لە ئێران سوپا فەرمانڕەوایی دەکات؛ تۆمارە دەنگییەکەی جەواد زەریف

  2021-04-26  | 
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تۆمارێکی دەنگی دزەیپێکراو گەیشتووەتە دەست میدیاکان کە نهێنی و بیر و ڕای جیاوازی دوو سەرکردەی کاریگەری ئێران، قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاشکرا دەکات و کاردانەوەیەکی زۆری لەنێو میدیاکانی ئێراندا لێکەوتووەتەوە .

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆمارێکی دەنگی سێ کاتژمێریدا کە باس لە مێژووی کاری ئیدارەی رژێمی ئێستای ئێران دەکات دەڵێت "لە کۆماری ئیسلامیدا، سوپا فەرمانڕەوایی دەکات ."

لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەردەکەوێت، وەزیری دەرەوەی ئێران، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بەوە تۆمەتبار دەکات کە گوێی بە ئامۆژگارییەکان نەداوە و چەندین بڕیاری حکومەتی ئێرانی جێبەجێنەکردووە و پشتگوێیخستوون و ئەمەش بووەتەهۆی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی تاران .

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا دەڵێت، بەگوێرەی تۆمارە دەنگییەکە فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران چەندین جار داواکارییەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران بە بێ بایەخ سەیرکردوون گرنگی پێنەداون .

زەریف دەڵێت، بەکارکردنی لەگەڵ رووسیادا، قاسم سولەیمانی زیانی بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکان گەیاندووە و سیاسەتەکانی لەبارەی جەنگی چەند ساڵەی سوریا بەرژەوەندییەکانی ئێرانی "وێران کردووە ."

دەشڵێت: "من دیپلۆماسیم کرد بە قوربانی بۆ سوپا لەجیاتی ئەوەی سوپا خزمەتی دیپلۆماسی بکات ."

زەریف ئەم قسانەی لە مانگی سێ دا بۆ ئابووریناسێک بە ناوی سەعید لەیلاز کردووە و مەبەست لێی بڵاوکردنەوە نەبووە بەڵام کۆپیەک لە تۆمارەکە گەیشتووەتە دەست کەناڵی هەواڵی ئێران ئینتەرناشناڵ کە بارەگاکەی لە لەندەنە .

لە قسەکانیدا دەڵێت: ئەرکەکەی وەک وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران "زۆر قورسە،" زۆربەی بڕیارەکان لەلایەن رێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵڵا خامنەیی و سوپای پاسدارانەوە دەردەکرێن .

لە درێژەی قسەکانیدا، زەریف بۆ ئابوریناسەکە دەڵێت: کوشتنی قاسم سولەیمانی لێدانێکی زۆر روخێنەری ئێران بوو لەلایەن ئەمریکاوە، لێدانێک کاریگەرتر لەوەی کە ئەگەر هێرشێکی ئەمریکا شارێکی ئێرانی لەبن بهێنایە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران راستی و دروستی تۆمارەدەنگییەکەی رەتنەکردووەتەوە، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتەکە لەوبارەیەوە رایگەیاند، دزەپێکردنی تۆمارەدەنگییەکە "نائەخلاقی سیاسییە" و وتەکانی جەواد زەریف رەنگدانەوەی تەواوی رێز و خۆشەویستی ئەو نییە بۆ قاسم سولەیمانی .



ڕیکلام