سۆرانی  |  بادینی  |  English      

وەزارەتی ناوخۆ بە فەرمی قەدەغەی هاتوچۆی لە شەودا ڕاگەیاند

  2021-04-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەفەرمی بڕیاریدا لە کاتژمێر هەشتی شەو بۆ شەشی بەیانی هاتوچۆ قەدەغە بکرێت و بڕیارەکەش لە سبەینێوە هەتا ڕۆژی 12ی ئەم مانگە کاری پێدەکرێت .

وەزارەتی ناوخۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر پێشنیازی وەزارەتی تەندروستی و بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی تووشبوان و زۆربوونی گیانلەدەستدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی هاتووچۆی ئوتۆمبێل و پیادە لە تەواوی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان  لە ٨ی شەو تا ٦ی بەیانی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەدەر لەو بڕیارەی سەرەوە ڕێگە دەدرێت بە هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی ئاژانس و ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانان و دیپلۆماتکاران و ئۆتۆمبیڵی هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت و کۆمپانیاکانی پەیوەندییەکان و ئۆتۆمبێلی ئەمبولاتی و ڕۆژنامەوانان و ئەوانەی لە ئەرکی فەرمیدان.

هەروەها دەرمانحانە ئیشکگرەکان بە کراوەیی دەمێننەوە.

 لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئاڵۆگۆڕی بازرگانی بەردەوام دەبێت لە نێوان پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم لەگەڵ پارێزگاکانی عێراق.

ڕوونیشیکردووەتەوە، پێویستە ژووری ئۆپراسیۆنەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و گشت یەکە کارگێڕیەکانی تر ئەم بەیاننامەیە جێبەجێ بکەن.

بەیاننامەکە لە 8/4/2021 کاتژمێر ٨ی شەو تا 12/4/2021  کاتژمێر ٨ی شەو جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.