گوندێک لە ئامێدی کەرەنتین کرا

  2021-04-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهوی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، گوندی داوودیە لە سنوری قەزای ئامیدی سەربە پارێزگای دهۆک کەرەنتین کرا.

شاکر عەبدولعەزیز بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای ئامێدی بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، چەند رۆژ پێش ئێستا ئاگادارکراینەوە لەوەی کە چەندین حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنای نوێ لە گوندی داوودیەی سەربە ناحیەی بامەڕنی تۆمارکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی٤ی٢٠٢١، بەبڕیاری بەڕێوەبەرایەتی پارێزگای دهۆک پشکنین بۆ دانیشتووانی گوندی داوودیە کراوە و بڕیاردراوە گوندەکە کەرەنتین بکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، پاش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە هەرێمی کوردستان، ٦٠ کەس لە گوندی داوودیە تووشی ڤایرۆسە نوێیەکە بوون و دوو کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە، بۆیە ئەمڕۆ بڕیاردراوە گوندەکە کەرەنتین بکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان، بڕیاردراوە بۆ ماوەی دوو هەفتە گوندی داوودیە کەرەنتین بکرێت و لەو ماوەیەشدا لەژێر چاودێری تیمەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەبێت.



ڕیکلام