میدیا ئێرانییەکان محەمەد جەواد زەریف بە "نامەرد" ناودەبەن

  2021-04-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەسەن رۆحانی، سەرۆکی ئێران، داوای بەدواداچون بۆ دزەپێکردنی رۆمارە دەنگییەکەی جەواد زەریف دەکات دوای ئەوەی کاردانەوەیەکی زۆری لەو وڵاتە لێکەوتەوە

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا عەلی رەبیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران لەسەر تۆمارە دەنگییەکە وتی، "پێمان وایە دزەپێکردنی ئەو تۆمارانە پلانێکە دژی حکومەت و سیاسەتی ئێران، هەروەها زیانبەخشە بۆ بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانمان."

رەبیعی لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە دەستکراوە بە دەستنیشانکردنی ناسنامەی ئەوانەی گرتەدەنگییەکەیان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەشی بەوە کرد هۆکاری بڵاوکردنەوەی تۆمارەکە دیارەوە ئاشکرایە".

لێدوانەکەی وتەبێژی حکومەت لە کاتێکدایە میدیا ئێرانیەکان بە توندی هێرش دەکەنە سەر زەریفی. رۆژنامەی ژەیهانی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە کە ئەگەر هاتوو بیرکردنەوەکانی جەواد زەریفی دەربارەی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، قاسم سولەیمانی راست بێت، دەریدەخات کە زەریفی خیانەتی لەو متمانەیە کردووە کە پێی دراوە و ئەمەش تاوانێکی کەم نییە.

لە لایەکی دیکە رۆژنامەی وەتەن ئەمروز وێنەی جەواد زەریفی لە لاپەڕەی یەکەمی داناوە و بە "نامەرد" ناوی بردووە. هەندێک میدیای دیکە هەوڵی خراپنەکردنی دۆخەکەیان داوە و باسیان لەوە کردووە بڵاوبوونەوەی قسەکانی زەریفی لەم کاتەدا دەستێکی تێکدەری لەپشتە و پێویستە رێگەنەدرێت زیان بە یەکریزی نیشتیمانی بگەیەنێت



ڕیکلام