سۆرانی  |  بادینی  |  English      

رۆژی دووشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

  2021-03-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا رۆژی دوو شەممە كۆببێتەوە و بەگوێرەی كارنامەكە خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان دەكرێت.

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە دوویی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم راگەیاند و دەڵێت، لەكاتژمێر (11)ی پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 8ی ئازار ئەنجامدەدرێت. 

بەگوێرەی ئەو بەرنامەی كارەی بڵاویكردووەتەوە تەوەری یەكەمی دانیشتنەكە تایبەت دەبێت بە "خستنەڕووی ڕاوبۆچوونی پەرلەمانتاران سەبارەت بەڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمان لەساڵی 1991". 

پەرلەمان لە تەوەری دووەمی دانیشتنەكەدا "خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لەهەرێمی كوردستان-عێراق)، بەپێی حوكمی ماددەكانی (87، 88، 89) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان" دەكات.

رۆژی یەكی ئەم مانگە بەسەرۆكایەتیی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ژمارە (1)ی ئاسایی ‌خولی بەهارەی ساڵی سێیەم لەخولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو. 

لە دانیشتنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كردنەوەی خولی بەهارەی پەرلەمان ئەنجامدرا و وتەی سەرۆكی فراكسیۆنەكانیش بۆ ئەو خەڵە پێشكەش كرا شوێنگرەوەی ئومێدخۆشناویش لە پەرلەمان سوێندی یاسایی خوارد.