کونسوڵخانەی فەڕەنسا لە هەولێر: بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە پەسەندکردنی سزای زیندانیکراوانی بادینان

  2021-05-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کونسوڵخانەی فەڕەنسا لە هەولێر رایگەیاند، نیگەرانی ئاشکرای خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ تۆمەتبارکردنی پەیوەندی رۆژنامەگەری و کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و کونسوڵخانەکان لە هەرێمی کوردستان.

بڕیارەکەى دادگاى هەولێر بۆ سەپاندنى سزا بەسەر پێنج لە ڕاگیراوانى بادیناندا کاردانەى نێودەڵەتى زیاتری لێدەکەوێتەوە و کونسوڵخانەی فەڕەنساش لە هەولێر لە بەیاننامەیەکدا رایدەگەیەنێت، "بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە پەسەندکردنی سزای زیندانیکراوانی بادینان".

دەشڵێت: ئەوەی بە گەلی کوردستانەوە گرێمان دەدات چەند پرەنسیپێکە، لەوانەش ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین و خۆپیشاندان.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لەبارەی تۆمەتبارکردنی کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان.

ئەوەش دواى ئەوەدێت، سەرۆکایەتى دادگاى پێداچونەوەى دەستەیى سزایى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، پەسەندکردنی بڕیاری سزادانی چالاکوان و رۆژنامەنووسانی بادینانی بڵاوکردەوە.

دادگاى تەمیز بڕیارى 6 ساڵ زیندانیکردنى بۆ 5 لە دەستگیرکراوەکانى بادینان پەسەند کردووە، ئەو بڕیارەى دادگا کاردانەوەى جیاوازى لێکەوتەوە، پێشتریش مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای تەمیز بۆ پەسەندکردنی سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج چالاکوان و رۆژنامەنووسەکەی بادینان بڵاوکردەوە و دەڵێت: پێشهاتێكی له‌مجۆره‌، مەترسییەکی گەورەیه‌ لەسەر سەروەری دادگاکان، بنەماکانی مافی مرۆڤ، دیموکراسی و ئازادیی راده‌ربڕین له‌ناو هه‌رێم، و وێنای ھەرێمی کوردستانیش لەبەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت.

داواش دەکات، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی یاسایی خۆی بەکاربێنێ و لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوەکان دەربکات، هاوكات پەرلەمانی کوردستانیش ھەڵوەستەی جددی بکات لەسەر کەیسەکە و سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ ده‌ستێوه‌ردانی ‌یه‌كتری بپارێزێت.

ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەر کراون و لە ١٦ی٢ی٢٠٢١ دادگاییکردنی بەشێک لە گیراوەکان لە دادگای ژمارەی ٢ی کەتنی هەولێر بەڕێوەچوو و دادگا هەر یەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بە شەش ساڵ زیندانیی سزادا.

ئەو بڕیارە کاردانەوەی ناوخو و دەرەوی هەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤی لێکەوەتەوە، بۆیە دواتر و لە ٤ی٣ی٢٠٢١ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی ئەو پێنج کەسەی بڵاوکردەوە و بە "تۆڕێکی سیخوڕ" ناویبردن.

دەقى بەیاننامەکەی کونسوڵخانەی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر:

کۆنسوڵخانەى گشتى فەرەنسا لە هەولێر، بەنیگەرانیەوە دەڕوانێتە بڕیارى پیداچونەوەى دۆسیەیى پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانى هەریمى کوردستان.

کۆنسوڵخانەى گشتى فەرەنسا ئەوە بەبیر دەهێنێتەوە کە ئەو دۆستایەتیەى بە گەلى کوردستانەوە گرێمان دەدات و ئەو هەماهەنگیەیى نێوان فەرەنسا و هەرێمى کوردستان لەسەر بناغەى بەهاى هاوبەش و پرەنسیپى هاوبەش پێداکراو دامەزراون، لە نێوانیشیاندا ئازادى ڕۆژنامەگەرى و ئازادى ڕادەربڕین و خۆپیشاندان پێگەیەکى تایبەتیان هەیە.

کۆنسوڵخانەى گشتى فەرەنسا، نیگەرانى ئاشکراى خۆى دەردەبڕێت بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ تۆمەتبارکردنى پەیوەندى ڕۆژنامەگەرى کۆمەڵگاى مەدەنى لەگەڵ نوێنەرایەتیە دیبلۆماسیەکان و کۆنسۆڵخانەکانى کراوە لە ناو هەرێمى کوردستان.



ڕیکلام