سۆرانی  |  بادینی  |  English      

ئەمریكا لەگەڵ هاتنی پاپا بۆ عێراق هۆشداری لە هێرشی گروپە چەكدارەكان دەدات

  2021-03-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەگەڵ هاتنی پاپا بۆ عێراق هۆشداری دەدات بە هاوڵاتیانی ئەمریكی لە عێراق رایدەگەیەنێت ئەگەری هێرشی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران هەیە.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لەگەڵ هاتنی پاپا بۆ عێراق هۆشداری دەدات بە هاوڵاتیانی خۆی لە عێراق و دەڵێت ئەگەری هێرشی گروپە توندڕەكانی نزیك لە ئێران هەیە. 

باڵیۆزخانەكە لە ئاگاداریەكدا رایگەیاندووە گروپە توندڕەوەكانی نزیك لە ئێران ڕەنگە هێرش بكەنە سەر ئەو ناوچانەی ئاهەنگیان تێدایە یان قەرەباڵعیان تێدایە. 

ئەو باڵیۆزخانەیە ئاشكراشیكردووە، فڕۆكەخانەكان، شوێنە گەشتیارییەكان، هۆبەی گواستنەوە، بازاڕەكان و دامەزراوە خۆجێیەكانی حكومەت ئەگەری هێرشكردنە سەریان هەیە. 

ئەو داوای ئەوەشی كردووە هاوڵاتیانی ئەمریكی لە عێراق زیاتر بە ئاگابن و  لە شوێنە قەرەباڵغەكان و شوێنەكانی ئاهەنگ خۆیان دووربخەنەوە. 

ئەوەش دوای ئەوە دێت نیوەڕۆی ئەمڕۆ پاپافرانسیس، بەسەردانێكی سێ رۆژە رووی لە عێراق كردووە و بڕیارە بەیانی رۆژی دووشەممە بگەڕێتەوە. 

بە گوێرەی كارنامەكەی پاپا كە پێشتر بڵاوكرایەوە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە شاری هەولێر مەراسیمێكی ئاینی بۆ مەسیحیەكان ئەنجامدەدات كە بڕیارە ژمارەیەكی زۆری مەسیحیەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق تیادا بەشداری بكەن. 

ئێوارەی دونێش پاپا لە تویتێكدا رایگەیاند: ماوەیەكی زۆرە ویستومە سەردانی عێراق بكەم چونكە هاوڵاتیەكانی ئازاری زۆریان بینیوە، داواتان لێ دەكەم لە نوێژەكانتاندا دوعای سەركەوتن بۆ گەشتەكەم بكەن.