لە سێ مانگدا 200 کەس لە عەفرین ڕفێندراون و 20 کەسیش کوژراون

  2021-04-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند، لە ماوەی سێ مانگدا لە عەفرین ٢٠٠ کەس رفێندراون و ٢٠ کەسیش کوژراون.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوارنیوز، جبرایل مستەفا ئەندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین- سوریا، رایگەیاندووە، "زۆرێک لە ناوەند و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، دوای بینینی دۆخی سوریا، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا و گروپەکانی نزیک لەو وڵاتە لە عەفرین گەیشتووەتە ئاستی تاوانی شەڕ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، بەڵام بە داخەوە ئەو تاوانانە بەردەوامە و تادێت زیاتر دەبێت و ئاستی تاوانی شەڕیشیان تێپەڕاندووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها لە سێ مانگی دەستپێکی ئەمساڵدا، زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە عەفرین ڕفێندراون کە ٢٥ کەسیان ژن و منداڵن، هەر لەم ماوەیەشدا ٢٠ ڕووداوی کوشتن ڕوویانداوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر لەو ماوەیەدا، زیاتر لە سێ هەزار و ٢٠٠ درەختی زەیتون لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئەنکەرە، بڕدراونەتەوە و جگە لەوەش دەستیان گرتووە بە سەر ١١ هەزار چڵ زەیتون لە ناوچەکانی بلبلێ، ڕاجۆ، شەرا و گوندی مەیدانکێ.

دەشڵێت، دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی، هەوڵدەدەن لە ڕێگەی دروستکردنی بنکەی سەربازییەوە، دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕن.

ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین- سوریا، ئاماژە بەوەشدەکات، سەرەڕای هەموو بەڵگەکان، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارییەکانی نزیک لەو وڵاتە، "تیرۆری ئەمنی" دەسەپێنن، هاوڵاتیان ناتوانن باسی تاوانەکان بکەن و ئەم بابەتانە تەنیا ٢٠٪ی ئەو تاوانانەیە کە لەو ناوچەیە ڕوودەدەن.

جبرایل مستەفا داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە کە دەستێوەردان بکەن و ئەم تاوانانە ڕابگرن، چونکە بە وتەی ناوبراو، دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی، شاری عەفرینیان کردووەتە ناوەندی پەروەدەکردن و ناردنی تیرۆریستان، داواشی کرد کە کۆمیتەیەکی بێ لایەن دروست بکرێت تا تاوانەکانی حکومەتی تورکیا لەدژی هاوڵاتیانی عەفرین تۆماربکات، چونکە ئەو تاوانانەی لە عەفرین ئەنجامدەدرێت، ئاستی تاوانی شەڕی تێپەڕاندووە.



ڕیکلام