بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە کازمی سەردانی ناسریە دەکات

  2021-02-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حسین عەلاوی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەن نزیکانە مستەفا کازمی سەردانی شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار دەکات، کە ماوەی هەفتەیەکە خۆپیشاندان و نارەزای فراوان بەخۆیەوە دەبینێتز

عەلاوی لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، حکومەت شکستی نەهێناوە لە چارەسەرکردنی قەیرانی ناسریەدا، ئەو هەواڵانەش دوورن لە ڕاستییەوە کە باس لەوە دەکەن گوایە گروپێکی دیاریکراو کۆنترۆڵی بڕیارەکانی حکومەتی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە فەرمانی سەرۆک وەزیران توندوتیژی و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران قەدەغە کراو و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی سزا دەکرێنەوەز

ڕوونیشیکردەوە، لایەن هەیە هەڵسوکەوتی دوژمنکارانە لە دژی خۆپیشاندەرانی ناسریە نیشان دەدات.

سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی کازمی بۆ شاری ناسریە لە کاتێکدایە، نزیکەی هەفتەیەکە لەو شارە خۆپیشاندانی فراوان لە دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و شکستی حکومەتی خۆجێیەتی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی شارەکە بەڕێوە دەچێت.

لەو ماوەیەدا خۆپیشاندەرێک کوژراوە و زیاتر لە ١٠٠ کەسیشی بریندار بوون، کە ژمارەیەکیان لە هێزە ئەمنییەکانن.

ئەمڕۆش عەبدولغەنی ئەسەدی پارێزگاری کاتی پارێزگاری زیقار لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنی تایبەتدا چەند بڕیارێکی دەرکرد بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی پارێزگاکە .

ئەسەدی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەرک و ئامانجی کارکردنە لەسەر هێورکردنەوەی دۆخی شاری ناسریە و پارێزگاریکردن لە گیانی لاوانی شارەکە.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو لەژێر فشاری خۆپیشاندەران و دوای چەند رۆژ لە ڕووبەڕووبوونەوەی خوێناوی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانی پارێزگاکە، نازم حەمید وائیلی پارێزگاری زیقار دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە کازمی کرد .

بە فەرمانی مستەفا کازمیش سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەبدولغەنی ئەسەدی فەرماندەی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی کراوەتە پارێزگاری زیقار  و ئەرکی لیکۆڵینەوەی لە دۆسیە توندوتیژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی پارێزگاکەی پێ سپاردووە .



ڕیکلام