر هەولێری ئەنجامداوە، راوێژکاری سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، ئەو بابەتە لای حکومەتی هەرێمە و ئەوان ئاگاداری ئەو پرسەن.

شەوی ١٥ لەسەر ١٦ی ئەم مانگە چەند موشەکێک ئاڕاستەی شاری هەولێر کران و بەهۆیەوە 2 کەس گیانیان لەدەستدا و 7 کەسی دیکەش برینداربوون، پاش چەند کاتژمێرێک لە رووداوەکە، گروپێک بەناوی "سرایا أولیا‌‌ء الدم" بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و بانگەشەی ئەوەیکرد کە، ئەو موشەكانەی بەر ناوچە جیاوازەكان كەوتوون موشەكی ئەمریكی بوون، لە كاتێكدا ویستویانە رێگری لە هێرشەكەیان بكەن.

رۆژی رابردووش، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە هێرشە موشەکیکەی سەر هەولێر ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە و زانیاریان هەیە کێ هێرشەکەی ئەنجامداوە.




ڕیکلام